Erbil 32°C ھەینی 27 ئەیلوول 18:34

چه‌ند سودێکی خواردنی مه‌لیکان

پریەتی لە ماددەی پڕۆتین و كاربۆهیدرات و فۆسفۆڕ و پۆتاسیۆم و ڤیتامینەكانی B
کوردستان TV
100%


دۆمبەڵان  كه‌ پێی دەڵێن " خواردنی مەلیكان " خۆراكێكی یەكجار بە سوود و خۆشە و هەموو كات داواكاری زۆری لەسەرە و مرۆڤ هیچ كاتێك ناتوانێ دەست بەرداری بێت، هەر بۆیە نرخەكەی هەمیشە لە بەرزیدایە و هیچ كاتێك هەرزان نابێت، هەر بۆیە پێی دەڵێن خواردنی مەلیكان .

 ئه‌م خۆراكه‌ بەهۆی هەورە بروسكەوە لە تۆی خاك دەردەكەوێ ئەویش لە دوای باران بارینێكی زۆرەوە ، دۆمبەڵان لە هەموو شوێنێك هەیە بە تایبەتی لە كوردستانی خۆمان و شاری هەولێر زیاتر لە دەشتی قەراج و كەندیناوە و چیای قەرەچوغ و گەرمیان و بیابانی عەرەبی سعودیە و ئەوروپا و ئەمریكا و گەلێك شوێن و جێگای دیكە .

 لە باشووریش هەر لە دەشتی موسڵەوە بگرە تا دەگاتە ڕومادی و شارەكانی دیكەی باشوور، بەڵام دۆمبەڵانی باشوور و هی كوردستانی خۆمان زۆر جیاوازییان هەیە لە تام و ڕەنگ و نرخەوە، دوور لە پیاهەڵدان شارەزایان دەڵێن دۆمبەڵانی قەرەچوغ یەكێكە لە دۆمبەڵانە هەرە باشەكان لە ڕووی تامەوە، چونكە هەر شوێنێك ئاوی كەم بوو ئەوا دۆمبەڵانەكەی زۆر باش و بە سوود دەبێت .

 ئەگەر بە شێوەیەكی ورد و زانستیانە لەو ڕووەكە وردبینەوە دەبینین بێگومان سوود و قازانێكی یەكجار زۆری بۆ خودی مرۆڤ هەیە، بە تایەتیش ئاوەكەی باشترین چارەسەرە بۆ نەخۆشی چاو بە پێی چەندین تاقیكردنەوە و توێژینەوەی زانستی پزیشكی و فەرموودەیەكی پێغەمبەری مەزنی ئیسلام دروودی خوای لەسەر بێ كە دەفەرمووێ " الكمأە من المن، وماۆها شفا‌و للعین " واتە ئاوی دۆمبەڵان باشترین شیفایە بۆ چاو، دەكرێ لەو ڕووە وە سوودی لێ ببینین .

بە پێی ئەوەی دۆمبەڵان پریەتی لە ماددەی پڕۆتین و كاربۆهیدرات و فۆسفۆڕ و پۆتاسیۆم و ڤیتامینەكانی B بۆیە سوودێكی زۆری بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە لەوانە:- چاو بەهێز دەكات و دژی شێرپەنجەیە، چونكە ماددەی ئۆكسیدی زۆری تێدایە و پارێزگاری لە سەلامەتی جگەر دەكات، هەروەها نینۆكی مرۆڤ بەهێز دەكات، چونكە كەسانێك هەن نینۆكەكانیان دەوەرن، لەلایەكی دیكەوە سوودی هەیە بۆ ژەهراوی بوونی خوێن و پاكی دەكاتەوە و كرداری سیكسی لە مرۆڤ چالاك دەكات .

شارەزایانی بواری پزیشكی و ڕووەك ئەو ڕاستیە ئاشكرا دەكەن كە دۆمبەڵان وێرای ئەو هەموو سوودانەی كە هەیەتی، بەڵام لە هەمان كاتیش زیان بەو كەسانە دەگەیەنێت كە نەخۆشی گەدە و ڕیخۆڵە و قۆڵۆنیان هەیە، چونكە ئەگەر زۆری لێ بخۆی ئەوا غازات لە ناو ڕیخۆڵەكان پەیدا دەكات .  

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.