Erbil 15°C سێشەممە 23 نیسان 13:13

هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی وەڵامی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر ئیمارات ده‌داته‌وه‌

کوردستان TV
100%

 لە وەڵامی هێرشی حووسییەکان بۆسەر ئیمارات، هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی، شاری سەنعایان بۆردومان کرد.

هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی بە رابەرایەتی سعوودیە رایگەیاند کە وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکەی دوێنێی حووسییەکان بۆسەر شاری ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات، دەستیان بە هێرشی ئاسمانیی کردووە بۆسەر شاری سەنعا پایتەختی یەمەن.

ئاژانسی هەواڵیی فەرمی سعوودیە بڵاوی کردەوە کە لە راگەیەندراوەکەی هێزەکانی هاوپەیمانیدا هاتووە "لە باکووری سەنعا سەرکردەکانی تیرۆرمان کردووەتە ئامانج. بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکان بۆسەر سەنعا پێویستن بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشەکان".

لە راگەیەندراوێکی دیکەی هێزەکانی هاوپەیمانیدا باس لەوە کراوە کە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان ئەنجامدراوە بۆ لەناوبردنی سەرچاوەکانی مەترسی.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "سعوودیە و ئیمارات سزای ئەوانە دەدەن کە بەرپرسیارن لە ئەنجامدانی هێرشی دوژمنانە بۆسەر هاووڵاتییانی مەدەنی. هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانان 24 کاتژمێرە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی دەکاتە سەر سەنعا".

هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا داوا لە دانیشتوانی سەنعا کراوە بۆ پاراستنی خۆیان و مانەوەیان، دوور بکەونەوە لە کەمپە سەربازییەکان و ئەو شوێنانەی میلیشیاکانی حووسی لێیە.

لە لایەکی دیکەوە، حووسییەکان بەرپرسیارێتی هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی ئیمارات-یان گرتە ئەستۆ و ئاماژەیان بەوە کرد کە بە مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشیان کردوونەتە سەر.

دوێنێ لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆسەر ناوچەی موسەففەح لە ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات، سێ تانکەری سووتەمەنی تەقینەوە و بەهۆیانەوە، سێ کەس کوژران و شەشی دیکەش برینداربوون.

روژهه‌لاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.