Erbil 15°C شەممە 20 نیسان 07:03

مەلای جزیری

ساڵی ١٥٧٠ لە جزیرەی بۆتان ھاتۆتە دنیاوە
کوردستان TV
100%

 

شێخ ئەحمەدی جزیری (١٥٧٠- ١٦٤٠) ناسراو بە مەلای جزیری شاعیرێکی کلاسیکی کوردە بە دامەزرێنەری شێوەزاری کلاسیزمی کرمانجی ژووروو سەر بە شێوەزاری بۆتانی دادەنرێت. دیوانە شیعرێکی بە شێوەزاری کورمانجی ھەیە.

 

ژیانی  مەلای جزیری

 

ناوی شێخ ئەحمەد کوڕی شێخ محەمەد جزیری یە. وشەی جزیری لە ناویدا ئیشارە بە جزیرەی بۆتان دەکات. ساڵی ١٥٧٠ لە جزیرەی بۆتان ھاتۆتە دنیاوە کە سەردەمی ئەمیر شەرەف خانی کوڕی میر ئەبدال بوویه‌ . لە تەمەنی دە ساڵییەوە لەلای باوکی دەستی بەخوێندن کردووە و پاشان چۆتە لای زانا بەناوبانگەکانی جزیرە و فێری زانست بووە. بەفەقێیەتی ھەموو ناوچەکانی جزیرە و ھەکاری و ئامێدی و دیاربەکر و عەمادیە گەڕاوە و لە تەمەنی ٣٢ ساڵیدا ئیجازەی مەلایەتی پێدراوە پاشان بۆتە مەلا و زوربەی کاتی بۆ وانە وتنەوە تەرخان کردووە.

 

شێخ محەمەدی باوکی لە بنەماڵەیەکی شێخی بەرماڵی بووە و زۆر حەزی بە خوێندەواری کردووە. لە پەرتووکی مێژوی کورد و کوردستانی ئەمین زەکی بەگدا ھاتووە: مەلای جزیری ناوی شێخ ئەحمەدە و لە جزیرەی ئیبن عمر لە نیوەی دوایی سەدەی شەشەمی ھیجری لە دەوری عیمادەدین حاکمی موسڵدا ژیاوە.

 

مەلای جزیری سۆفی بوە و لەسەر ڕێ و شوێنی نەقشبەندی بووە. دەستێکی باڵای ھەبووە لە لێکدانەوەی قورئان و فەلسەفە و لێکدانەوەی و ئەستێرەناسی و زانستی کیمیا و فیزیک و پزیشکی دا. ھەروەھا زمانەکانی فارسی و عەرەبی و تورکی بەباشی زانیوە.

مەلای جزیری ساڵی ١٦٤٠ لە جزیرەی بۆتان کۆچی دوایی کردووە.

 

ناوبانگی مەلای جزیری

 

لەبەر ئەوەی لە شاری جەزیرەی بۆتان لەدایک بووە نازناوی جەزیرەیان خستۆتە پاڵی

جگە لە جەزیری ناسراوە بە مەلا یان مەلی

وە ناسراوە بە نیشان جا ئەم نیشانە نیشانەی تیری خۆشەویستیە یاخوود نیشان و خاڵی سەر جەستەی مرۆڤە کە تاوەکوو ئێستا لەم ڕوانگەیەوە دەرنەکەوتووە

 

 

بەرھەمەکانی مەلای جزیری

 

زۆربەی زۆری شیعرەکانی تەڕ و پاراو و شیرین و ڕەوانن ھەروەھا دەربارەی دڵداری و تەسەوف و ڕاستی و خواپەرستی بووە و بەمەبەستی دڵداری و خواناسی و سروشت ھۆنراوەی داناوە.

 

مەلای جزیری خۆی بە شاعیری بۆتان و ھەموو کوردستان زانیوە و وتوویەتی: «گوڵی باغی ئیرەمی بۆتانم / شەب چراغی شەبی کوردستانم»

 

دیوانی مەلای جزیری شیعرەکانی مەلای جزیری تێدایە کە بە زاراوەی کورمانجییە. ڕۆژھەڵاتناسی ئەڵمانی Martin Hartmann لە ساڵی ١٩٠٤ دیوانەکەی مەلای جزیری لە بەرلین و ھەولێر و بەغدا و تاران وقامشلۆ چاپ کراون و خۆی پێشەکی بۆ نووسیوە وە لە چاپەکەی قامشلۆ دیوانەکەی بەزمانی عەرەبی لێکدراوەتەوە . ھەژار ئەم دیوانە شیعرەی بە سۆرانی شەرح کردوە.

 

مەبەستی هونراوه‌كانی مەلای جزیری

دڵداری و خۆشەویستی

خواناسی و عیرفان

وەسفکرنی کوردستان

ستایشی میری بۆتان

باسکردن لە هێرشەکانی مەغۆل و تەتەر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.