Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 05:25

ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران کۆبووه‌وه‌ و پڕۆژه‌ و پلانێکی نوێی په‌سند کرد

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەم ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای (سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەکانی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان) لەلایەن بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو خرایەڕوو، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و خستنەڕووی چەند تێبینییەک، لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاساکە پەسەند کرا و دواتر ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت بۆ تەشریعکردنی.

ئەم یاسایە ڕۆڵی کاریگەری دەبێت لە دۆزینەوەی هەلی کار بۆ دەرچووانی کۆلێج وپەیمانگا و ئامادەیییە کشتوکاڵییەکان و دەرچووانی خوێندنی پزیشکی ڤێرتێنەری، ئەوانەی کە لە فەرمانگەکانی حکوومەت دانەمەزراون، هەروەها دەبێتە هۆی بووژاندنەوە و پێشخستنی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان لەژێرسەرپەرشتی خاوەن توانای زانستی، کە ئەمەش بەشێکە لە بەرنامەی کاری کابینەی حکوومەت.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا ، لەلایەن دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، (پلانی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021- 2025 ) خرایەڕوو، وەک بەشێک لە پابەندیی هەرێمی کوردستان بە پلانی نیشتمانیی فیدراڵی کە لە سەر بنەمای ئەو ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییانەیە کە عێراق ئەندامە تێیاندا بە ڕەچاوکردنی تێبینی و ڕاسپاردەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە ئامانج لێی گونجاندنی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستانە لە گەڵ پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و ئەو ماف و ئازادییانەی لە دەستووری فیدڕاڵی هاتوون سەرەڕای بەشداریکردنی هەرێم لەچوارچێوەی شاندە فیدڕاڵیيەکان لە گفتوگۆ و پێگە نێودەوڵەتیەکانی بواری مافی مرۆڤ و پتەوکردنی دامەزراوەکانی هەرێم لە جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان و برەودان بە ڕۆڵی ئافرەتان و پێکهاتە ئایینی ونەتەوەییەکان و پێشوازی لە ئاوارە وپەنابەران و دەستنیشانکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە جێبەجێکردنی پلانەکە.

دوای خستنەڕووی چەند سەرنج و تێبینییەک، بڕیاردرا لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاری کۆتایی پەسەندکردنی بدرێت و بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.