هاتوچۆی سلێمانی لە بارەی ئامادەکردنی ئۆتۆمبێل پێش بەفربارین ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە.
بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە بارەی ئامادەکردنی ئۆتۆمبێل پێش بەفربارین ئاگادارییەکی بۆ شۆفێران بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، پێویستە پێش ئەوەی بەفر ببارێت، لە پێناو سەلامەتی شۆفێری کردن و پاراستنی گیانی شۆفێران و سەرنشینەکانیان پێویستە ئەم رێنماییانە لەبەرچاو بگیرێن.
ڕێنماییەکانی هاتووچۆی سلێمانی بۆ شۆفێران بەم شێوەیە هاتووە:
١) ئامادە کردنی ئۆتۆمبێلەکەت بە دڵنیا کردنەوە لە چەند خاڵێکی گرنگ:
* پێویستە ئەنتی فرییز ( شلەی دژە بەستن) بکەیتە ناو دەبەی ڕادێتەری ئوتومبیلەکەت.
* دڵنیاکردنەوە لە سیستەمی برێک لە ئوتومبیلەکەتدا ( سیستەمی ABS بەباشی کار بکات، نەبوونی لیک و لێچوون لە سیستەمی برێکدا)
* تایەی ئوتومبیلەکەت پێویستە چاڵ و خەتەکانی لە ڕێژەی دیاریکراوی یاسایی کەمتر نەبێت و بڕی دروست هەوایان تیادا بێت و نابێت هەوای کەم بێت.
* فڵچەی جامەکان بە باشی کاربکات.
* سیستەمی گەرمی ئوتومبیلەکە و هیتەری نەهێشتنی تەم بە باشی کار بکەن.
* پێویستە پاتری ئوتومبیلەکەت نوێ بێت و هیچ کێشەی نەبێت.
٢) کەمکردنەوەی خێرایی بۆ ڕادەیەک کە توانای وەستاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەت هەبێت واتە لە ناو شارەکان خێرایی لە 30 بۆ 50 کلم/ کاتژمێرێک و نابێت زیاتر بێت هەروەها بۆ دەرەوەی شارەکان لە 60 کلم یان کەمتر بەگوێرەی بارودۆخی شەقامەکە خێرایی کەم و زیاد دەکەیت.
٣) پاراستنی ماوەی سەلامەتی لەنێوان ئۆتۆمبێلەکەی خۆت و ئۆَتۆمبێلی بەردەمت، ئەم خاڵە گرنگییەکی زۆری هەیە چونکە توانای وەستاندنەوەی ئوتومبیل لە بەفر باریندا کەم دەکات بۆیە پێویستە ماوەیەکی دیاریکراوت هەبێت بۆ وەستاندنەوەی ئوتومبیل.
٤) ئیشکردنی ڕووناککەرەوە(گڵۆپ)ی نزم و ڕووناککەرەوەی تەم گرنگییەکی زۆری هەیە چونکە بارینی بەفرو بوونی تەم ڕێژەی بینین کەم دەکاتەوە.
٥) پێویستە بانزینی تەواو لە ئۆتۆمبێلەکەتدا بێت بۆکاتی پێویست و قەرەباڵغی.
٦) نابێت شۆفێر بە شپرزەیی و لەناکاو ئیستۆپ بگرێت بەڵک و بەنەرمی و لەسەرخۆیی.
٧) سەردان نەکردنی ناوچە شاخاوییەکان بەهیچ شێوەیەک بەمەبەستی گەشت و بەسەربردنی کات.
٨) بوونی بەتانییەک لە ناو ئۆتۆمبێلەکەت ئەگەر ناچار بوویت گەشتێک بۆ دەرەوەی شارەکان ئەنجام بدەیت.
٩) دیاریکردنی خێرایی (تحدید سرعه Cruise control) لەکاتی باران بارین و بەفردا بیکوژێنەرەوە چونکە دیاریکردنی خێرایی لەم کاتانەدا وا دەکات کە کۆنترۆڵی ئوتومبیلەکەت لە دەست بدەیت، لەوانەیە تۆ وابیربکەیتەوە کە هاوکاریت دەکات و لەخێراییەکی دیاریکراودا دەتهێڵێتەوە، بەڵام ئەگەر ئوتومبیلەکەت بخلیسکێت و دیاریکردنی خێراییت کار پێکردبێت لەم کاتەدا ئوتومبیلەکەت خێراتر دەبێت و ڕەنگە زیانەکان زۆر زیاتر بکات.
١٠) لەکاتی بوونی حاڵەتی نەخوازراو ڕاستەوخۆ پەیوەندی بکرێت بەلایەنە پەیوەندیدارەکان.
ڕێپێدراوی هاتوچۆ - هێمن سالار
سەنتەری ڕێکخستنی پەیوەندییەکان JCC ژمارە ١٠٠ - سلێمانی
هاتوچۆ ١٨٨
پۆلیسی فریاکەوتن ١٠٤
فریاگوزاری تەندروستی ١٢٢
بەرگری شارستانی ١١٥
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.