Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 15:26

لیژنەی هەڵبژاردنی پارتی: پارتی دیموکراتی کوردستان دەستکەوتێکی مەزنی بەدەستهێنا

کوردستان TV
100%

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایدەگەیەنێت، پارتی دیموکراتی کوردستان دەستکەوتێکی گەورەی بەدەستهێناوە و لە ئەنجامەکانی قەبوڵە، هەروەها سوپاسی لایەنگر و ئەندامانی پارتی دەکات بۆ پشتگیرییان.

ئەمڕۆ سێشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2021 لێژنەی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرپەرشتی هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە هەڵبژاردنی عێراق گوتی: دەستکەوتێکی باشمان بەدەستهێنا، سەرەڕای ئەوەی ڕێژەی بەشداریکردن کەم بوو، هەروەها گوتیشی دەنگی پارتی دیموکراتی کوردستان کەمی نەکردووە بەڵکوو ڕێژەی بەشداریکردن کەمیکردووە.

هۆشیار زێباری هەروەها گوتی: بانگەشەیەکی هێمن و ئاراممان بەڕێوەبرد، بەهێمنی کارمان دەکرد بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانمان، قسەکەی سەرۆک بارزانیمان کردە بنەمایەک بۆ خۆمان کە وتی "کەم قسە بکەن و زۆر کاربکەن."

گوتیشی: پارتی خۆی پاراست لە وەڵامدانەوەی هێرشی حیزب و لایەنەکانی دیکە، سەرەڕای ئەوەی هێرشێکی زۆریان دەکردە سەر پارتی، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان بەهێمنی کاری لەسەر بەرنامەی خۆی دەکرد.

هۆشیار زێباری گوتیشی: ئەم هەڵبژاردنە بۆی دەرخستین کە میللەت هۆشیارە و دەزانێت دەنگ بە کێ دەدات، دەزانێت کێ داکۆکی لە مافەکانی کورد دەکات، هەروەها سزای ئەو کەسانەشی دا کە لە دژی میللەتی خۆیان کاریان دەکرد کە ئەوەش شتێکی باش بوو.

هۆشیار زێباری ڕایگەیاند، پەیوەندییمان لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقییەکان باشە بە لایەنە شیعە و سوننەکانەوە.

سەبارەت بە یەکڕیزی نێوماڵی کورد، هۆشیار زێباری گوتی ئێمە لەگەڵ یەکڕیزیداین و  یەکڕیزی ئێمە لە بەغدا دەنگی کورد بەهێزتر دەکات.

هەروەها  سەبارەت بە کۆنگرەی پارتی هۆشیار زێباری گوتی: ئەم هەڵبژاردنە لەکاتێکی باش بوو و بۆی دەرخستین کە پارتی پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە و لە دوای هەڵبژاردنیش بابەتی کۆنگرەش دەخرێتەڕوو.

هۆشیار زێباری سەبارەت بە سەرۆک کۆماری عێراقیش گوتی: پێویستە سەرۆک کۆماری عێراق کورد بێت و ئەوە شتێکە کۆتایی پێهاتووە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.