Erbil 15°C پێنجشەممە 28 ئازار 14:07

کارەکانی ھەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی تایبەت بە قوربانییانی گرتووخانەی بادوش ته‌واو بووه‌

کوردستان TV
100%

فەرمانگەی کاروبار و پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە دەزگای شەھیدان سەربە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند کە کارەکانی قۆناغی چوارەمی ھەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ تایبەت بە قوربانییانی گرتووخانەی بادوش رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا و دەرھێنانی رووفاتەکان، تەواوکراوە.

فەرمانگەی ناوبراو لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە تیمە تەکنیکییەکانی تایبەت بە کارەکانی گەڕان، دۆزینەوە و ھەڵکۆڵینی گۆڕە بەکۆمەڵەکان قۆناغی چوارەمی ھەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ تایبەت بە قوربانییانی گرتووخانەی بادوش کە لە ساڵی 2014دا، لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە کوژران، ھەروەھا دەرھێنانی رووفاتەکانیان تەواوکردووە و ھاتووە "لە میانی پرۆسەی ھەڵدانەوەی گۆڕەکە، رووفاتەکان بۆ سێ جۆر پۆڵین کراون، 61 حاڵەت لە جۆری (B) کە بریتییە لەو رووفاتانەی نەشێوێندراون و 50 حاڵەت لە جۆری (BP) کە بریتییە لەو رووفاتانەی کە بەشێک لە ئەندامانی جەستە لە رووفاتەکە جیابووەتەوە، ھەروەھا 100 حاڵەت لە جۆری (A) کە بریتییە لەو ئەندامانەی جەستە کە بەتەنھا لەناو گۆڕەکەدا، دۆزراونەتەوە".

باس لەوەشکراوە کە کارەکانی تەکنیکیی ھەڵدانەوە و دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بە پاڵپشتیی و پشتیوانی تیمی لێکۆڵینەوەی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش (UNITAD) ئەنجام درا.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو، سەرجەم ئەو رووفاتانەی کە لە گۆڕەکەدا دەرھێندراون رادەستی فەرمانگەی پزیشکی دادوەریی کراون، بۆ ئەوەی پشکنیی (DNA)یان بۆ ئەنجام بدرێت، ئەوەیش بە ئامانجی ئاشکراکردنی ناسنامە و ناسینەوەیان.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.