Erbil 15°C شەممە 20 نیسان 09:45

شیرین عەبدولوەھاب یەکەمجارەدڵی خۆی بۆ میدیای کوردی دەکاتەوە

خۆزگە بەوە دەخوازم لە کوردستان کۆنسێرتێک ساز بکەم و کۆپڵەیەک گۆرانی بە زمانی کوردی بچڕم!
کوردستان TV
100%

 (شیرین عەبدولوەھاب) ئەو دەنگە زوڵاڵەیە، کە تەواوی وڵاتانی عەرەبی و بە نەغمەی دەنگی ئەو ھونەرمەندە گوێچکەیان پڕ بووە لە ئاواز و موزیکی ڕەسەنی میسری، لە ماوەی تەمەنی خۆشیدا وەک ھونەرمەندێک 5 جار بووەتە خاوەنی باشترین ھونەرمەندی وڵاتەکەی، جگە لەوەی کە وەک ئەکتەرێکی سەرکەوتوو لە بواری نواندن، لە چەندین کاری درامی دا خەڵاتی باشترین ئەکتەری پێبەخشراوە.

شیرین لە سەردانێکی کورتدا، کە گەشتەکەی تەنیا 3 ڕۆژی خایاند، بەڵام دەیان یادگاری لە ئەلبوومی ژیانی ھونەری و تایبەتی خۆی تۆمار کرد، ھاوکات باسی لە سیمای جوانی پایتەختی کوردستان کرد، کە وەک یادگارێکی جوان لە ھزری ئەو ھونەرمەندەدا ماوەتەوە و لەم دیدارە کورتەشدا ناوبراو بۆ یەکەم جار دڵی خۆی بۆ میدیای کوردی کردەوە و سەرسامی خۆشی بۆ ئاوەدانی و گەشەسەندنی کوردستان دەربڕی و ئومێدی خواست جارێکی دیکە بە چەپکێک گۆرانی و ئاوازی تازەوە سەر لە کوردستان بداتەوە و ئاشنایەتی لەگەڵ ھونەرمەندانی کورد دروست بکات و بیر لە کۆنسێرتێکی گۆرانی بکاتەوە.

  • شیرین ئەگەر بگەڕێنینەوە بۆ لاپەڕە پڕ لە یادگارییەکانی دەسپێکی گۆرانی گوتنی لەچیەوە دەستی پێکرد و چۆن بوو بە خاوەن ئەو دەستکەوتانە؟

ئاواز و گۆرانی لە منداڵیەوە لە دڵی مندا چەکەرەی کردبوو، بەڵام ھەندێکجار ژیانی تایبەت ڕێگەت نادات و دەرفەتی ئەوەت پێنادات، بەھرەکانت بەزوویی بگەیەنیت بە خەڵک، بەڵام سووربوونی من لەسەر گۆرانی گوتن وایکرد، ببم بە ناوێک لەو دەریا بێ بنەی کە لە میسر دەبینرێت، بۆیە یەکەم بەرھەمم بە ناونیشانی (بحبک) لە ساڵی 2000 بڵاوکردەوە، کە لە میلۆدی و تێکستی (محەمەد محی) بوو، ڕەنگدانەوەیەکی بەرچاوی ھەبوو لە نێو ھونەر و موزیکی وڵاتەکەم، لە دوای ئەمەشدا (تامر حوسنی)، داوای لێکردم، کە بەشداربم لە بەرھەمێکی سینەمایی لەگەڵی دا و ھاوکاریشم بێت لە یەکەم ئەلبوومی گۆرانیمدا، بە سوپاسەوە ئەو ئەلبوومە لە لایەن کۆمپانیای فری مەیس لەدایکبوو، کە یەکەم ئەلبوومی ھونەری من بوو پێشوازییەکی گەرمیشی لێکرا و (شیرین)ـی وەک ھونەرمەندێکی نوێی گۆرانیبێژ لەو وڵاتە ناساند.

  • ٥ ساڵ وەک باشترین ھونەرمەندی عەرەبی ھەڵبژێردراوم!
  • دەستکەوتەکانی شیرین چین لە بواری موزیک و گۆرانی دا؟
  • بۆ ماوەی 5 ساڵ وەک باشترین ھونەرمەندی ساڵ ھەڵبژێردرام و خەڵات کراوم، بە دیاری کراویش ئەو ساڵانەی کە خەڵاتم پێدراوە بریتی بوون لە 2011، 2012، 2014، 2017، 2018.

لە دوای ئەو خەڵاتەنەش ناونیشانی باشترین ھونەرمەندی گۆرانیبێژی عەرەبیم پێدراوە، کە ئەمەش گەورەیی وڵاتەکەم دەگەیەنێت بەو شێوەیە ڕێز لە ھونەری من دەگرێت و لە پاڵ ھونەرمەندە ڕەسەنەکانی وەک (عەبدولحەلیم حافز، ئوم کەلسوم) و دەیان گەورە ھونەرمەندی دیکە ناوم دێنێت.

ktv

جگە لە ھەموو ئەوانەی باسیشم لێوەکرد، لە ڕاپرسیە ئەلیکترۆنیەکاندا، 12 جار لەسەر یەک وەک باشترین ئەکتەر و گۆرانیبێژی عەرەبی دەست نیشان کراوم، کە ئەمەش شانازییە بۆ من و میسری ئازیز.

  • کەمێک با ورد بینەوە بۆ نێو ژیانی تایبەتت، ئێستا خاوەنی چەند منداڵی و خانەوادەکەت تا چەند پشتیوانی بەرھەمەکانی تۆیە؟

سوپاس بۆ پەروەردگاری مەزن خاوەنی دوو کچۆڵەی جوانم لە چەشنی پەری و ناویانم ناوە (ھەنا، مریەم)، کە وەک ھەناسە لە جەستەی مندا ھاموشۆ دەکەن و دووبارە ژیانیان بە من بەخشیووەتەوە، بەڵام کەمی کات و زۆر خۆ سەرقاڵ کردن بە پڕۆژە ھونەرییەکانم وایکردووە، کە لە سۆزی دایکایەتی بێبەشیان بکەم تا ڕادەیەک، بەڵام لە پشووەکاندا قەرەبوویان دەکەمەوە.

سەبارەت بە ھاوژینەکەشم دەڵێم، (محەمەد مستەفا)، یەکێکە لە مایسترۆ بەناوبانگەکانی میسر و ھاوکارێکی سەرەکی منیشە لە بەرھەم ھێنانی ئەلبووم و گۆرانیەکانم، تا ئێستا زۆرترین ئاوازیشی بۆ داناوم و ھەمیشەش لە ھەوڵدایە، بەردەوام بم لە دنیای ھونەردا سڵ نەکەمەوە.

  • ناونیشانی بالێوز چۆن بە ناوی شیرینەوە لکا؟

ئەو ناونیشانە دوای ئەوە ھات، کە لە ساڵی 2016 بەشداریم لە فێستیڤاڵی (بیاف) کرد، کە فێستیڤاڵێکی ھونەری گۆرانیە و دوو ساڵ جارێک بە ئامادەبوونی زۆرترین بەشداربوو لە وڵاتانی عەرەبی بەڕێوەدەچێت، خەڵاتی باشترین ھونەرمەندم پێبەخشرا، لەدوای ئەو فێشتیڤاڵەش بانگھێشتکرام و ناونیشانی بالێوزم پێدرا.

  • گۆرانیم بە بەژنی زراڤی کچاندا گوتووە
  • ktv
  • گۆرانیەکی تایبەت ھەیە بە بەژنی زراڤی ئافرەتانی وڵاتەکەت ھەڵگوتبێت؟

نەک گۆرانیەک، بەڵکو لە زۆربەی ئەلبوومەکانمدا گۆرانیەکانیەکم بۆ کچانی وڵاتەکەم و ئافرەتانی عەرەب بە گشتی چڕیووە، چونکە من تەنیا گۆرانی بۆ ئەوە ناڵێم ھونەرەکەم دەوڵەمەند بکەم، بەڵکو گۆرانیم کردووە بە ڕێگەیەک بۆ داکۆکیی کردن لە مافی ئافرەتان و نیشاندانی تواناکانیان.

جگە لە گۆرانیش، لە کارە درامیەکاندا زیاد لە پێویست خۆم ماندوو کردووە بۆ ئەوەی ھێز و توانای ئافرەت دەربخەم، کە ھیچ جیاوازییەکی ئەوتۆی نیە لەگەڵ پیاواندا، بگرە لە ھەندێک بابەتدا ئافرەتان بەھێزترن و دەتوانن ھەموو ئەو ڕێچکانە بشکێنن، کە پیاوان ناتوانن پێی بگەن.

  • لە سەردانە کورتەکەت بۆ کوردستان چ شتێک لە خەیاڵدا ماوەتەوە؟

ئەگەرچی مەودای سەردانەکەی من بۆ ھەولێری پایتەختی کوردستان کورت بوو، بەڵام خۆشەویستیەکی کەم وێنەم لە خەڵکی ئەو شارەدا بینی بۆ ھونەر و موزیک بەتایبەتی، چونکە ئەوان تامەزرۆن بۆ بەرھەمی جوان و حەزێکی گەورەیان ھەیە بۆ دروستکردنی پردی پێوەندی بۆ باڵابوونی ھونەرەکەیان، ھەرچەندە ھونەرمەندە کوردەکان، جۆرێک لە ڕەسەنایەتی لە بەرھەمەکانیان دەبینرێت، بەڵام لە ھونەری ھاوچەرخدا وەک پێویست نەیانتوانیووە ڕابردووی ھونەری جوانی خۆیان وەک پێویست بپارێزن و لەسەر ھەمان ڕێچکەی پێشوودا بڕۆن و بە بەرزی ھونەری ئەوان ڕاگرن، ئەمەش بەھۆی ئەو ھەنگاوانەیە کە گەنجان دەیانەوێ زیاتر ڕوو لە بەرھەمی پۆپ بکەن، کە ئەمەش زیانێکی بەرچاوی لە گۆرانی و موزیکی کوردی دەدات، بەپێچەوانەوە دەبێت، زیاتر پەرە بە ھونەری خۆیان بدەن، چونکە ئەوان خاوەنی ڕابردووێکی زێڕینن لە گۆرانی و موزیکدا.

بێگومان کوردستان لە یاد و یادەوەریی مندا بەزیندووی دەمێنێتەوە و سوپاسی ئەوانەش دەکەم، کە بەپەرۆشەوە لە پێشوازی مندا بوون بۆ ئەوەی لە گەشتەکەمدا ھەست بە دڵنەوایی بکەم و کات و ساتەکانم بەخۆشی لەم ناوچەیەدا بەڕێ بکەم.

  • بەر لەوەی بێیتە کوردستان ھیچت لە بارەی کورد و ھونەرەکەی دەزانی؟

کورد  لە مێژوودا نەتەوەیەک نیە کە من خۆمی لێ نەناس بکەم، بەڵکو لە فەرھەنگ و مێژوودا، ناونیشانی سەڵاحەدینی ئەیوبی و سەدان چیرۆکی دیکەی ھەیە لەگەڵ میسردا ھاوبەشە، بۆیە من زۆر بە باشی لە بارەی کوردەوە دەزانم، بەڵام ویستم لەم سەردانەدا گۆڕانکاریی و ڕووی گەشی ئاوەدانی کوردستان بە چاوی خۆم ببینم، نەک ئەوەی لە میدیاکاندا دەبینرێت، بەڵێ کوردستان شایەنی ھەموو جوانیەک و ھەولێریش شارێکی دڵگیر و شیرینە، ئەوەی بێتە ئەو ناوچەیەش دەبێت وەک شام سەر لە کوردستان بداتەوە، چونکە خاوەن خەڵکێکی ھونەردۆستە و حەز بە ئاشتەوایی و ئاوەدانی و پێکەوە ژیانی گشت نەتەوەکان دەکات، لە ئێستاوەش خۆزگە بەوە دەخوازم کە ڕۆژگار ڕێگەم بدات، لە کوردستان کۆنسێرتێک ساز بکەم و کۆپڵەیەک گۆرانی بە زمانی کوردی بچڕم!.

ktv

  • ڕاستە بۆ ماوەیەک ڕێگە نەدراوە تۆ گۆرانی بڵێیت بەھۆی ئەوەی کە جۆرێک سووکایەتیت بە میسر کردووە؟

بەڵێ تەنیا لەبەر ئەوەی لە ئاھەنگێکدا، کە لە بەحرەین بووم بە گاڵتەوە گوتم: لەبەر ئەوەی لەمیسر نیم دەتوانم بەئازادیی قسەبکەم.

حکومەتی وڵاتەکەشم لە کاتی گەڕانەوەم سەرجەم چالاکییەکانی لێ قەدەغەکردم و ھەڕەشەی گرتنی لێدەکردم و لەژێر فشارێکی زۆر و چاودێرییەکی توندابووم، پاش داوای لێبووردن و تا ڕادەیەک پاڕانەوە بۆ لێخۆشبوون بڕیاریانداوە جارێکی تر بەردەوام بم.

ئا: شڤیان شێرزاد

كوردستان TV

گۆرانی و مۆسیقا میدیا هه‌ڤپه‌یڤین ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.