هه‌ركاتێك گه‌ره‌كمان بێت باس له ژیانی هونه‌ری و كه‌سایه‌تی هونه‌رمه‌ندێك بكه‌ین ، پێویسته له‌پێشدا هونه‌ره‌كه‌ی بناسین و له ڕوانگه‌ی هونه‌ره‌كه‌یه‌و ڕۆبچینه ناو دنیای هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانییه‌كانییه‌وه.
هونه‌رمه‌ندی لاوك و سترانبێژ ( ته‌حسین ته‌ها) هونه‌ره‌كه‌ی به‌ڕۆحی هه‌مووان ئاشنایه‌و بۆ هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی ژیا، (34) ساڵ به‌رده‌وامی خزمه‌تكردن و تێكۆشان و چڕینی لاوك و ستران ، هونه‌رمه‌ند هونه‌ره‌كه‌ی له‌چوارچێوه‌ی فۆلكلۆر و هونه‌ری ڕه‌سه‌نی زێد و وڵاته‌كه‌ی لانه‌دا و به‌ڵكو گه‌شه‌ی پێدا تا دوا هه‌ناسه‌ی له‌سینه‌یدا بوو هه‌ست و هونه‌ره‌كه‌ی بۆ گه‌له‌كه‌ی بوو.
هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌ها ، ئه‌و هونه‌رمه‌نده ده‌نگخۆشه‌ی كه‌ڕۆژ به‌ڕۆژ گه‌شه‌ی به‌هونه‌ره‌كه‌ی دا‌و ،له ده‌ڤه‌ره جوان و شیرینه‌كه‌ی ئامێدییه‌وه ده‌نگ و ڕه‌نگی به‌هه‌موو كوردستاندا بڵابۆوه .
هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌ها ، ناوی ته‌واوی ( ته‌حسین ته‌ها محه‌مه‌د سه‌لیم ئامێدی) یه ، ئه‌م هونه‌رمه‌نده زاده‌ی خانه‌واده‌یه‌كی هونه‌ر دۆست و هونه‌ر په‌روه‌ره له ( 25/10/1941) له ناحیه‌ی ( بیبۆ ) سه‌ر به‌شارۆچكه‌ی ( ئامێدی ) هاتۆته دنیاوه .
باوكی هونه‌رمه‌ند له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ری میری بووه به‌ناونیشانی ( كاتب ناحیه) به‌هۆی ئه‌و كاره‌وه له‌چه‌ندین ناحیه‌و شارۆچكه‌ی ده‌وروبه‌ری شاری دهۆك( مانگێش ، ئامێدی ، زاخۆ و دهۆك) ئه‌ركی فه‌رمانبه‌رێتی به‌جێهێناوه، بێگومان ئه‌و گواستنه‌وه‌یه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌ها داناوه له‌ڕووی فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و هونه‌ری لاوك و سترانی ده‌ڤه‌ره‌كه.
هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی ( 1948) له‌گوندی ( مانگێش ) خراوه‌ته به‌رخوێندن ، قوتابخانه‌و دیوه‌خانی باوكی سه‌ره‌تایه‌ك بووه بۆئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند هه‌نگاو هه‌ڵبگرێ به‌ره‌و دنیای هونه‌ر ، باوكی هونه‌رمه‌ند یه‌كه‌م هانده‌ری بووه و حه‌زی كردووه كه كوڕه‌كه‌ی ببێت به‌سترانبێژ ، چونكه دركی به‌ده‌نگ خۆشیی له كوڕه‌كه‌یدا به‌دی كردووه ، ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی بیركردنه‌وه‌ی زۆر له باوكانی هونه‌رمه‌ندانی تری نه‌ته‌وه‌كه‌مان كه هه‌میشه ببوونه رێگر و به‌ربه‌ست له‌ئاست گه‌شكرنی هونه‌ری جگه‌رگۆشه‌كانیان.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوكی هونه‌رمه‌ند ( ته‌ها محه‌مه‌د سه‌لیم ئاكره‌یی) به‌خۆی حه‌زو ئاره‌زووی له‌ستران و لاوكی میللی و فۆلكلۆری كوردی بووه و، ئاشقی ده‌نگخۆشان و مۆسیقای میللی نه‌ته‌وه‌كه‌ی وه‌ك نه‌ی و ده‌هۆڵ و زورنا بووه.
هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌ها له دیدارێكدا باس له كاریگه‌ری هونه‌رمه‌ندانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌و ماڵه‌كه‌یان ده‌كات و ده‌ڵێت ( ماڵمان به‌شه‌وان شوێنی دانیشتن و كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌ی هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك ( عه‌زیز عه‌زاری كه‌مانچه‌و عودژه‌ن بووه، هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزیری و ڕه‌مه‌زان جزیری و چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی دیكه، له‌سترانبێژه ده‌نگخۆشه‌كان كه كارییان له‌سه‌رم كرد ( عارف ڕه‌شید) ی لاوك بێژبوو، كه ده‌نگێكی زوڵاڵ و ئه‌دایه‌كی جوانی هه‌بوو،تائێستاش له‌گه‌ڵ هه‌ست و جووڵه‌ی هونه‌ریم تێكه‌ڵ ده‌بێ و كارم تێده‌كات) (*1)
كاتێك قوتابی قۆناغی ناوه‌ندی ده‌بێت ، به‌هۆی ئاهه‌نگ و سه‌یرانی قوتابخانه‌و هاوڕێكانی و هونه‌رمه‌ند به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی شادی و ئاهه‌نگ و سه‌یرانه‌كانی خۆشتر و به‌جۆشتر كردووه‌و ، هه‌موو كات له‌لایه‌ن هاوڕێكانی و ده‌وروبه‌رییه‌وه هاندراوه كه‌به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر گۆرانی خوێندن.
هونه‌رمه‌ند سه‌باره‌ت به یه‌كه‌م كاری هونه‌ری كه له‌ساڵی (1958) ئه‌نجامی داوه وه‌ك گۆرانی و ئاواز دانان، ئه‌و توانا هونه‌رییه‌شی هه‌بووه كه له‌شانۆدا به‌شداری بكات، ته‌حسین ته‌ها ی هونه‌رمه‌ند ده‌ڵێت ( یه‌كه‌م گۆرانی خۆم كه ئاوازم له‌سه‌ر دانا ، گۆرانی ( ئاشكرا ناكه‌م) بوو، هه‌رله‌وساڵه‌شدا (1958) به‌ختی خۆم له‌شانۆش تاقیكرده‌وه‌له‌شانۆگه‌ری ( یاسمین) كه وه‌ك جۆره ئاهه‌نگێكی ته‌مسیل و گۆرانی بوو، خۆشم ڕۆڵی پاڵه‌وانه ئافره‌ته‌كه‌م بینی ) (*2)
له‌دوای یه‌كه‌م ئاواز‌و نواندنی له‌شانۆدا ، به‌هره‌ی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند زیاتر گه‌شه ده‌كات و حه‌زو خولیای بۆ هونه‌ر چڕتر ده‌بێته‌وه و، به‌هیواوه‌و له‌دواڕۆژی خۆی ده‌ڕوانێ، له‌وه‌ڵامی پرسیارێكدا ئایا كێ هانده‌ر و ڕێنیشانده‌ری بووه كه بڕواته به‌غدا و ڕووبكاته په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كان ؟
هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌ها ئه‌و كه‌سایه‌تیه ڕێنیشانده‌ره‌مان پێ ده‌ناسێنێ و ده‌ڵێت ( به‌ڕێكه‌وت هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی عێراقی ( دكتۆر خالد الجادر) بۆ گه‌شتی هاوینه هاتبووه كوردستان و هاته ئامێدی ، له‌وێ چالاكییه هونه‌رییه‌كانی منی بینی و زۆری به‌دڵ بوو ، پێی ووتم وه‌ره بۆ به‌غدا بۆ په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كان ، دوای ئه‌وه‌ی ناوه‌ندیم ته‌واو كرد ته‌قدیمی په‌یمانگای ناوبراوم كرد و قبووڵ كرام ) (*3)
ته‌حسین ته‌ها هه‌رچه‌نده له‌هه‌ردوو بواری هونه‌ردا ( ستران و شانۆ) سه‌ركه‌وتووبووه ، كاتێك له‌په‌یمانگا وه‌ڵامی ده‌درێته‌وه وه‌رگیراوه ، به‌ڵام له‌به‌شی ( شانۆ) و درێژه به‌خوێندن ده‌دات و تابڕوانامه وه‌رده‌گرێت و ده‌بێت به ( مامۆستای هونه‌ر) له‌هه‌مان كاتیش‌دا خۆی فێری ئامێری ( عود ) ده‌كات كه‌یارمه‌تیده‌ری ده‌بێت بۆ ئاوازی سترانه‌كانی، ئه‌و كاته‌ی قوتابی په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كان ده‌بێت له‌شاری به‌غدا ، به‌ده‌رفه‌تی ده‌زانێ كه خۆی بگه‌ینێته رادیۆی كوردی به‌غدا، ئه‌و كاره ئه‌نجام ده‌دات له‌ساڵی (1961) ده‌چێته ڕادیۆ به‌شی كوردی گۆرانی تۆمارده‌كات و ئه‌وه‌ش ده‌بێته ده‌رفه‌تێك بۆزیاتر ناساندن و ده‌ركه‌وتنی هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌ها.
دوای ئه‌وه خوێندنی په‌یمانگا ته‌واو ده‌كات له‌ساڵی ( 1964) به‌مامۆستای هونه‌ر له‌قوتابخانه ی مه‌خمووری سه‌ره‌تایی داده‌مه‌زرێت.
له‌مه‌خموور وه‌ك مامۆستایه‌ك وانه‌ی هونه‌ر به قوتابییه‌كانی ده‌ڵێت وئه‌و ئه‌ركه‌ی له‌سه‌ر شانییه‌تی به ئه‌مه‌كه‌وه ڕایده‌په‌ڕێنێ، له‌ساڵی (1968) ڕاژه‌كه‌ی ده‌گوازرێته‌وه بۆ شاری هه‌ولێر به‌هه‌مان ناونیشان مامۆستای هونه‌ر و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر وانه وتنه‌و كار‌و چالاكییه هونه‌رییه‌كانی و پێوه‌ندی دۆستانه‌و هونه‌رییانه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی شاری هه‌ولێر درووست ده‌كات ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌ها خاوه‌نی ڕه‌وشتێكی به‌رزو دڵپاك و هه‌ست ناسك و نه‌فس به‌رزو كوردپه‌روه‌رو زمان شیرین و حه‌زی به‌تێكه‌ڵاوی خه‌ڵك و دۆست و یاران بووه ، پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ و شانۆكارانی هه‌ولێردا درووست ده‌كات و هه‌موو هونه‌رمه‌ندان خۆشیان ویستووه وه‌ك ( تایه‌رتۆفیق ، فوئاد ئه‌حمه‌د، باكووری ، ڕه‌سوڵ گه‌ردی و حه‌یده‌ر به‌قاڵ و...تاد) .
له‌شاری هه‌ولێر ده‌رفه‌تی زیاتر بۆ ده‌ڕه‌خسێ و خۆشی چالاك بووه له كاره هونه‌رییه‌كانیدا و هه‌وڵیشی داوه كه ڕێگای به‌غدا بگرێته‌وه به‌ر بۆ تۆماركردنی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی له‌ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا و كه‌ركوك، له‌دوای ڕێكه‌وتننامه‌ی به‌یانی (11 ی ئاداری 1970) و وه‌رچه‌رخانێكی گرنگ بوو بۆ هه‌موو كایه‌كانی ژیان له‌كوردستان به‌گشتی و به‌تایبه‌تی بۆ هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان.
هونه‌رمه‌ندانی دڵسۆز له‌هه‌موو بواره‌كانی هونه‌ردا سه‌رقاڵی كار و تێكۆشانی هونه‌ری بوون به‌هۆی ئه‌و ئازادی و ئارامییه‌ی خوڵقابوو، هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌هاش به‌هه‌مان شێوه چالاكییه هونه‌رییه‌كانی له‌گه‌شه‌كردن و ناساندنی به‌رده‌وام دابووه، له‌نێوان شاره‌كانی كوردستان و ئه‌و ئاهه‌نگ و فیستڤاڵانه‌ی به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌و له‌شاری به‌غدا ئه‌نجامدراوون له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی هاوڕێی به‌شداربووه ، هه‌وره‌ها له ئا‌هه‌نگی نه‌ورۆزی ساڵی (1971) له‌یاریگای هه‌ولێر و شارۆچكه‌ی ڕه‌واندز به‌شداری كردووه و هه‌موو كات بۆته جێی ڕه‌زامه‌ندی بینه‌ران و بیسه‌رانی ده‌نگه به‌سۆزه‌كه‌ی .
مامۆستا و هونه‌رمه‌ندو نووسه‌ر ( باكووری ) له‌باره‌ی یه‌كترناسینی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌ها ده‌ڵێت( له 15ی ئاداری 1970 من له‌قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی جمهوری كوڕان مامۆستا بووم له هه‌ولێر ، خۆشیی و شادی و هه‌ڵپه‌ڕكێ له‌هه‌موو لایه‌كی شار ده‌كراو خه‌ڵكه‌كه زۆر كه‌یف خۆش بوون، قوتابییه‌كان له‌حه‌وشه‌ی قوتابخانه گۆرانی و شاییان ده‌چڕی و هه‌ڵده‌په‌ڕین، سه‌یری ئه‌و خۆشی و شادی و به‌زمه‌م ده‌كرد، یه‌ك له‌فه‌ڕاشه‌كان هات و وتی گه‌نجێك هاتووه جه‌نابتی ده‌وێ، ئه‌وگه‌نجه‌ش له‌دووره‌وه بۆلامان هات ، من زوو ناسیمه‌وه‌ته‌حسین ته‌هابوو ..! یه‌كسه‌ر ده‌ستم درێژكردو تۆقه‌یه‌كی گه‌رممان كرد، چونكه من گوێم له‌ده‌نگی بوو به‌ڵام له‌نزیكه‌وه نه‌مدیبوو، ویستم بیبه‌مه ژووری ئیداره دانیشین ، به‌ڵام ئه‌و وتی بۆئه‌وه هاتووم ئاگادارت بكه‌م ده‌بێت بچین بۆ به‌غدا بۆ ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن ئاهه‌نگ به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز و به‌یانی 11ی ئادار سازده‌كرێت) (*4)
مامۆستا و هونه‌رمه‌ند (وریا ئه‌حمه‌د) ئه‌ویش سه‌باره‌ت به یه‌كه‌م ناسینی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ده‌ڵێت ( دۆستایه‌تی من له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوه ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ ساڵی (1972) ئه‌وكاته‌ی به‌بۆنه‌ی وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی فه‌رمی بۆ ( تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه) له‌ته‌ك چه‌ندین سترانبێژی دی داوه‌تمان كرد ، له‌ساڵی (1977) بۆیه‌كه‌مین جار له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چالاكی قوتابخانه‌كانی هه‌ولێر ، پێكه‌وه ئۆپه‌رێتێكمان ئاماده‌كرد ئێمه ئاواز دانان و ئه‌ویش ده‌رهێنان و جوڵه و سه‌مای ئیقاعی ، ئۆپه‌رێته‌كه له‌نوسینی شاعیر ( مه‌دحه‌ت بێخه‌و) بوو ، خه‌ڵاتی دووه‌می له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو وڵاتی عێراق به‌ده‌ست هێنا، جگه له پێكه‌وه كاركردن له‌میانی ( تیپی هونه‌ری هه‌ولێر ) كه‌له‌چه‌ندین كۆنسێرتی ئه‌و تیپه‌دا پێكه‌وه به‌شداریمان بووه ، خۆی سه‌ره‌تا یه‌كێك بووه له‌دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌و تیپه) (*5)
ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه كه هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌ها چه‌ند له‌خه‌می هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌یدابووه‌و یه‌كێك بووه له ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری تیی ( هونه‌ری هه‌ولێر) بۆزێده‌تر ئاشنابوون به سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی تیپی ناوبراو هونه‌رمه‌ند ( نه‌جات جه‌وهه‌ر ) له‌باره‌ی هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌ها وه ده‌ڵێت ( مامۆستا تەحسین تەها وەك ھونەرمەندێکی بەرزو بەناو و دەنگ خزمەتێکی زۆری بە ھونەری گۆرانی ڕەسەنی کوردی کردوە ، خاوەن دەنگێکی سەرنج ڕاکێش و ستایلی تایبەت بەخۆی و ئاواز دانەرێکی سەرکەوتوو بوو، لەھەرچوار پارچەی کورستان، گوێگر‌و ھەوادارێکی زۆری ھەبوو، خاوەن ڕێزێکی زۆر تایبەت بوو، ھونەرەکەشی زۆر بەئاست تەماشا دەکرا، بۆیە زۆر لەھونەرمەندانی کۆن و تازەش گۆرانیەکانی دووبارە دەڵێنەوە، جگە لەوانەش دەرھێنەرێکی زۆرباشی ئۆپەرێتی شانۆیی بوو، زۆر شارەزای شاییە کوردیەکان بوو، زۆربەی بەرھەمەکانی کە بەشداری لەڤیستیفاڵی چالاکی قوتابخانەکانی سەرئاستی عێراق دەکرد، پلەی یەکەمی بەدەست دەھێنا.... وە ئەگەر باسی بە مەوقیفی و جوامێری و نیشتیمان پەروەری و پیاوەتی و میوان دۆستی شەھامەتی .....ھتد، بکەین، ھەر تەواو نابێت، سه‌باره‌ت به تیپی ھونەری ھەولێر ئیجازەی فه‌رمی وەرگرتووە بەژمارە (712) لە بەرواری (1/2/1971) ، بەشی مۆسیقا‌و شانۆ بوو، دەستەی دامەزرێنەر لەسێ کەسی دەرچوی ھونەرەجوانەکان پێكهاتبوو هونه‌رمه‌ندان ( جەمال ھیدایەت، سولتان عەبدولاو تەحسین تەھا) وە دوانزەکەسی ترش کە ھەمویان بەیەکەوە دەبوون بە ١٥ کەس .) (*6)
تیپی هونه‌ری هه‌ولێر به‌شداری له‌هه‌موو بۆنه نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانییه‌كان و جه‌ژنی نه‌ورۆزو سه‌یران و ئاهه‌نگه‌كاندا كردووه له‌گه‌ڵ تیپه مۆسیقییه‌كانی تری كوردستان و هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌ها یه‌كێك بووه له هونه‌رمه‌نده دیاره‌كانی ئه‌و تیپه مۆسیقییه.
هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌ها له‌دوای ساڵی (1978) به‌دواوه ژماره‌یه‌كی زۆر لاوك و سترانی ئه‌وینداری و سروودی نیشتمانی و سروودی بۆ پێشمه‌رگه‌و جه‌ژنی نه‌ورۆز خوێندووه، به‌پێی هه‌ندێك له‌سه‌رچاوه‌كان ئاماژه به كۆی به‌ر‌هه‌مه‌كانی ده‌ده‌ن كه (150) گۆرانی زۆرینه‌یان بۆ ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن ، گۆرانی به‌سۆزی تۆماركردووه و پێشكه‌شی گوێ‌گران و هه‌وادارانی كردووه . له‌به‌رهه‌مه‌هونه‌رییه‌كانیداجیا له‌وه‌ی زۆرینه‌ی له ئاواز و هۆنراوه‌ی خۆی بووه به‌ڵام زیاتر هۆنراوه‌ی شاعیران ( به‌درخان سندی ، فه‌یسه‌ڵ مسته‌فا و ڕێكێش ئامێدی ) ئاوازی له‌سه‌ر داناوون، له‌بواری ژه‌نینی موزیكیشدا به‌ده‌ست و په‌نجه‌ی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی و دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید) سه‌رسام بووه، زۆر حه‌زیشی به‌ده‌نگی هونه‌رمه‌ندان ( تایه‌ر تۆفیق ، محه‌مه‌د عارف جزیری و شه‌ماڵ سائیب ) بووه.
جیا له‌بواری هونه‌ری لاوك و سترانچڕیندا هونه‌رمه‌ند ڕۆڵێكی باش و به‌توانای بینیوه له ئۆپه‌رێتداو سه‌ر‌كه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه ( مامۆستا تەحسین تەها لەبواری ئۆپەرێتیشدا خزمەتی كردووە‌و لە ئۆپەرێتەكانی( داستانی شۆڕش‌و روباری ژیان‌و دەرگاكانی ژیان) وەك ئەكتەر بەشداری كردووە‌و رۆڵی دیار‌و سەرەكی بینیوە) (*7)
ئاماژه به‌هه‌ندێك له‌لاوك و ستران و سرووده‌كانی هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌ها ده‌ده‌م ، گۆرانییه‌كانی ئاوێنه نوێنی ژیانی گوند ولادێ و جوتیار و ئه‌ویندار و ژینگه‌ی جوان و سه‌ركه‌شی كوردستان و چیرۆكی ڕاسته‌قینه ده‌نوێنن ( دارڤانۆ ، به‌ژنا ده‌لالێ ، باران ، ئه‌ڤرۆ كه هاته بیرا من ، من تونه‌ڤی ، من خه‌م ده‌ریایه كا كیره ، دایێ وڵات شیرینه ، ئه‌ی عه‌زیزان، میلله‌تێ مه ، تو خه‌ون بوی ، تو وه‌ره نوكه نوكه ، بێرڤانێ ، ده‌ردۆ ، تا ئه‌ز هیلام ، نه‌ورۆز ، پێشمه‌رگه ، سه‌یرانا ، دیلۆ مه‌یره‌مێ ، وه‌ره بگره ده‌ستێ من ، ڕابه جوتیار ، چومه زاخۆكێ و ئه‌ی فه‌له‌ك و چه‌ندینی تر ) خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت له‌هونه‌ری ڕه‌سه‌نی هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌ها .
هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1994) وڵات جێدێڵی و ڕووده‌كاته وڵاتی هۆڵه‌ندا نیشته‌جێ ده‌بێت ، به‌داخه‌وه له غوربه‌ت دووچاری نه‌خۆشیی ده‌بێت و به‌و ده‌رده‌وه ده‌ناڵێنێ تا ڕێكه‌وتی (28/5/1995) كۆچی دوایی ده‌كات و ماڵئاوایی له كوردستان و هونه‌ر و ئازیزانی ده‌كات و ناو و نازناوی بۆهه‌میشه ده‌چێته خانه‌ی نه‌مرانی وڵاته‌وه، ئه‌و هونه‌رمه‌نده خاوه‌ن ده‌نگ و چریكه به‌سۆزو بوێر و به‌هه‌ڵوێسته‌ی وڵات ، كه هه‌موو كات ئاواتی بووه ڕۆژێك بێت و به‌ئازادی ده‌نگ هه‌ڵبڕێت و بۆئازادی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ستران و لاوك و سروود بچڕێ، به‌داخه‌وه ته‌رمێكی سارد‌و سڕ له‌هۆڵه‌نداوه به‌ڕێ ده‌كه‌وێت بۆ زێده‌كه‌ی ، له‌ڕێكه‌وتی (4/6/1995) ده‌گاته‌وه زاخۆ و له‌وێوه به‌مه‌راسیمێكی شایسته و به‌ئاماده‌بوونی جه‌ماوه‌رێكی زۆر له عاشقان و هه‌وادارانی هونه‌ره‌كه‌ی ته‌رمی پیرۆزی هونه‌رمه‌ند به‌ره‌و شاره شیرین و جوانه‌كه‌ی ئامێدی لانكه‌ی به‌دنیاهاتنی ، له‌وێ به‌خاكی پیرۆزی كوردستان ده‌سپێردرێت.
چه‌پكه گوڵی ڕێز‌و وه‌فا بۆ گڵكۆی هونه‌رمه‌ند و سڵاو له‌مێژووی جوان و پڕ به‌خششی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌ها، یاد و یاده‌وه‌رییه‌كانی هه‌موو كات به‌رز و پڕ شكۆ بێت.
جه‌مالی ده‌لاك 30/5/2021
سه‌رچاوه: (*1) كتێبی گۆرانیبێژه نه‌مره‌كان ، باكووری ، به‌شی یه‌كه‌م ، لاپه‌ڕه ( 194)
(*2 و 3) هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، لاپه‌ڕه ( 195)
(*4) هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، لاپه‌ڕه ( 190)
(*5) كتێبی كه‌شكۆڵی نوسینه‌كانم ، وریا ئه‌حمه‌د ،، لاپه‌ڕه (522)
(*6) (26 ) ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌ها ،،، ئه‌كاونتی هونه‌رمه‌ند (نه‌جات جه‌وهه‌ر) فه‌یسبوك (28/5/2021)
(*7) چراكانی نیشتمان ، تەحسین تەها، دەنگێک لە بادینانەوە، ئه‌كاونتی به‌ڕێز ( خه‌لیل عه‌بدوڵڵا) فه‌یسبوك (27/5/2021)
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.