Erbil 15°C ھەینی 19 نیسان 20:07

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووری كرد

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ پێنجشەم مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانەکانیدا بۆ وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەت، سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووری کرد و لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لێ کرا.

دواتر سەرۆکی حکوومەت بە ئامادەبوونی وەزیر و بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی دارایی و ئابووری کرد.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی و ئابووری کورتەیەکی دەربارەی پەیکەر و بەشەکان و کاروچالاکی و پلان و پڕۆژەکانی وەزارەت و کارکردنیان لەچوارچێوەی هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەم پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا کە بەشێکی زۆری جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی لە ئەستۆی وەزارەتی دارایی و ئابوورییە کە بە هاوکاری و پشتیوانی بەهێزی سەرۆکی حکوومەت، توانیویانە لە هەردوو بواری کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات پێشکەوتن بەدەست بهێنن.

سەرۆکی حکوومەت لە وتەیەکدا باسی لەوە کرد کە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم بڕیارمان دا چاکسازی بکەین و دەستیشمان پێ کرد، بەڵام بەداخەوە بەهۆی تەشەنەکردنی کۆرۆنا و سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە سەرەتادا چاکسازییەکە بە شێوەیەکی خێرا نەبوو، بەڵام سەرەڕای قەیرانەکانیش، ئێمە نەوەستاین و بەردەوامبووین لە چاکسازی و بە هۆی ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ و کەمکردنەوەی خەرجی توانیمان سەربکەوین و ئیدارەی خۆمان بدەین، بە بێ ئەوەی پەنا بۆ قەرزکردن ببەین بۆ ئەوەی هیچ بەرپرسیارێتی و بارگرانییەک بۆ نەوەکانی داهاتوو دروست نەکەین.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستییەکانی حکوومەت کرد کە لە دوو سەد ملیۆن دۆلارەوە بووەتە حەفتا ملیۆن دۆلار،  کەمکردنەوەی ئەو 130 ملیۆن دۆلارەی خەرجی و گەڕاندنەوەی بۆ گەنجینەی گشتیش، نەبووەتە هۆی ئەوەی ڕاییکردنی کاروبارەکانی حکوومەت پەکی بکەوێت.

سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە داهاتیش لەم ماوەیە بەشێوەیەکی ڕێژەیی باشتربووە، بەڵام دەکرێ زۆر زیاتریش بێت لەچوارچێوەی کارنامەی حکوومەت بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و زیادکردنی داهاتی نانەوتی کە زۆر ڕێگە هەن بۆ زیادکردنی داهات، بەبێ ئەوەی هیچ بارگرانییەک لە سەر هاووڵاتییان دروست بکات.

سەرۆکی حکوومەت ڕوونی کردەوە کە کابینەی نۆیەم هیچ باجێکی نوێی نەسەپاندووە بەڵکو تەنیا یاساکانی باجی جێبەجێ کردووە کە پێشتر جێبەجێ نەکراون. جەختیشی لەوە کردەوە کە جێبەجێکردنی یاساکانی باج لە قازانجی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە، چونکە دەبێتە هۆی زیادبوونی داهات و داواجار لە خزمەتی هاووڵاتییان خەرج دەکرێت، بۆ نموونە مووچەی پێ دەدرێت و جووڵەی بازرگانی گەشە دەکات و هەل و دەرفەتی کار زیاتر دەبێت. 

لە تەوەرێکی دیکەدا، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە گرینگیی کاراکردن و چاکسازیکردن لە سیستمی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و خەرجی و داهاتەکانی حکوومەت کرد کە هەنگاوێکی گرینگە بۆ ڕوونی و شەفافییەت و کەمکردنەوەی ڕووتین و ڕێگریکرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.