Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 17:19

ئومێد خۆشناو مژدەی چارەسەرکردنی وشکە ساڵی لە پارێزگای هەولێر بە هاووڵاتییان دەدات

کوردستان TV
#14
100%

 

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند کێشەی وشکەساڵی چارەسەر کرا بۆ ئەمساڵ و پلانی ستراتیژی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بۆ ساڵانی داهاتوو.

ئەمڕۆ شەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2021 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: کێشەی وشکەساڵی بۆ ئەمساڵ کۆنتڕۆڵ کرا و پلانی ستراتیژیمان هەیە بۆ ساڵانی داهاتوو، بۆ ئەوەی بتوانین کێشەکە چارەسەر بکەین.

پارێزگاری هەولێر لە دەستپێکی گوتەکانیدا گوتی: "خۆشحاڵین، ڕایدەگەیەنین بەو هەنگاوانەی لە ڕابردوودا گرتمانە بەر، دۆخی وشکە ساڵی چارەسەرکرا و کۆنتڕۆڵ کرا و ئەمساڵی وشکە ساڵیمان دەرباز کرد".

هەروەها گوتیشی: ئەگەر بابەتی گرفتەکانی ئیفراز نەهاتبا پێش لە مانگی ئەیلوول، ئەوا لەو کاتەدا ئەو مژدەیەمان ڕادەگەیاند.

ئومێد خۆشناو دەڵێت: "بە پێی ئەو پلانەی کە دامانڕشتبوو چەند هەنگاوێکمان گرتە بەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی وشکەساڵی، کە ئەوانیش پێکهێنان و دروستکردنی ژووری عەمەلیات بوو، کە ژوورەکە پێکهاتبوو لە هەموو فەرمانگەکانی پەیوەندیدار، هەروەها ڕاسپاردنی شانەی قەیرانەکانی پارێزگا بۆ خوێندنەوەی دۆخەکە و دەستنیشانکردنی کێشەکان و چارەسەرکردنیان، هەروەها دروستکردنی چەند لێژنەیەک بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە وەک لێژنەی بڕینی زێدەڕۆیی، هەروەها گەیاندنی ئاو بەتەنکەر بۆ ماڵان کە هەموو فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت ڕاسپێدرابوون بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.

ئومێد خۆشناو لە کۆنفڕانسەکەدا باسی لەو پلان و ڕێککارانە کرد کە گرتوویانەتە بەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە کە ئەوانیش چارەسەرکردنی گرفتەکانی ٥١٣ بیر بووە وەک  شۆڕکردنەوەی بۆڕی و غەتاسییان بۆ ئەنجام درا.

ڕێککارێکی دیکەیان لێدانی  76 بیر و هەروەها ئێستاش 25 بیری دیکە کاری لەسەر دەکرێ و لە جێبەجێکردن دایە.  

هەروەها 133 پڕۆژەی ڕاکێشانی تۆڕی ئاو و چارەسەرکردنی کێشەکانیان و گەیاندنی کارەبای بەدیل بۆ 46 بیر، کاری لە پێشینەی کارەکان بوون، گەیاندنی تانکەری ئاویش بۆ ماڵان یەکێکی دیکە بوو لەو ڕێککارانە.  

پارێزگاری هەولێر گوتی، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی وشکەساڵی 8 ملیار 643 ملیۆن و 411 هەزار و 900 دیناری عێراقی خەرجکراوە.

ئومێد خۆشناو لە درێژەی قسەکانیشیدا ئاشکرای کرد کە سەرچاوەی ئەو بڕە پارەیە چۆن دابینکراوە و گوتی: سەرچاوەی دابینکردنی ئەو بڕە پارەیە، بەشێکی لەلایەن خودی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە، هەروەها بەشێکی دیکەی لەسەر داهاتی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو و بووجەی تەرخانکراوی شارەوانی بۆ وشکە ساڵی، بەشێکی تریش لەسەر بووجەی پارێزگا و  هەروەها گڕوپە خێرخوازییەکانیش زۆر هاوکاربوونە.

ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند، هەموو ئەو کارانەی کراون چارەسەرێکی کاتی بوون بۆ دۆخێکی کاتی وشکەساڵی، پلانی ستراتیژیمان بۆ داهاتوو هەیە بۆ چارەسەرکردنی وشکەساڵی، کە هەنگاوی باشی بۆ گیراوەتە.

پارێزگاری هەولێر پلانەکانی خستەڕوو و ڕایگەیاند: بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە ڕەزامەندیمان وەرگرتووە لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی ئیفراز 4، کە هۆکارێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی هەولێر لە قەیرانی کەم ئاوی بۆ چەند ساڵێکی درێژ خایەن ڕزگاری بێت.

هەروەها ڕاشیگەیاند: دروستکردنی چەند بەنداوێک لە جێبەجێکردندان کە ئەوانیش بەنداوی "گۆمە سپان، بەستۆرە و مەنداوە"ـەن کە بەنداوی سەرەکی دەبن بۆ گڵدانەوەی ئاو.

ئومێد خۆشناو لە کۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا سوپاسی خەڵکی هەولێری کرد بۆ ئارامگرییان و گوتی: ئەو ئارامگرییەی خەڵکی هەولێر بووە هۆکارێک بۆ ئەوەی ئێستا ئەو مژدەیان پێ ڕابگەیەنین.

 

ئا. عەبدوڵڵا ئازاد

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.