Erbil 15°C پێنجشەممە 25 نیسان 14:43

دار چنارەکەی چوارتا تەمەنی 700 ساڵە 

هەڵكەوتەی شۆینی درەختەكە و سێبەری دارەكە لە كۆنەوە بووەتە شۆینی سەیران و جەژنی نەورۆز و كاتی خۆشیی لێ دەبرێتە سەر
کوردستان TV
100%

داری چنار  لە درەختە بە تەمەنەكانە, ئەگەر كەشوهەواری گونجاوی هەبێت، سەدان ساڵ دەژی كە نزیكەی سی مەتر باڵا دەكات و تیرەی قەدەكەشی بەپێی تەمەنی دارەكە، ئەویش بە نزیكەی 3 مەتر گەورە دەبێت و بەرەكەشی ناخورێت، بەڵام لە ڕووی تەندروستییەوە سوودی لێ وەردەگیرێت بەوەی رێژەیەكی زۆر ئۆكسجین دەبەخشێت, وێڕای ئەمە سرووشتی ئەو شوێنە جوان و ژینگەش پاك دەكاتەوە. لە بواری دارتاشی و كاری دەستیش قەدی دارەكە بەكاردێت و سوودێكی زوری لێ دەبینرێت بەهۆی گەورەیی قەدەكەیەوە، هەر لە كۆنەوە ئەمجۆرە دارە سەرنجی خەڵكی كوردستان و ناوچەكەی راكێشاوە، لەبەر بەرزی باڵاكەی و جوانی و لەرینەوەی گەڵاكانی بەهۆی شنەباوە كە دیمەنیكی جوان بە سرووشت دەبەخشێت .


سوورە چنارەكەی چوارتا یا چنارە گەورەكەی چوارتا یەكەمین دار چنارە كە لەبەردەم كانیاوی سەرەكی شارۆچكەی چوارتا دایە، لە بەڵگەنامەكانی سەردەمی حكوومەتی ئینگلیز لە سلێمانی ساڵی 1919 چوارتا كرایە ناوەندی قەزای شارباژێر كە پێشتر گوندی سیتەك ناوەندەكەی بووە، لە سەرچاوەكانی كاتی بابانیشدا ئەم درەختە بە (چنارت) ناوی براوە.

ktv
هەڵكەوتەی شۆینی درەختەكە و سێبەری دارەكە لە كۆنەوە بووەتە شۆینی سەیران و جەژنی نەورۆز و كاتی خۆشیی لێ دەبرێتە سەر، ئەم سوورە چنارە سێ پەلی گەورەی هەبووە و خەڵك لەژێر ئەو پەلانەیدا چالاكی هەمەجۆر و سەیران و نەورۆزیان ئەنجامداوە، لە ئێستاشدا ئەو كانیاوە بووە بە فەرمانگەی ئاوی چوارتا و زۆرجاریش بە دەستەخۆشكی (پیرالك) ناو دەبرێت، چونكە زۆر نزیكە لە مەزاری دوو برا و خۆشكێكی زەردەشتی، دیارترینیان مەزاری پیرالكە لە چوارتا، پێشتر شاندێكی پسپۆڕی تایبەتی ئەڵمانی سەردانی دارەكەیان كردووە و تەمەنی ئەم درەختەیان بە 700 ساڵ زیاتر دەستنیشانكردووە، لە رووی تەمەنیشەوە دوای ئەم درەختە سوورە چنارەكەی شەقڵاوەیە كە بە دووەم درەخت دەستنیشانكراوە .


سوورە چنارەكەی چوارتا لەنێو خەڵكی چوارتا و تەنانەت خەڵكی سلێمانیش ناوبانگی باشی دەركردووە كە قەدی 15 مەتر دەبێت، ئەم دەرختە یەكێكە لە هێماكان و چیڕۆكی جۆراوجۆری مێژوویی، ئێستاش درەختێكی گەورە و جوانە و لە دوورەوە دیارە، هەر لەبەر مێژووە دێرینەكەی و و تەمەنی زۆری و هەروەها گرنگی لە شارۆچكەكەدا، سەرۆكایەتیی شارەوانی چوارتا وەك هێمایەكی خۆی كردوویەتی بە لۆگۆی شارەوانی.

ژێده‌ر-وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار
 

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.