Erbil 29°C ھەینی 27 ئەیلوول 22:27

مەسروور بارزانی: سەد ساڵە ئێمە نادادپەروەریمان بەرامبەر دەکرێت و جینۆساید دەکرێین

مەسروور بارزانی: ئەگەر کورد نەبوایە داعش نەدەوەستێندرا
کوردستان TV
100%

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بۆ سەد ساڵە ئێمە نادادپەروەریمان بەرامبەر دەکرێت و جینۆساید دەکرێین، بۆیە بەسە و ئێمەش شایەنی ئەوەین بە یەکسانی وەک هەر نەتەوەیەکی دیکە مامەڵەمان لەگەڵدا بکرێت.

مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاندووە "پێموایە ئەوەی ئێمە بۆ جیهانمان کردووە، چەندین جار زیاترە لەوەی جیهان بۆ ئێمەی کردووە. ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین بەمە بزاندرێت".

مەسروور بارزانی بە ئاماژەدان بەوەی کورد لە شەڕی داعش بەرگری لە خۆی کردووە، دەڵێت: "بەڵێ، ئێمە بەرگری لە خۆمان دەکەین، بەڵام ئەگەر هێزی کوردیش نەبوایە داعش لە کوردستان نەدەوەستێندرا".

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان جەختیشی لەوەکردەوە کە کورد بۆ جیهانی سەلماندووە شایەنی ئەوەن داپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و گوتی "بۆ جیهانمان سەلماندووە کە ئێمە شایەنی ئەوەین بەیەکسانی لەگەڵ هەر نەتەوەیەکی دیکە مامەڵەمان لەگەڵدا بکەن"

مەسروور بارزانی لە هەڤپەیڤینەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، کورد بۆ سەد ساڵە جینۆساید دەکرێن و نادادییان بەرامبەر دەکرێت ئاماژەی بەوەشداوە "ئەمە بەسە".

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەپرسێت ، چی وادەکات قەناعەت بە (رۆژئاوا) بێنێت کە ئێمە شایەنی ژیانێکی باشترین؟ قوربانیدان؟ قوربانیمانداوە. دڵسۆزبوون؟ دڵسۆزین. دۆست؟ ئێمە متمانەپێکراوترین دۆستین کە رۆژئاوا هەیەتی. لەبەرامبەر ئەوانەدا ئێمە چیمان دەوێت؟ هەموو ئەو شتەی کە ئێمە پێویستمانە یەکسانییە. ئێمەش دەمانەوەێت وەکو ئێوەبین.

مەسروور بارزانی لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا رایگەیاندووە "کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کە کێشەی جددی لەگەڵ بەغدا هەیە" کە دەبێت چارەسەری ئەو کێشانە بکرێت. لە روانگەی بارزانی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەش یان " لەرێگەی بەکارهێنانی هێزە، یانیش بە رێگەیەکی ئاشتیانەیە"

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کورد بێزارە لەشەڕ و لەگەڵ ئاشتیدایە، بەڵام ئاشتی مانای پاشکۆبوون و ملکەچی نییە، ئەو گوتی: "هیچ شەڕێکی دیکەمان ناوێت. بێزاربووین لە مردن، بێزاربوون لە راکردن، بێزاربووین لە تێکشکاندن، بێزاربووین لەو شێوە ژیانە. ئێمە ئاشتیمان دەوێت، بەڵام ئاشتی مانای خۆ بەدەستەوەدان نییە. ئاشتی مانای ژێردەستیی نییە".

كوردستان تیڤی/ رفعت مزورى

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.