Erbil 15°C پێنجشەممە 18 نیسان 06:08

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ تانەکاندا دەکات

کوردستان TV
100%

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق رایگەیاند کە بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو تەنانەدا دەکات کە لەلایەن لایەنەکانەوە لەبارەی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانەوە پێشکەشکراون و ئاماژەی بەوەیش دا کە تا ئێستا دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان، ھیچ بڕیارێکی لەبارەی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان نەداوە.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو تەنانانەی کە لەلایەن لایەنەکانەوە لەبارەی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانەوە پێشکەشکراون، خستەڕوو و ھاتووە "ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ تانەکاندا دەکات ئەوەیش لە میانی پێشکەشکردنی داواکاریی بە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لەلایەن ئەو لایەنانەی کە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانەوە رەت دەکەنەوە".

ئاماژە بەوەیشدراوە کە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بەپێی بەڵگەکان، وردبینی دەکات بۆ داواکاریی لایەنەکان سەبارەت بە دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست و دواتر یان بڕیارێکی ئەرێنی لەسەر داواکارییەکان دەدات یان داواکارییەکان رەت دەکاتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا، ھەروەھا ھاتووە "لایەنەکان مافی ئەوەیان ھەیە لەبەردەم دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان سەربە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی تانە لەسەر بڕیاری رەتکردنەوەی داواکارییەکانیان لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە تۆمار بکەن".

باس لەوەشکراوە، ئەو تەنانانەی کە پێشکەشکراون بە نووسراو رەوانەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کراون بۆ ئەوەی بڕیاریان لەوبارەیەوە بدرێت و دواتر رەوانەی دەستەی دادوەریی دەکرێن بۆ ئەوەی بەپێی یاسا پێداوچوونەوەیان بۆ بکرێت و ھاتووە "تا ئێستا دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان، ھیچ بڕیارێکی لەبارەی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانەوە نەداوە".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە ئەگەر بەڵگەی پێویست ھەبوو بۆ ئەوەی دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بۆ ژمارەیەک وێستگە ئەنجام بدرێتەوە، ئەوا ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەتوانێت رەزامەندی لەوبارەیەوە نیشان بدات و ھاتووە "ئەگەر ئەنجوومەنی کۆمیسیارانیش ئەو کارەی رەت کردەوە، ئەوا دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان، دەتوانێت بڕیاری ئەوە بدات دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست بۆ ژمارەیەک وێستگە، نەوەک بۆ سەرجەم وێستگەکان ئەنجام بدرێتەوە".

دوێنێ سێشەممە پێشکەشکردنی تانەکان لەلایەن لەلایەنەکانەوە لەسەر ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆتایی هات و لای خۆیەوە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان رایگەیاندبوو کە تا ئێستا ھەزار و 300 تانەی لەسەر ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان بەدەست گەیشتووە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.