شارۆچكه‌ی (زاخۆ) له‌ده‌ڤه‌ری بادینان ناوچه‌یه‌ك و پێگه‌یه‌كی گرنگی ئابووریی و مێژوویی هه‌یه ، هه‌روه‌ها ناوچه‌یه‌كی دڵڕفێنی جوانه له‌ڕوویی گه‌شتیارییه‌وه، جیاله‌وه‌ی خاوه‌نی پێگه‌یه‌كی مێژووییه‌و خاوه‌نی چه‌ندین شوێنه‌واری دێرینی گرنگی ناوچه‌كه‌و كوردستانه وه‌ك ( پردی ده‌لال ، كه‌لی زاخۆ ، كه‌لی قوباد پاشا و شوێنه‌واری كێسته) یه ، له‌بواری هونه‌ری موزیك و گۆرانی یشه‌وه ،ده‌ڤه‌رێكی تژی یه له هونه‌ری ڕه‌سه‌ن و خاوه‌نی چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی به‌تواناو ده‌نگخۆش و پڕ به‌خششی هونه‌رییه ، زاخۆی ده‌لال به‌كانگای هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان ناسراوه ، هه‌ركاتێك ناوی زاخۆی ده‌لال دێته سه‌رزاران دوو هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ وده‌نگخۆشیی ئه‌و شاره شیرینه و له‌پاڵ ناوی زاخۆ دا ناو و هونه‌ره‌كه‌یان له‌ده‌رگای بیر و هه‌ستمان ده‌ده‌ن، ئه‌و دووهونه‌رمه‌نده ده‌نگخۆشه ( ئه‌یاز و ئه‌رده‌وان زاخۆیی ) یه.
یه‌كێك له گۆرانییه به‌ناوبانگ و هه‌ست بزوێنه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ (ئه‌یاز زاخۆیی) ( من دیت جارا عه‌ولی) یه، ئه‌وانه‌ی عاشقی گۆرانی و موزیكی ڕه‌سه‌نی نه‌ته‌وه‌كه‌یانن،كه گوێبیستی ئه‌و گۆرانییه ده‌بن به‌و ده‌نگه زوڵاڵ و ئارام به‌خشه‌ی هونه‌رمه‌ند ئه‌یاز زاخۆیی ڕایان نه‌چڵه‌كێنێت و وه‌ك ئه‌و با فێنك و ئارامه‌ی شنه‌ی شه‌ماڵ هه‌ست و بیر‌و هۆشیان به‌ته‌زوویه‌كی سارد، ڕۆح و جه‌سته‌یان سه‌رحاڵ و ئارام ده‌بێته‌وه.
هونه‌رمه‌ندێك له‌ماوه‌ی (25) ساڵ ته‌مه‌نیدا ، هونه‌رێكی ڕه‌سه‌ن له تێكست و ئاواز به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی به‌خشییه نه‌ته‌وه‌كه‌ی ، هونه‌رمه‌ند ئه‌یاز زاخۆیی ، هونه‌رمه‌ندێكی به‌ژن و باڵابه‌رز و جوان و شه‌رمن ، هه‌ست ناسك و نه‌فس به‌رز، لێوان‌لێو له په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و زیره‌ك و لێهاتوو و لێزان له‌بڕیاردان له‌سه‌رهه‌ڵبژاردنی تێكست و تۆماركردنی به‌رهه‌می هونه‌ری ، خاوه‌ن ده‌نگێكی ڕه‌سه‌نی چیایی ، به‌ئه‌مه‌ك و مرۆڤێكی دلسۆزو به‌به‌زه‌یی و لێوڕیژ له جوامێریی و خاوه‌ن سه‌لیقه‌یه‌كی هونه‌ری به‌رز.
له‌ده‌ستپێكی كاری هونه‌رییه‌وه‌زۆر به‌ئاگاییه‌وه هه‌وڵیداوه كه هونه‌ر و‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی له‌نێو دڵ و ده‌روونی هه‌ردوو ڕه‌گه‌زدا ، گه‌وره‌و بچوكی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بچه‌سپێنێ و پێیان بڵێی ئه‌وه هونه‌ری ده‌نگخۆشیی و سترانی ڕه‌سه‌ن له زاخۆی ده‌لال ه‌وه بۆ ئێوه‌ی هۆگران و عاشقانی هونه‌ری موزیك و گۆرانی كوردی.
گورانی گوتن له‌لای ئه‌یاز زاخۆیی ته‌نها بۆئه‌وه نه‌بووه كه ناو و ناوبانگ په‌یدابكات نه‌خێر ..! به‌ڵكو ته‌نیا مه‌به‌ستی بووه كه‌له‌ڕێی هونه‌ره‌كه‌یه‌وه خزمه‌تێكی پاك و بێگه‌رد پێشكه‌ش بكات، هه‌روه‌ها وه‌ك ئه‌ركێكی سه‌رشانی لێی ڕوانیوه‌و پێویسته ده‌بێت ئه‌نجامی بدات، له‌و ماوه‌كه‌مه ی ژیانی تایبه‌تی و ژیانی هونه‌ریدا، هونه‌رمه‌ند ئه‌یاز زاخۆیی گۆرانی و سترانه‌كانی هه‌ریه‌كه‌یان له‌قوڵایی ناخ و هه‌ستی به‌رزییه‌وه هه‌ڵقوڵاون و تێكست و میلۆدییه‌كانی ئاوێنه‌نوێنی هه‌ستی مرۆڤایه‌تی بووه ، گه‌ره‌گی بووه ئه‌و هونه‌ره‌ی ده‌یبه‌خشێت له‌ناو دڵ و ده‌روون و نه‌ستی گوێگردا به‌زیندوویی بهێڵێته‌وه.
هه‌زاران ئافه‌رین بۆ ده‌نگی خۆش و توانای ئه‌داو چڕینی سترانت هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ (ئه‌یاز زاخۆیی) هه‌روه‌ها جێی خۆیه‌تی به‌حورمه‌ته‌وه باس له‌دڵسۆزیی و خه‌مخۆریی ئه‌و هۆزانڤانه خامه به‌رزانه بكرێت كه به‌خامه‌ی شیرینیان هۆنراوه‌ی ناسك و جوانیان بۆ هونه‌رمه‌ند نوسیوه، وه‌جێی خۆیه‌تی به‌هه‌مان شێوه‌ش سوپاسگوزاری بۆ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ژه‌نیار و ئاواز دانه‌رانه كه میلۆدییه به‌رزه‌كانیان پڕاوپڕ به‌گه‌روو و توانای هونه‌ری ئه‌یاز زاخۆیی داڕشتووه‌و ئاماده‌یان كردووه ، كه‌واته مامۆستا‌و هونه‌رمه‌ندی مه‌قامبێژ و به‌سته بێژی گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان له یاده‌وه‌رییه‌كانیدا له‌كتێبی گه‌ڵای پایز له‌خۆڕا نه‌یفه‌رمووه كه‌ده‌ڵێت ( شاعیره‌كان به‌شیعره جوانه‌كانیان نه‌شئه ده‌ده‌ن به‌گۆرانییه‌كانی من و منیش به‌ئاوازی جوان باڵای شیعره‌كانی ئه‌وان به‌رزده‌كه‌مه‌وه) (*1)
ئه‌و وته به‌نرخه‌ی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان ، زۆر گونجاو و پڕ به‌به‌های ده‌نگی هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ ئه‌یاز زاخۆیی یه كه به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی ئه‌و تێكسته به‌نرخ و میلۆدییه ناسك و پڕ سۆزانه‌ی به‌رجه‌سته‌تر كردووه‌و له‌خانه‌ی به‌رزو پیرۆزی گه‌نجینه‌ی هونه‌ری موزیك و گۆرانی كوردی دا بۆ هه‌میشه به پیرۆزی ده‌مێننه‌وه.
ده‌با بزانین ئه‌م هونه‌رمه‌نده نوێخوازو ده‌نگ زوڵاڵه كێیه..؟
ناوی ته‌واوی هونه‌رمه‌ند ( ئه‌یاز یوسف ئه‌حمه‌د عه‌لی) له‌نێوه‌ندی هونه‌ری و ناو هاوڕێكانیدا و له‌ته‌واوی كوردستان به ( ئه‌یاز زاخۆیی) ناسراوه ، له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی و زاده‌ی باوكێكی ده‌نگخۆشی ناوچه‌كه‌یه، له ساڵی (1960) له‌شارۆچكه‌ی زاخۆ به‌دنیا هاتووه، خاوه‌نی چوار برا و چوار خوشكه به‌ناوه‌كانی ( ئه‌حمه‌د ،فارس ، ڕه‌مه‌زان ، خه‌یری ،ساجیده، واحیده،مه‌قبوله و فاتیمه)
هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1966) خراوه‌ته به‌رخوێندن له‌قوتابخانه‌ی (ئه‌حمه‌دی خانی)، له‌م قۆناغه‌دا هه‌ستی هونه‌ری ده‌بزوێت ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وچالاكییه هونه‌رییانه‌ی قوتابخانه‌كه‌یی و هه‌روه‌ها ئه‌و تێكه‌ڵاوبوونه له‌كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ی دیوه‌خانان و گوێگرتن له‌به‌یتبێژ و ستران و لاوكبێژانه‌ی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ باوكی،به‌تایبه‌ت ده‌نگی هه‌ردوو گۆرانیبێژی باژێری زاخۆ ( ڕه‌مزی جه‌وهه‌ر و مه‌جیدێ عیسای) له‌ڕێی هونه‌ر و ده‌نگی ئه‌و سترانبێژانه وه ڕۆژ به‌ڕۆژ گه‌نجینه هونه‌رییه‌كه‌ی پڕ كردووه له تێكست و سترانی فۆلكلۆری ڕه‌سه‌نی ده‌ڤه‌ره‌كه، ئه‌وانه بوونه‌ته هۆكار كه ئه‌یازی هونه‌رمه‌ند زیاتر حه‌زو خولیای بۆهونه‌ری گۆرانی گوتن زێده‌تربێت.
له‌ساڵی (1976) خوێندنی ناوه‌ندی له‌قوتابخانه‌ی ( به‌درخان) ته‌واو ده‌كات و درێژه به‌خوێندن ده‌دات و ده‌چێته ئاماده‌یی كشتوكاڵی زاخۆ و له‌ساڵی (1979) بڕوانامه به‌ده‌ست دێنێ،
ده‌ستپێكی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند ئه‌یاز زاخۆیی له‌ساڵی (1977) وه ده‌ست پێده‌كات له‌به‌شداریكردنی له‌فیستڤاڵی لاوانی دهۆك ، به‌شداری له‌و ئاهه‌نگ و فیستڤاڵ و جه‌ژن و بۆنه نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانییه‌كاندا ده‌كات و زۆر به‌سه‌ركه‌وتوویی له‌و ئاهه‌نگانه‌گۆرانی خوێندووه و هه‌ست و سۆزی گوێ‌گران و ئاماده‌بووانی بۆلای خۆی ڕاكێشاوه.
دواتر هونه‌رمه‌ند ڕوو ده‌كاته كۆلیژی سه‌ربازی ، ده‌بێته ئه‌فسه‌ر (ملازم) له‌ڕیزی سوپای عێراق، ئه‌م پۆست و كاره‌ی نابێته له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م كاره هونه‌رییه‌كانیدا، به‌ڵكو هه‌رده‌رفه‌تی بۆ ڕه‌خسابێت سه‌ردانی ڕادیۆی كوردی به‌غدای كردووه، ئه‌ویش به‌هۆی هاندانی زۆر له هاوڕێكانی كه بچێته ڕادیۆی كوردی به‌غدا تا له‌ڕێی ئه‌و ڕادیۆیه‌وه كاره هونه‌رییه‌كانی و ده‌نگه به‌سۆزه‌كه‌ی به‌هه‌موو كوردستاندا بڵاو ببێته‌وه.
بۆیه‌كه‌م جار له‌ساڵی (1982) ده‌چێته ڕادیۆی كوردی ،له‌لایه‌ن لیژنه‌ی پسپۆری هه‌ڵسه‌نگاندن و تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌نگی ڕادیۆ وه ده‌نگی هونه‌رمه‌ند ئه‌یاز زاخۆیی تاقیده‌كه‌نه‌وه و به‌به‌ڵێ وه‌ڵامی ده‌ده‌نه‌و هیوای دواڕۆژێكی پرشنگداری بۆده‌خوازن و تروسكایه‌كی ڕۆشن له‌ده‌نگ و ئه‌دای هونه‌ری هونه‌رمه‌ند دا به‌دی ده‌كه‌ن،
له‌هه‌مان ساڵدا هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی دره‌وشاوه‌ی زاخۆی ده‌لال ( ئه‌یاز و ئه‌رده‌وان زاخۆیی) پێكه‌وه كاسێتێكی لاوك و ستران تۆمارده‌كه‌ن و زۆر به‌خێرایی بڵاوده‌بێته‌و و ده‌بێته جێی سه‌رسوڕمان و خۆشحاڵی هۆگرانی هونه‌ری ئه‌و دووهونه‌رمه‌نده گه‌نجه،
هونه‌رمه‌ند ئه‌یاز زاخۆیی ( زیاتر له (20) گۆرانی بۆ ڕادیۆی كوردی به‌غدا و (5) گۆرانی بۆ ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا و كه‌ركوك تۆماركردووه ) (*2)
گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند ئه‌یاز زاخۆیی كه‌هه‌ریه‌كه‌یان شاكارێكن و له‌نێو دڵی جه‌ماوه‌ر و هۆگرانی ده‌نگ و سۆزی هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ جێیان گرتووه وه‌ك ( چوخك ، وه‌ڵاتێ من باخچێ گولا ، دادێ لاندكێ بهه‌ژینه ،من دیت جارا عه‌ولی ،چپكه‌م ئه‌ز ، جانێ ده‌لالا من ، گۆڤه‌نده، بسكێت ته د زراڤن، نه‌وروز هات و بگول و ڕیحان ، هیڤی و شه‌هید) زۆرینه‌یان له‌لایه‌ن شاعیرانه‌وه بۆی دانراوه‌و له‌گه‌ڵ فۆلكلۆر، میلۆدی سترانه‌كانی خودی هونه‌رمه‌ند توانای ئاواز دانانی هه‌بووه و هه‌ندێكیشیان له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانه‌وه ئاوازی بۆدانراوه،
گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ندو تێكست و ئاواز ....!
1/ من دیت جارا عه‌ولی ...تێكست و ئاوازی ( به‌شار محه‌مه‌د)
2/ لاندك ... تێكست و ئاوازی ( عه‌بدولعه‌زیز سڵێمان )
3/ به‌س خۆ گرانكه ... تێكست و ئاوازی ( عه‌بدولعه‌زیز سڵێمان )
4/بسكێته زراڤن ... تێكست و ئاوازی ( عه‌بدولعه‌زیز سڵێمان )
5/ دێ بهه‌ژینه ... تێكست و ئاوازی ( عه‌بدولعه‌زیز سڵێمان )
6/ گۆڤه‌ند ... تێكست و ئاوازی ( عه‌بدولعه‌زیز سڵێمان )
7/ چبكه‌م ئه‌ز ... تێكست ( به‌ردخان سندی ) ئاوازی ( سه‌میر محه‌مه‌د زاخۆیی)
8/چۆخك ...فۆلكلۆر
9/ هێڤی ... تێكست ( غازی ئاكره‌یی) ئاوازی ( عه‌دنان حه‌مدی)
10/ كه‌ڤوك ... تێكست ( عه‌بدوڵڵا حوسێن) ئاوازی ( سه‌میر محه‌مه‌د زاخۆیی)
11/ ئه‌ڤین دایێ ... تێكست ( سه‌گڤان عه‌بدولحه‌كیم ) ئاوازی ( نوره‌دین ئیبراهیم) (*3)
ئه‌گه‌ر دنیا هه‌می گول بیت
گوله‌ك تنی به‌س هی منه
گۆھ ناده‌مه گوتنێ خه‌ڵكی
مادام گولێ به‌دلێ منه
ئه‌م گۆرانییه‌ش له‌تێكستی ( عه‌بدولعه‌زیز خه‌یات) و ئاوازی هونه‌رمه‌ند ئه‌یاز زاخۆیی.
له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی به‌هارو ژیانه‌وه‌ی كه‌ژ و كێ‌و و شی‌و دۆڵ و ده‌شته پان و به‌رینه‌كانی كوردستان و هه‌ڵگیرسانی مه‌شخه‌ڵی ئاگری نه‌ورۆزو هاتنی ئه‌و جه‌ژنه نه‌ته‌وه‌ییه نه‌ورۆز و پۆشینی جل‌و به‌رگی پیرۆزی كوردی و مژده‌ی هاتنی وه‌رزی به‌هار و نه‌ورۆز له‌ڕێی ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی حه‌مه ساڵه دیلان و حه‌سه‌ن زیره‌ك، هه‌روه‌ها له ده‌ڤه‌ری بادینانیش ده‌نگی به‌سوزو زوڵاڵی هونه‌رمه‌ند ( ته‌حسین ته‌ها 1941_ 28/5/1995) و چرینی سترانی نه‌ورۆز و هه‌روه‌ها ده‌نگی خۆشی ئه‌یاز زاخۆیی بۆمان ده‌خوێنێ به‌وده‌نگه به‌سۆزه‌و ده‌لێت ( نه‌ورۆز هات ب گول و ڕێحان) له‌تێكستی ( عه‌بدولعه‌زیز سڵێمان)ه ئه‌و سترانه له‌یه‌كه‌م ساتی بڵیسه‌ی ئاگری نه‌ورۆزدا ده‌بێته وێردی سه‌رزاری كیژان و كوڕان و لاوانی خوێن گه‌رمی وڵات له‌هه‌موو لایه‌كی وڵاته‌وه ده‌نگ ده‌داته‌وه.
له‌دوای كۆچكردنی هونه‌رمه‌ند ژماره‌یه‌ك گۆرانی بڵاونه‌كراوه‌ی له‌پاش به‌جێماوه‌و كه‌له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌وه پارێزراون و تائێستا بڵاویان نه‌كردۆته‌وه، یه‌كێك له‌هیواو ئاواته‌كانی هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ ئه‌یاز زاخۆیی به‌رده‌وام بیری لێكردۆته‌وه ئه‌وه‌یه ، به‌ڕێز ( سه‌گڤان عه‌بدولكه‌ریم ) له‌نامیلكه‌ی ( چۆخكێ ئه‌یازی ) دا نوسیویه‌تی ( هه‌روه‌كو خۆی چه‌ند جارێك باسی كردبوو دوای ته‌واو بوونی له‌سه‌ربازی ، مانه‌وه‌ی بووه له‌شاری به‌غدا و كاركردن له‌ڕادیۆ و فێربوونی ئامێری موزیك بووه، چونكه هیچ ئامێرێكی موزیكی نه‌زانیوه ) (*4)
جێی داخه ئه‌و هیواو ئاواته‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌نده جوانخاس و پڕ به‌هره و ده‌نگخۆشییه نایه‌ته‌دی و له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یباته ژێر خاكه‌وه ، ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌كه‌م ته‌مه‌نه پر به‌خششه‌هونه‌رییه به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه ، دووچاری ( شێرپه‌نجه‌ی خوێن) ده‌بێت ، له‌نه‌خۆشخانه‌ی سه‌ربازی شاری موصڵ له‌ژێر چاودێری پزیشكدا ده‌بێت، به‌ڵام جێی داخه‌و ده‌رده‌كه‌ی كوشنده‌و بێ ده‌رمانه، له‌ڕێكه‌وتی ( 20/1/1986) گیانی پاكی ده‌سپێرێت له‌شاری موصڵ و كۆچی دوایی ده‌كات ، به‌ڵام ده‌نگ و هونه‌ره‌كه ی بۆ هه‌میشه له‌به‌ردڵانه‌و مێژوویه‌كی جوانی له‌دنیای هونه‌رو موزیك و ستران تۆماركرد، ته‌رمه سارد‌و سڕه‌كه‌ی به‌ڵام له‌هونه‌ردا گه‌رم وگوڕ له‌سه‌ر داواكاری خۆیی ده‌یبنه‌وه زێدی باب و باپیرانی و به‌ناو بازاڕی زاخۆدا ته‌رمه‌كه‌ی بگێڕن و له‌گه‌ڵ ئاپۆره‌ی ئه‌و خه‌ڵكه خه‌م باره سترانی ( وڵاتی من باخچێ گولان ) بده‌ن به‌گوێی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی بۆ له‌ده‌ستدانی ئازیز‌و هونه‌رمه‌ندی شاره‌كه‌یان خه‌مبارن ، ته‌رمی هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ له‌گۆڕستانی زاخۆ ده‌نێژرێت. له‌گه‌ڵ یادی هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ (ئه‌یاز زاخۆیی) دا ده‌بێت یادێك له هونه‌رمه‌ندی شه‌هیدی سه‌رنگومكراو ( ئه‌رده‌وان زاخۆیی) بكه‌ینه‌وه ،كه له‌ڕێی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و هونه‌ری به‌رزی سترانبێژییه‌كه‌یه‌وه به‌یه‌كێك له‌هونه‌رمه‌نده به‌رزه‌كانی كورد ده‌ژمێردرێت ،ئه‌م هونه‌رمه‌نده جوانه‌مه‌رگه (ئه‌رده‌وان عه‌لی محه‌مه‌د ته‌ها) ناسراو به ( ئه‌رده‌وان زاخۆیی ) له (1/7/1957) له‌زاخۆ له‌دایكبووه و چه‌ندین ساڵ خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی و هونه‌ری ، دوای (8) ڕۆژ له‌مه‌رگی له‌ناكاوی هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كه‌ی (ئه‌یاز زاخۆیی) له‌شاری به‌غدا له میوانخانه‌ی ( ئه‌لئه‌غادیر) له‌شه‌وی (28 له‌سه‌ر 29/1/1986) پیاوه‌كانی ڕژێمی به‌عس له‌میوانخانه‌ی ناوبراو ده‌ستگیری ده‌كه‌ن و تائێستا وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی شه‌هید بێسه‌رو شوێنه، هه‌زاران چه‌پكه‌گوڵی بۆنخۆشیی قه‌دپاڵی كێوه‌كانی كوردستان بۆسه‌ر گڵكۆی پیرۆزت هونه‌رمه‌ند ( ئه‌یاز زاخۆیی) و ڕۆحی به‌رزه فڕی هونه‌رمه‌ندی شه‌هید ( ئه‌رده‌وان زاخۆیی) ، ڕۆحتان شاد‌و ئارام بێت،
جه‌مالی ده‌لاك 18/5/2021
سه‌رچاوه : (*1) كتێبی ( گۆرانیبێژی میللی ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ) له‌ئاماده‌كردنی ( ڕه‌ووف شێخ جه‌میل) لاپه‌ڕه (15)
(*2) كتێبی ژیان و هونه‌ر ، كۆكردنه‌وه‌و ئاماده‌كردن و ساغكردنه‌وه‌ی ،، تاهیر كرمانج ، ئه‌یاز زاخۆیی لاپه‌ڕه ( 437) دیداری تاهیر كرمانج له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو له‌شاری هه‌ولێر ساڵی (1985)
(* 3 و 4) كتێبی په‌لكه زێڕینه ، هه‌ڵچنین و گوڵبژێرێك له‌ئاواز و گۆرانی ڕه‌سه‌ن و ژیانی هونه‌رمه‌ندان ،،ئاماده‌كردنی هونه‌رمه‌ند مه‌جید خۆشناو ، لاپه‌ڕه (131 و 128)
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.