جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەمیانەی كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ كادیری لقەكانی سنووری پارێزگای هەولێر رایگەیاند، پارتی تاكە ئومێدی كوردستانە و سەركەوتنیشی سەركەوتنی هەموو كوردستانییەكی نیشتمانپەروەرە.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی، لەگەڵ ژمارەیەک لە کادیرەکانی پارتی لە سنووری پارێزگای هەولێر كۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکی پارتی ڕایگەیاند "پارتی لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە لەسەر دەستی ڕابەری نیشتیمانیمان بارزانیی نەمر، حزبی هەموو چین و توێژ و پێکهاتە جیاوازەکان و هەموو ناوچەکانی کوردستان بووە، مایەی شانازیشە کە ئەمڕۆ پارتی پارێزەر و گەرەنتی پاراستن و پێشکەوتنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستانە".
مەسرور بارزانی داوای لە ئەندام و کادیر و لایەنگرانی پارتی کرد لە ئاست گەورەیی و سەنگ و پێگەی پارتیدا بن و نموونەیەکی باڵای ڕەوشتبەرزی و دڵسۆزیی بن و بە گیانێکی کوردستانییانە، خزمەتی خەڵکی کوردستان بن.
جێگری سەرۆکی پارتی دووپاتیشی کردەوە کە لە کاتی قەیران و تەنگانەدا، پارتی تاکە هێز بووە هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریکردنە لە شکۆ و کەڕامەتی گەلی کوردستان و دەسکەوتە نیشتمانییەکاندا بووە، بۆیە بووەتە جێی متمانەی زۆرینەی خەڵکی کوردستان.
مەسرور بارزانی گوتیشی "لەژێر سایەی پارتیدا، کوردستان زیاتر پێش دەکەوێت و دەبووژێتەوە و گەشە دەکات".
ئاماژەی بەوەش دا "پارتی تاکە ئومێدی کوردستانە و بەدڵنیاییەوە سەرکەوتنی پارتی، سەرکەوتنی هەموو کوردستانییەکی نیشتمانپەروەرە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.