ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆکی ڕەوتی سەدر لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کە پێکهاتوون لە لایەنە نارازییەکانی ئەنجامی هەڵبژاردن کۆبووهوە، دوای کۆبوونەوەکەش ههردوولا ڕاگەیانراوییان بڵاوکردەوە.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان لە نووسینگەی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و بە ئامادەبوونی نوری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا و عەمار حەکیم و قەیس خەزعەلی کۆبووهوە، دوای کۆبوونەوەکەش موقتەدا سەدر لە تویتێکدا لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند: نە ڕۆژئاوایی دەبێت نە ڕۆژهەڵاتی، بەڵکو لەسەر بنەمای زۆرینەی نیشتمانی دەبێت.
هەروەها چوارچێوەی هەماهەنگیش ڕاگەیانراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە لەکۆبوونەوەکەدا باس لە کێشە هەڵپەسێردراوەکان و دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە کرا، هەروەها جەخت لە برایەتی و یەکڕیزی لەنێوان هاووڵاتییانی عێراقی کرا لەپێناو بەرژەوەندی عێراق. هەروەها چەند خاڵێکی تری ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەش خرایەڕوو.
چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژە بەوە دەکات لە کۆبوونەوەکەدا هەنگاوی کرداری و پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و لێپێچینەوە لە گەندەڵکاران و ڕاگرتنی بە هەدەردانی موڵکی گشتی تاوتوێ کرا.
هەروەها ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر نەهێشتنی هێزە دەرەکییەکان کرا لە چوارچێوەی کاتی دیاریکراو.
باس لە پاراستن و پشتیوانی و ڕێکخستنی حەشدی شەعبی کراوە بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆی لە پاراستنی عێراقدا ببینێت، هەروەها کاری هاوبەش بۆ پاراستنی بنەماکانی گەلی عێراق بکرێت.
هەروەها کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووری و نەهێشتنی کێبڕکێی سیاسی و گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ ناوچە دابڕێنراوەکان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
جێی باسە هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامی گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانی نێوانیان کردەوە بۆ پەرەپێدان بە چارەسەری ڕاستەقینە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.