Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 19:00

د. دیندار زێباری: لە هەرێمی کوردستان هیچ کەسێک لەسەر جیاوازى نەتەوەیى رووبەڕووى کێشە نەبووەتەوە

کوردستان TV
100%

د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم لە رۆژی جیهانی ئازادی ئایینی و بڕوا رایگەیاند: لە دوای ئازادکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ هەرێمی کوردستان تاکە شوێنە کە تیایدا هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەکان هەست بە ئاسوودەیى دەکەن تێیدا و هیچ کەسێک لەسەر جیاوازى نەتەوەیى رووبەڕووى کێشە نەبووەتەوە.

بەپێچەوانەوە حکومەتی هەرێم بەردەوام پشتگیری لە پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی دەکات بەبێ رەچاوکردنی جیاوازی ئایینی، مەزهەبی و نەتەوەیی. ئەمەش وایکردووە کە هه‌رێمى كوردستان ببێتە‌ ماڵ و مه‌نزڵگاى پێکهاتە ئایینى، نه‌ته‌وه‌یی، كه‌لتورى، ئیتنیه‌ جیاوازه‌كان.

ئەوەشی خستەڕوو کە لە دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش ئەو ناوچە کوردستانییانەی کە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی وەک کریستیان، ئێزدی، کاکەیی و شەبەکی تێدا نیشتەجێن کرایە ئامانجی سەرەکی، بەسەدان هەزار دانیشتووی ئەم ناوچانە ئاوارە بوون و روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، حکومەتی هەرێم پێشوازیی كرد لە زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر كە لە (39) كەمپ و بەشێكی دیكەشیان لە شارەكان نیشتەجێن، لەم ژمارەی ئاوارانە نزیكەی (139) هەزاریان لە برا كریستیانەكان و زیاتر لە(250) هەزار ئێزیدی و پێكهاتەكانی تری وەك عەرەب، شەبەك، كاكەیی و صابیئە بوون.

هەروەها هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەبێ جیاوازی بەرگری لەو ئاوارانە کرد و رۆڵی هەرە سەرەکیی هەبوو لە ئازادکردنەوەی ئەم ناوچانە و لەم پێناوەدا گیانی سەدان پێشمەرگە بوونە قوربانی. ئەمەش نیشانەی بەهێزی و پتەویی گیانی تەبایی و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی هەرێمە بەبێ جیاوازی.

زێباری ئاماژەی بەوەش کرد کە سەردانە مێژووییەکەی پاپا فرانسیس پاپای بۆ هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی قوداس لە شاری هەولێر ئاماژەیە کە کوردستان لانکەی پێکەوەژیان نێوان پێکهاتە ئایینییەکان و ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستانە.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە مافە یاساییەکانی پێکهاتەکان کرد و وتی: لە هەرێمی كوردستان چەند یاسایه‌ك کاریان پێدەکرێت، کە بۆ خزمەتکردنی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان دەرچوون و نیشانەی پەرۆشیی حکومەتی هەرێمی كوردستانه‌ بۆ پاراستنی مافی گشت پێکهاتەکان، وەک یاسای ژمارە (5)ی ساڵی 2015 کە بە یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی كوردستان ناسراوە و یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2014 کە بە یاسای زمانە فه‌رمییەکانی هەرێمی كوردستان ناسراوە و تێیدا هاتووە لە هەر شوێنێک کە ژمارەی دانیشتوانی لە پێکهاتەیەک بن، ئەوا زمانی ئەو پێکهاتەیە فەرمی دەبێت لە پاڵ زمانی کوردی لە خوێندن و کاروباری ئیداری.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا دیندار زێباری وتی: لە ساڵی 2017 حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامیی گۆڕی بۆ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، كە هەموو پێکهاتە ئایینیەکانی دیکە نوێنەرایەتییان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هه‌یه‌، وەك: (ئێزدی، كریستیان، جوو، كاكەیی، زەردەشتی، بەهائی، سابیئە مەندائی، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی (پێکەوەژیانی نێوان ئایینەکان) دامەزراوە بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان لە چوارچێوەی سیاسەتی یەکسانی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکات.

" رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر بەشداریی پێکهاتەکان لە کایەکانی حوکمڕانی لە هەرێمی كوردستان و گوتی، " لە رووی سیاسییەوە لە ساڵی (2005) ژمارەی کورسیی کۆتای پێکهاتەکان لە (٥) کورسییەوە زیادکرا بۆ (١١) کورسی بەم شێوەیە: (٥) کورسی بۆ تورکمان و (٥) کورسی بۆ کلدان، ئاشووری و سریان و (١) کورسیش بۆ پێکهاتەی ئەرمەن، ئەمەش نیشانەی پاراستن و گرنگیدانی هەرێمی کوردستانە بە گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان کە لە هەرێمی کوردستان دەژین، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی دوو کەس لە کریستیان و تورکمان پۆستی وەزیریان پێ سپێردراوە، لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی كوردستانیش ئافرەتێک سکرتێری پەرلەمانه‌ لە پێکهاتەی تورکمانە، ئەمەش نیشانەی گرنگیدانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان و بەشداری پێکردنه‌ به‌ پێكهاته‌ و نه‌ته‌وه‌كان لە ژیانی سیاسیدا."

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی پەروەردە و رۆشنبیری و خوێندنی زمانی پێكهاتە ئایینییەكان وتی: لە كوردستان پێكهاتەكانی سریانی و توركمانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خوێندنی تایبەت بە خۆیان هەیە و لەو چوارچێوەیەدا (21) قوتابخانە بە زمانی توركمانی و (56) قوتابخانە بە زمانی سریانی هەیە، هەروەها لەو ناوچانەی كە ئێزیدییەكان تێیدا زۆرینەن وانەی ئێزیدیاتی دەخوێندرێت لە قۆناغی یەك تا دوازدە، لە بواری چاپەمەنی حكومەتی هەرێم رێگری لەو كتێب بڵاوكرانەوە گرتووە كە هانی توندوتیژی دەدەن، هەروەها (1800) وتاربێژ رێزیان لێگیراوە، چونكە هانی پتەوكردنی بنەماكانی پێكەوەژیانیان داوە لە وتارەكانیان. ئێستا لە كوردستان (127) كڵێسا و (34) مەزاری ئایینی تایبەت بە كریستیانەكان هەیە و حكومەتی هەرێم پارێزگارییان لێدەكات.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: بە هەوڵەکانی ئەم لیژنەیەی کە حکومەتی هەرێم پێکیهێناوە بۆ رزگارکردنی رفێندراوان توانراوا تا رۆژی 1/8/2021 لەو رفێندراوانە (3550) کەسیان رزگارکراون لەوانە (1206) ئافرەت، (339) پیاو، (1049) منداڵ کچ و (956) منداڵ کوڕ و (2763)یان تا ئیستا رزگار نەکراون، سەبارەت بە بە دیکیۆمینت کردنی تاوانەکانیش وتی: بەپێی داتاکانی دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان تا ئێستا (2600) کەیسی رفێندراوانی ئێزیدی، کریستیان، شەبەک و تورکمان تەواو بووە و زیاتر لە (3000) کەیسیش لە لێکۆڵینەوەدایە، لەرووی دەروونییەوە (1278) ئافرەت لە سەنتەری راوێژکاری پارێزگای دهۆک چارەسەر کراون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.