Erbil 15°C سێشەممە 23 نیسان 17:23

رەوتی حیکمەی نیشتمانیی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی رەتکردەوە

کوردستان TV
100%

رەحیم عەبودی، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی لە عێراق، رایگەیاند کە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران رەتدەکەنەوە.

رەحیم عەبودی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە، بەڵگەی ئەوەیان ھەیە کە دەیسەلمێنێت، پێشێلکاریی لە ھەڵبژاردنەکاندا ئەنجامدراوە و گوتی: "لەبەر ئەوە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان رەتدەکەینەوە".

راشیگەیاند کە بەم زووانە لە دادگای باڵای فیدراڵیی، سکاڵا لەسەر ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان تۆمار دەکەن و گوتی: "پێشبینی ئەوەمان دەکرد لەگەڵ ھاوپەیمانیی نەسر لە ھەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا، 20 کورسی بەدەست بھێنین".

بەپێی دوایین ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، رەوتی حیکمەی نیشتمانیی بەسەرۆکایەتی عەممار حەکیم دوو کورسی بەدەستھێناوە و ھاوپەیمانیی نەسریش بەسەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی دوو کورسی بەدەستھێناوە.

پێشتریش هەریەک لە ھاوپەیمانیی فەتح بەسەرۆکایەتی ھادی عامری، ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی و عەسائیبی ئەھلی حەق بەسەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی و کەتائیب حزبوڵڵا بەسەرۆکایەتی ئەبو حوسێن حەمیداوی رایانگەیاند کە دوایین ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە راگەیەندراوە، رەتدەکەنەوە.

بەپێی دوایین ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر لە کۆی 329 کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، 73 کورسی بەدەستھێناوە.ھەروەھا ھاوپەیمانی تەقەدوم بەسەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی 37 کورسی و ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی 34 کورسی بەدەستھێناوە. پارتی دیموکراتی کوردستان 33 کورسی و ھاوپەیمانی عەزم بەسەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر 12 کورسی و ھاوپەیمانیی کوردستانی 16 کورسی و ھاوپەیمانیی فەتح 17 کورسی و بزووتنەوەی ئیمتیداد نۆ کورسی و نەوەی نوێ نۆ کورسی، یەکگرتوو چوار کورسی و کۆمەڵەی دادگەریی یەک کورسیان به‌ده‌ست هێناوه‌.

 

 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.