بانكی بازرگانی عێراق (TBI) ئاشكرای دەكات كە گرێبەستیان واژۆ كردووە بۆ هاتنە نێو پڕۆژەی "هەژماری من" و بەشداریكردن لە پڕۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.
ئەمشەو یەكشەممە بانكی بازرگانی عێراق (TBI) لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە "لەگەڵ پڕۆژەی "هەژماری من" گرێبەستمان واژۆ كرد بۆ بەشداریكردن لە پڕۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان".
بڵاویشی كردەوە "دوای بڕیاری دادگای باڵای فیدڕالی و هەروەها لەسەر رێنوێنی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بانكەكەمان لە پڕۆژەی "هەژماری من" بەشدار دەبێت".
لای خۆشییەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتڕاستی گرێبەستەكەیان لەگەڵ بانكی بازرگانی عێراق كردەوە بۆ بەشداریكردن لە پڕۆژەكە کە تایبەتە بە پرۆسەی تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
پڕۆژەی "هەژماری من" پڕۆژەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ بەبانكیكردنی مووچە و كردنەوەی هەژماری بانكی بۆ سەرجەم فەرمانبەران، پلان داڕێژراوە تا كۆتایی ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆر لەم پرۆسەیەدا تۆمار بکرێن و ببنە خاوەن هەژماری بانكی خۆیان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.