نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر کۆمەڵێک ڕێنمایی و ڕێنوێنی لەبارەی پرسەدانان خستەڕوو.
لە ڕاگەیەنراێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر هاتووە "دواى ئەوەى ژوورى ئۆپەراسیۆنى پارێزگاى هەولێر لە کۆبوونەوەى خۆیدا لە ڕۆژى سێشەمە 2022.1.4، پاڵپشت بە بڕیار و ڕاسپاردەکانی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بۆ بابەتى پرسەدانان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیى ئەوقافى هەولێری ڕاسپارد، ڕا و سەرنج و پیشنیارەکانیان پێشکەش بە وەزراەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى بکەن تاوەکو بڕیار و ڕێنمایی نوێى لەبارەى پرسەدانان دەربکرێت".
ڕاشیگەیاند:ئێستا بە بڕیارى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى هۆڵەکانى پرسەدانان بە ڕێنمایی و ڕێنوێنى تایبەت کراوەتەوە، لەگەڵ هەموو ئەو ڕێنمایی و ڕێنوێنییانەى وەزارەت، بەهۆى ئەو دۆخە مەترسیدارەى تەشەنەکردن و بڵاوبوونەوەى خێراى ڤایرۆسى کۆرۆناى نوێ (ئۆمیکرۆن) و بۆ پاراستنى سەلامەتى تەندروستى گشتیى شارەکەمان و پارێزگاریکردن لەگیانى هاووڵاتییان، جگە لە هۆڵەکان، پرسەدانان لە (کۆڵان - ماڵ - ژێرخێوەت - باخچە و هەرشوێنێکی ترى گشتى) بەهەموو شێوەیەک قهدهغهیه و ههر كهسێك پابهند نهبێت سزا دهدرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد کە بنکەکانى پۆلیس، ئاسایش، شارەوانی و موختارى گەڕەکەکان ڕاسپێردراون چاودێرى سنوورەکانى خۆیان بکەن و ڕێکارى پێویست لە بەرامبەر هەرکەسێک بگرنەبەر کە سەرپێچى دەکات.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر داوا لە هاووڵاتییان و هاوشارییانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکات بۆ پارێزگاریکردن لە گیانی خۆیان و ئازیزانییان پابەندی ئەو بڕیارانە بن و جگە لە هۆڵەکان کە ئێستا بۆ پرسەدانان کراوەن لە هیچ شوێنێکی تر پرسە دانەنرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.