Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 16:59

سعوودیە مووشەکێکی بالیستی حووسییەکانی تێکشکاند

کوردستان TV
100%

سعوودیە رایگەیاند کە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی، مووشەکێکی بالیستیان تێکشکاندووە کە لەلایەن حووسییەکانەوە ئاراستەی شاری ریازی پایتەخت کرابوو.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵیی فەرمی سعوودیە کە لە تویتەر بڵاوی کردووەتەوە، هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی ئاماژەیان بەوە کردووە مووشەکێکی بالیستی کە لەلایەن حووسییەکانەوە ئاراستەی شاری ریاز کراوە لەلایەن سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانییەوە تێکشکێندراوە.

گوتەبێژی هاوپەیمانی عەرەبی، تورکی مالیکی لە لێدوانێکیدا باسی لەوە کرد، حووسییەکان کە ئێران پشتیوانیان دەکات، مووشەکی بالیستیان ئاراستەی ریاز پایتەختی سعوودیە کردووە.

تورکی مالیکی ئەوەشی خستەڕوو کە لە کاتی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکەدا، پارچەکانی لە چەند گەڕەکێکی شارەکەدا بڵاوبووەتەوە، بەڵام هیچ زیانێکی لێنەکەوتووە.

ئاژانسی هەواڵیی فەرمی سعوودیە هەروەها ئاماژە بەوەیش کرد، دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کە لە سەنعاوە رەوانە کرابوون لەناو خاکی یەمەندا تێکشکێندراون، باسیشی لەوە کرد کە حووسییەکان ناوچە مەدەنییەکان بۆ ئەم هێرشانە بەکاردەهێنن.

ئێوارەی دوێنێ هێرشێکی هاوشێوە بە مووشەکی بالیستی کرایە سەر شاری خەمیس مشێت باشووری خۆرئاوای سعوودیە و لەلایەن هێزەکانی بەرگریی ئاسمانییەوە خرایەخوارەوە.

بەیانی دوێنێ هاوپەیمانیی عەرەبی لە یەمەن لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە لە 24 کاتژمێری رابردوودا، حووسییەکان بە حەوت فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر سعوودیە و تەواویان پوچەڵ کراونەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە تویتەر بڵاوی کردەوە کە لە کاتێکی نزیکدا، وردەکاری ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەتی بەرفراوان لە قوڵایی سعوودیە بڵاو دەکەنەوە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.