شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەستگیرکردنی 12 کەسی بەتۆمەتی فرۆشتنی کارتی ڤاکسین لە پارێزگای دیالە راگەیاند.
شانەی ناوبراو بڵاوی کردەوە کە ھێزەکانی سەربە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی 12 کەسیان بەتۆمەتی فرۆشتنی کارتی ڤاکسین لە پارێزگای دیالە، دەستگیر کردووە.
باس لەوەش کراوە کە دەستگیرکراوەکان، کارتی ڤاکسینیان بەو کەسانە فرۆشتووە کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە و ھاتووە "12 کەسەکە پشت بەستن بەو زانیارییانەی کە لەلایەن ھاووڵاتییانەوە بە لایەنە پەیوەندیدارەکان درابوون، دەستگیرکراون".
راشیگەیاندووە کە دەستگیرکراوەکان لە میانی لێکۆڵینەوە بەراییەکاندا لەگەڵیاندا، دانیان بەوەدا ناوە کە لەبەرامبەر بڕە پارەیەکی زۆر کارتی ڤاکسینیان فرۆشتووە و کە پێنجیان فەرمانبەری فەرمانگەی تەندروستیین.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە دەستگیرکراوەکان رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون، بۆ ئەوەی رشوشوێنی یاسایی لەبەرامبەریان بگیرێتەبەر.
پێشتر لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی نیشتمانیی لە عێراق رایگەیاندبوو کە پێویستە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی، ھەوڵەکانی زیاتر بخاتە گەڕ بە ئامانجی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە کارتی ڤاکسین ساختە دەکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.