ئەمڕۆ چوارشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی 21 پڕۆژەی خزمەتگوزاریی تایبەت بە قیرتاوکردنی جادە و شەقام، دروستکردنی پرد، ئاو و ئاوەڕۆ، لە سنووری شارۆچكەی مێرگەسۆر دانا.
سەرۆکی حکوومەت لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا کە ئەم پڕۆژانە خزمەت و ئاسانکارییەکی باش بە هاووڵاتییانی گوند و شارۆچکەکانی دەڤەرەکە دەکەن و بەرنامەی حکوومەتیش ئەوە بووە کە گرنگی تەنیا بە سەنتەری شارە گەورەکان و پارێزگاکان نەدرێت، بەڵکو کار و پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بگەیەنێتە هەموو گوند و دێهات و شارۆچکەکانیش بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتییانی کوردستان سوودمەندبن لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
سەرۆکی حکوومەت گوتیشی ئامانجێکی دیکەی حکوومەت پێشخستنی باری ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کارە بۆ دانیشتووانی گوندەکان لە ڕێگەی پڕۆژەی بچووک و مامناوەند وەکو دروستکردنی کارگەی پێویست لەم دەڤەرانە، کە لەلایەک دەبێتە زیاتربوونی داهاتی خەڵک و لەلایەکی دیکەش داهاتی گشتیش زیاتر دەبێت.
سەرۆکی حکوومەت هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دەڤەری بارزان، دەڤەرێکی ستراتیژییە و مەڵبەندی سەرەکیی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کوردستان بووە و لە 120 ساڵی ڕابردوودا، ئەم دەڤەرە ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستانی کردووە و دەسکەوتی زۆری بۆ خەڵکی کوردستان بەدەسهێناوە. بۆیە دوژمنانی کوردستان هەمیشە دژایەتیی بارزان و خەڵکی دەڤەری بازرانیان کردووە، چونکە خەڵکی ئەم دەڤەرە هیچ جارێک سەری خۆیان بۆ دوژمن شۆڕ نەکردووە. لە ئەنجامی شەڕەکانیشدا، چەندیان جار گوندەکانی دەڤەرەکە سووتێنراون و وێرانکراون، بەڵام هەمیشە خەڵکی ئەم دەڤەرە بە باوەڕبوون بە خوا، گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان و دەڤەرەکەیان لە جاران ئاوەدانترکردووەتەوە.
هیوادارم دوژمنان هیچ کاتێک نەتوانن ئەم دەڤەرە و هیچ شوێنێکی کوردستان داگیر بکەن. ئەوانەی خەونیشیان بە تێکدانی بارزان یان شۆڕشی کوردستان بینیبێت ئێستا لە گۆڕدان. بۆیە بە پشتیوانی خوای مەزن کوردستان و بارزان هەمیشە سەربڵند و پارێزراو دەبن و ئێمەش بەردەوام دەبین لە بەرنامەکانمان بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەموو گوند و دێهاتەکانی کوردستان.
سەرۆکی حکوومەت لە کۆتاییدا گوتی: ئەمڕۆ ساڵیادی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەرە، کە لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، خیانەتێکی گەورە بەرانبەر خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی شاری کەرکووکی دڵی کوردستان کرا. سوپاس بۆ خوا و پشتیوانی میللەتەکەمان، پلانی نەیاران و دوژمنان سەری نەگرت کە دەیانویست هەموو کوردستان داگیر بکەن، بەڵام پێشمەرگە قارەمانەکان بەرگرییان لە کوردستان کرد و نەیانهێشت پیلانەکانی ئەوان سەربگرێت. ئەوەی گرنگە، خەڵکی ئێمە ئەم خیانەتە مەزنە لە بیر نەکەن و دەبێ بە ئیرادە و بڕیاری خۆیان، سنوورێک بۆ خیانەتکاران دابنێن بۆ ئەوەی چیتر خیانەت بەردەوام نەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.