Erbil 15°C چوارشەممە 24 نیسان 14:24

هونەرمەند سەید ڕەحیمی قوڕەیشی .. ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ى به‌ یه‌ک گۆرانى خۆى ناساندووه‌....!

لەیەكێك له‌ گەڕەكە دێرینەكانی شاری مەهاباد له‌دایك بووه‌
کوردستان TV
100%

یەكێك لە ناوچە گرینگ و دەوڵەمەندەكانی كوردستان لەباری فەرهەنگ وئەدەب و زمان و وهونەرەوە ناوچەی ( موكریان ) ە لەڕۆژهەڵاتی كوردستان بەتایبەت شاری ( مەهاباد ) كە بەسەرچاوەی لەدایك بوونی هونەرو ئاوازی كوردی لەوناوچەیەدا دەژمێردرێت .

ناوچەی موكریان كانگای شیعر و ئاوازو گۆرانی و فۆلكلۆری نەتەوەیمانە ، لەباری شیعر و وێژه‌وه‌، موكریان زێدی كەڵە شاعیرانی وەك ( وەفایی ،  هێمن ، هەژار ، هاشمی نانەوا زادە ،حەقیقی  و هێدی  و سواره‌ى ئیلخانی زادە  و ئاسۆ ... تاد ) كە هەموو ژیانیان بەخشی لەپێناو ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان و پاراستنی زمان و ئەدەبی كوردی  و لەهەمان كاتیشدا ئەم شاعیرانە كاریگەریان هەبووە لەسەر هونەرو میوزیك و گۆرانی لە ناوچەكە و تەواوی كوردستاندا بەگشتی .11

موكریان ئەو ناوچە فراوانە پڕاوپڕلە هونەرەیە كە بەدەیان هونەرمەندی خۆڕسكی تیادا هەڵكەوتووە ، لەناوەڕاستی سەدەی پێشوو چەندین هونەرمەندی دەنگخۆش و بەتوانا گەشەیان بە هونەری میوزیك و گۆرانی دا لەناوچەكەدا و ڕێگا پیرۆزەكەی هونەریان گرتەبەر و ڕۆشنتریان كرد، كەهەریه‌كەیان مێژوویەكی جوان  و باخێكی پڕ بەرهەمیان  به‌هونه‌رى موزیك و گۆرانى نەتەوەكەمان بەخشیوە ،  وەك ( حەسەن زیرەك ،

محەمەدی ماملێ‌ ، سەیدڕەحیمی قوڕەیشی ، خەلیلی صدیقی ، حەسەنی ماملێ‌ ، عەزیزی شارۆخ ، محەمەد دانش ، محەمەدی ناهید ، شمشاڵ ژەنی بەنێوبانگ ( قالە مەڕە ) ، شەهید جەمالی موفتی، تایەری خەلیلی ، ڕەشید خانی فەیز نەژاد ، میكایل  و مستەفا دادار , ..... تاد)

هەروەها لایەنێكی تری دەوڵەمەندی ئەم ناوچەیە ( موكریان ) بواری هونەری گۆرانی فۆلكلۆرە كە هونەرێكی دەوڵەمەند و سادە و بێ‌ خەوشی ناوچەكەبووە و چەندین گۆرانیبێژ و شایەری تیاداهەڵكەوتووە ، كەسەرتاپا  هونەریان لێباریوە ، ئەم گۆرانیبێژ و شایەرانەی ناوچەی موكریان نەلە خوێندنگەیەكی زانستی هونەری گۆرانیدا خوێندوویانە و نە كەسێكیش پەلی گرتوون و ڕێنوێنیان بكات ، بەڵكو زادەی سرووشت و جوانیەكانی ئەو ناوچەیەبوون وخۆڕسك بارهاتوون، هەروەك چۆن مامۆستا ( گۆران ) لە هۆنراوەی ( بۆ فریشتەی مۆسیقا ) بۆ ( دەروێش عەبدوڵا ) فه‌رموویه‌تى:

(نەحەرفی مەكتەبێكت خوێند            نە ئوستادێ‌ پەلی گرتی )

دەكرێت و زیاتر دەهێنێ‌  لەباری زانستی هونەرو میوزیك و گۆرانییەوە ناوچەی موكریان توێژینەوەی زیاتر و فراوانی لەسەر بكرێت چونكە ئەو ناوچەیە گەلێك دەوڵەمەندە، لەبواری ( بەیت ، لاوك ، قەتار و حەیران ) و بەسەرهات و قسەی نەستەق  و داستانە كوردییه‌كانه‌وه‌ ، مەبەستمە لێرەدا لەسەر كەسایەتیەكی بەهرەمەندی ئەو ناوچەیە كە خاوەنی چەندین بەهرەی هونەرییە و ساڵانێك خزمەتی بەفەرهەنگ و زمان و هونەری نەتەوەكەمان كردووە ، ئەم هونەرمەندە جیا  لەبەهرەی دەنگخۆشیەكەی لەزۆر بواردا ئەسپی خۆی تاوداوە و تەنها مەبەستی بووە لەو ڕێگایانەوە خزمەت بە نەتەوەكەی بكات .

(سەید ڕەحیمی قوڕەیشی  ) دەنگخۆش ، بێژەر ، نووسەر ، ئاوازدانەر ، شانۆكار، ئەم هونەرمەندە نەمرەی شاری مەهاباد ، لەیەكێك له‌ گەڕەكە دێرینەكانی شاری مەهاباد  بەناوی گەڕەكی ( پشقەڵا) لەساڵی ( 1309) ی هەتاوی  ( 1930) زاینی  بەدونیا هاتووە،ئەم كەسایەتیە نامۆ نیە وناوێكی ئاشناو ناسراوە لە ناوچەكەدا ولەناو هونەرمەندان و هۆگرانی هونەر بەتایبەت گوێگرانی ڕادیۆمەهاباد، چونكە بەرهەمەكانی هەمیشە وێردی سەرزار و لەناو دڵ و دەروونی خەڵكی مەهاباد و ناوچەكەدا بووە ، سەیدڕەحیمی قوڕەیشی وەك هەرمنداڵێكی هاوتەمەنی خۆیی چۆتە قوتابخانە، لە قوتابخانەی ( سەعادەت ) خوێندنی سەرەتایی تەواوكردووە  و هەرلەشاری مەهاباد درێژەی بە خوێندن داوە تاوەرگرتنی بڕوانامەی ( دبلۆم ) واتە ( ئامادەیی ) ، ئەم هونەرمەندە لەتەمەنی مێرد منداڵیدا  خولیاو ئارەزوویەكی بێ‌ وێنەی هەبووە بەرامبەر بە هونەر  بەتایبەت هونەری نواندن ( شانۆ ) ، لەتێڕوانینی سەید ڕەحیم بۆ ئەو هونەرە گەیشتۆتە ئەو ڕایەی كەلەو ڕێگەیەوە دەتوانێ‌ خزمەت بەگەلەكەی بكات ، حەزو ئارەزووی نواندن ڕۆژ بەڕۆژ لەناخیدا گەشەی كردووە وعەشقێكی بێ‌ وێنەی هەبووە بەرامبەر بەكاری نواندن ، هونەرمەند توانیویەتی كۆمەڵێك  بەرهەمی شانۆیی ( كۆمیدی و تراژیدی ) بنوسێت و نمایشی بكات و ڕۆڵی تیادا ببینێت وەك ئەكتەر، كارەكانی بریتی بوون لە ( باوەش ، عەدالەتی بەشەر ، باڵندەی شین ، خانووی ئەرواح ، ئاسمانی شین ، تەنیا خۆم و ئیش و نۆش  و .. تاد ). (*1)

دوای ئەوەی  سەیدڕەحیمی قوڕەیشی بەم كارە هونەرییانەی زیاتر خۆی دەناسێنێت ودەناسرێت لەنێو جەماوەردا ، هونەرمەند دەبێته‌  بەرپرسی كاری هونەری قوتابخانەكانی شاری مەهاباد  و درێژە بەو كارەی دەدات ، لەساڵی ( 1958) ڕادیۆیەك بۆ مەبەستی پەخشكردنی بەرنامەى كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و هونه‌رى و كلتوورییەكان له‌ شاری مەهاباد دادەمەزرێت ، له‌لایەن بەڕێوەبەرانی ڕادیۆى مەهاباد  بانگهێشتی هونەرمەند سەید ڕەحیمی قوڕەیشی دەكرێت بەمەبەستی هاوكاری كردن و ئەنجامدانی كارە هونەرییەكانی لەڕێگەی ئەو ڕادیۆیەوە ، داوای لێدەكەن وەك بێژەری هەواڵ ، كاری نمایشكردن و پێشكەشكردنی بەرنامەی كورتە چیرۆكى  تەنزو كۆمیدی ئاماده‌ بكات،  سەیدڕەحیمی قوڕەیشی  بەردەوام دەبێت لەكاركردن لەڕادیۆی مەهاباد  و لەگەڵ ئەنجامدانی  ئەو كارانە ، بەرنامەیەكی  هۆنراوەو موزیك بەناوی ( گوڵانی گەشی كوێستانی كوردستان ) زۆر بەسەركەوتوویی پێشكەش دەكات و دەبێتە جێگەی بەختەوەری و خۆشحاڵی گوێگرانی رادیۆی ناوبراو.

22

لەدرێژەی بەردەوام بوونی هونەرمەند و گەشەكردنی ڕادیۆی مەهاباد و كۆكردنەوەی گوێگرێكی زۆر لەدەوری ئەو ڕادیۆیە ، سەیدڕه‌حیمی قوڕەیشی زیاتر تێدەكۆشێت  و گەشە بە توانا هونەرییەكانی دەدات  تادەگاتە ئەو بیرو ڕایەی كە هونەرمەندی گۆرانیبێژ جیا لە هونەری گۆرانی گوتن و دەنگخۆشی پێویستە شارەزایی لەئامێرەكانی موزیك و دەزگا و گۆشە و نۆتەكانی میوزیكدا هەبێت بۆ ئەوەی زیاتر لەكارەكانیدا سەركەوتووتر بێت ،دوای ئەنجامدانی كاری نواندن و نوسینی كورتە چیرۆك و كاری بێژەری لەڕادیۆ ، هونەرمەند  هه‌ست ده‌كات كە دەنگی خۆشەو و تواناى گۆرانی گوتنیشی هەیە لەم بوارەشدا خۆی تاقی دەكاتەوە  بەدەنگە بەسۆزەكەی یەكەمین گۆرانی ئاوازی بۆدادەنێ‌ و دەیخوێنێ‌ ، گۆرانی ( ئافرەت و جوانی ) لە هۆنراوەی مامۆستا ( گۆران ) ، ئەم گۆرانیە زیاتر لەژێر ناوی ( بەئاسمانەوە ئەستێرەم دیوە ) ناسراوە  و لەئاوازی خۆی بووە ،سەیدڕەحیمی قوڕەیشی  زیاتر لە ( 20) گۆرانی خوێندووە كە (10) گۆرانیان لە ئاوازی خودی  هونەرمەند بووە (*2)

  بۆگۆرانییه‌كانى سوودی لە هۆنراوەی ئەم شاعیرانە وەرگرتووە و ئاوازی لەسەر داناون  وەك ( وەفایی ، گۆران و سوارەی ئیلخانی زادە ).

هەرچەندە گۆرانیەكانی ئەم هونەرمەندە لە ( 20) گۆرانی زیاترە بەڵام بەداخەوە لەباشووری كوردستان ( كوردستانی ئێراق ) تەنها یەك گۆرانی بڵاوبۆتەوە ئەویش گۆرانی :

( بەئاسمانەوە ئەستێرەم دیوە  لەباخچەی بەهار گوڵم چنیوە

شەونمی درەنگ لەڕووم پژاوە  لەزەردەی زۆركەل سەرنجم داوە )

 كەبەو تاكە گۆرانییە ئەم هونەرمەندە بلیمەتە ناسراوە و ئاوازەكەی و هۆنراوەكەی ئەوەندە خۆش و سەرنج ڕاكێشه‌ بۆتە شێوازێكی تایبەت بە سەیدڕەحیمی قوڕەیشی ، هەرچەندە ئەوە كاری من نیە ، كاری مامۆستایان و توێژەرەوانی موزیك و گۆرانییە  هەڵسەنگاندن لەسەر لایەنە هونەرییەكانی ئەم هونەرمەندە  بكەن .

11

بەهرەی هونەری  سەیدڕەحیمی قوڕەیشی  بەردەوام لەبرەو گه‌شانه‌وه‌دا ده‌بێت و ، بەسەدان چیرۆكی نوسیوە  و له‌نێوان ساڵى 1973 _1974 شەوانە لەڕێگەی ڕادیۆ مەهابادەوە به‌هاوكارى كۆمه‌ڵیك هونه‌رمه‌ند و به‌هره‌مه‌ند وه‌ك (په‌رته‌ویان ، ڕه‌حیمی ئیعزازی ، حوسێنی كه‌فاشیی ، به‌همه‌نی مه‌تلوب ، عه‌لی خزری ، حوسێنی ڕه‌هبه‌ر، حه‌سه‌ن شه‌ریفی ، ستاره‌ چیتیان و بیوك خانباغی ) چیرۆكى شه‌وى پێشكه‌ش كردووه‌ ، ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ بۆته‌  مایەی سەرنج و خۆش حاڵی گوێگرانى ڕادیۆ ،هونه‌رمه‌ند و پێشكه‌شكار(حسێنى ڕه‌هبه‌ر) سه‌باره‌ت به‌هونه‌رمه‌ند سه‌ید ڕه‌حیم و به‌ر‌نامه‌ى چیرۆكى شه‌و ده‌ڵێت  (  من هەرلەسەرەتای كرانەوەی رادیۆ و تلویزیۆنی مەهابادەوە دەستم بەكاری هونەری كردووە لەبەشی چیرۆكی شەو  وە لەبەشی مۆسیقا لەژێر چاوەدێری مامۆستای هەمیشە زیندووم كاك ( سەیدڕەحیمی قوڕەیشی ) وە لەماوەیەكی كورتدا توانیم ببمە كارمەندی ڕەسمی  ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی مەهاباد و درێژەبەكارەكانم بدەم) (*3) .

 هونه‌رمه‌ند  بەهۆی ئەوەی زمان زانێكی باش  و بێژەرێكی بەتوانا بووە چەند بەرنامەیەكی ئەنجام داوە یەكێك لەو بەرنامە هونەرییانە له‌ تەلەفزیۆنی شارى ورمێ تۆماركراوه‌ بۆ هونەرمەندو بلیمەتی نەمر ( حەسەن زیرەك )  هونه‌رمه‌ند سه‌یدڕه‌حیمى قوڕه‌یشى لەو بەرنامەیەدا  به‌ده‌نگى خۆشیی و ئه‌دایه‌كى جوان ڕۆڵى پێشكه‌شكارێكى به‌تواناى نه‌خشاندووه‌، هونه‌رمه‌ند حەسەن زیرەك  له‌و به‌رنامه‌یه‌ (3) گۆرانی خوێندووە بەناوی ( ئەمان دكتۆر ، یاڵڵا شۆفێر و كه‌تانه‌ ) مێژووی تۆماركردنی ئەو سێ گۆرانییە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ( 1348 _ 1349 ) ی هەتاوی واتە ( 1969 _1970) ی زایینی ئەو بەرهەمە تۆماركراوانەی حەسەن زیرەك دەنگ و ڕەنگن  و ئێستاش وەك ئەرشیڤ ماون و له‌كه‌ناڵه‌كانى ڕاگه‌یاندنه‌وه‌په‌خش ده‌كرێن.

44

سەیدڕەحیمی قوڕەیشی بەهاوكاری ناوەندی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی مەهاباد بەشداری فیستڤاڵی مۆسیقاى  شیراز  دەكات لەگەڵ هونەرمەندان ( محەمەدی ماملێ‌ و مەلاحسێنی عەبدوڵا زادە  و عەزیزی شارۆخ و قالە مەڕەی شمشاڵ ژەن )  سەرەڕای كەمی دەرەتانی هونەری نەبوونی گروپێكی موزیكی باش و زەمینەیەكی لەبار بۆ بەشداربوونیان لەو فیستڤاڵەدا ، به‌ڵام بەهۆی تێكۆشانی بێوچان و دڵسۆزانەو بەڕوحێكی زۆر گەورەوە بەشداریان لە و فیستڤاڵەدا كردووە ، نەتەنیا موزیك و گۆرانی كوردی بەنەتەوەی فارس و ئێران بناسێنن بەڵكو بەتەواوی نەتەوەكانی بەشداربووی ئەو فیستڤاڵەیان كردبوو ناساند و بووە مایەی شانازی و سەربەرزی بۆ نەتەوەی كورد .

هونەرمەند سەید ڕەحیمی قوڕەیشی  كەسایەتیەكی ناسراوی شاری مەهاباد و پیاوێكی هەست ناسك و قسەزان و خۆش مەشرەب و كانگای قسەی نەستەق و نوكتەوە گاڵتەو گەپ بووە ، بەردەوام لەنزیكەوە ئاشنایەتی هەبووە لەگەڵ كەسایەتی و پیاوە قسە خۆشەكانی شاری مەهاباد ، لەهەوڵی كۆكردنەوەی ڕووداو بەسەرهات و قسەخۆشەكانی شاری مەهاباد و دەوروبەری بووە و لە كتێبێكدا كۆیان بكاتەوە و بەچاپی بگەیەنێ‌ بەناوی ( كوێستانی دڵ ) بەڵام بەداخەوە مەرگ مەودای سەید ڕەحیم نادات  و ئاواتەكەی نایەتەدی بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەی ( سی ) یه‌وه‌  لەڕێكەوتی ( 8/6/1991) لەتەمەنی (61) ساڵیدا كۆچی دوایی دەكات و ماڵئاوایی لە هونەرو هونەرمەندان و شارە جوانەكەی مەهاباد دەكات  ، جێگەی خۆش حاڵیە كە هونەرمەند وەجاخی ڕۆشنەو لەدوای مەرگی ئاواتەكەی دێته‌دى و كتێبی ( كوێستانی دڵ )  بەهەوڵ و تێكۆشانی  كچى هونه‌رمه‌ند ( زەینەبی قوڕەیشی ) لەساڵی (2002) بەچاپ گەیەندراو كه‌وتۆته‌ به‌ردیده‌ى خوێنه‌ران و هۆگرانى ده‌نگ و هونه‌ره‌ به‌رزه‌كه‌ى سه‌یدڕه‌حیمى قوڕه‌یشى .

77

گۆرانی  به‌ئاسمانه‌وه‌ ئه‌ستێره‌م دیوه‌ 

ئاواز و وتنی :  هونه‌رمه‌ند سه‌ید ڕه‌حیمی قوڕه‌یشی 

هۆنراوه‌ی : مامۆستا گۆران 

هۆنراوه‌كه‌  به‌ناوی  ( ئافره‌ت و جوانی )   دیوانی گۆران 

به‌ڵام دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و تێكسته‌ به‌و میلۆدییه‌ خۆشه‌ به‌ده‌نگی هونه‌رمه‌ند سه‌یدڕه‌حیمی قوڕه‌یشی زیاتر  به‌  ( ئاسمانه‌وه‌ ئه‌ستێره‌م دیوه‌  ) ناسرا  ،

هه‌رچه‌نده‌ هۆنراوه‌كه‌  (14) كۆپله‌یه‌ ، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند ته‌نها (4) كۆپله‌ی لێخوێندووه‌  و له‌ناوه‌ڕاستی به‌سته‌كه‌دا هونه‌رمه‌ند مه‌قامێك ده‌خوێنی  كه‌ (2) كۆپله‌  له‌هۆنراوه‌ی ( نائومێدی ) هۆنراوه‌ی مامۆستا ( ئه‌حمه‌د هه‌ردی )

به‌سته‌ .....

به‌ئاسمانه‌وه‌ ئه‌ستێره‌م دیوه‌  ، له‌باخچه‌ی به‌هار گوڵم چنیوه‌

شه‌ونمی دره‌خت له‌ڕووم پژاوه‌ ، له‌زه‌رده‌ی زۆر كه‌ل سه‌رنجم داوه‌ 

په‌لكه‌زێڕینه‌ی  پاش بارانی زۆر ، چه‌ماوه‌ته‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌خۆر

مه‌قام .....

به‌سه‌رسامی له‌سه‌رلوتكه‌ی بڵندی  گه‌نجی وه‌ستاوم

شریتی عومری ڕابردووم وه‌كو خه‌و دێته‌ به‌رچاوم

شریتی چی  سه‌راپا سه‌رگوزه‌شته‌ی نائومێدیمه‌

فلیمی پڕ له‌ناسۆری هه‌ره‌س هێنانی لاویمه‌

به‌سته‌ .....

ئه‌مانه‌ هه‌موو جوانن  ، شیرینن ، ڕۆشنكه‌ره‌وه‌ی شه‌قامی ژینن

به‌ڵام ته‌بیعه‌ت هه‌رگیزاو هه‌رگیز ،  بێ ڕووناكییه‌ بێ بزه‌ی ئازیز ،

جه‌مالى ده‌لاك  10/2/2021

سەرچاوە /

(*1 و2) كتێبی  ( كوێستانی دڵ )  ( نوكتە و قسەی خۆش و چەند كورتە شانۆ ) زەینەبی قوڕەیشی ل( 9 و 10)

(*3) دیدادرێكم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و پێشكه‌شكار به‌ڕێز (حسێنى ڕه‌هبه‌ر) له‌مانگى 6 ى ساڵى 2016 ئه‌نجامداوه‌ ( ج ،د).

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.