سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ئولاف شوڵز و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، کایر ستارمەر جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە بە پەلە و بەبێ ڕێگریی هاوکاری بگات بە خەڵکی غەززە و دابەش بکرێت بەسەریاندا.
ماکرۆن و شوڵز و ستارمەر لە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشدا بە خۆشحاڵییەوە پێشوازیان لە بانگەوازی وڵاتانی نێوەندگری ئەمریکا و میسر و قەتەر کرد بۆ دەستپێکردنی دانوستان لە نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ ئاڵوگۆڕی دیل و فەراهەمکردنی ئاگربەست لە غەززە و پشتیوانی خۆیان بۆ دەربڕی.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هاوڕان لە بارەی ئەوەی ناتوانرێت دەستپێکردنی دانوستانەکان زیاتر دوابکەوێت و، هاتووە: "لەگەڵ هەموو لایەنەکان بەیەکەوە کار دەکەین بۆ ڕێگریی کردن لە هەڵکشانی گرژییەکان و، هیچ هەوڵێک لەدەست نادەین بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و دۆزینەوەی ئەو ڕێگایەی بەرەو سەقامگیریی دەچێت".
لە ڕاگەیاندراوە هاوبەشەکەدا بەپێویست زانراوە دەستبەجێ شەڕ و پێکدادانەکان ڕابگیرێن و دیلەکان ئازاد بکرێن و، هاتووە: پێویستە بە پەلە و بێ سنوور هاوکاریی بە خەڵکی غەززە بگات و دابەش بکرێت بەسەریاندا.
هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە نیگەرانییەکانیان کراوە لەبارەی هەڵکشانی گرژییەکان لە ناوچەکەدا و، باس لەوە کراوە کە هاوڕان لە بارەی کەمکردنەوەی گرژییەکان و دەستەبەرکردنی سەقامگیریی هەرێمیی.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "لەو بارەیەشەوە داوا لە ئێران و هاوپەیمانانی دەکەین خۆیان بەدوور بگرن لە هەر هێرشێک کە گرژیی هەرێمیی زیاتر دەکات و دەرفەتی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان دەخاتە مەترسییەوە. بەرپرسیارێتیی ئەو کردارانە هەڵدەگرن کە ئەم دەرفەتی ئاشتیی و سەقامگیرییە دەخەنە مەترسییەوە. هیچ وڵات و نەتەوەیەک سوودمەند نابێت لە زیاتر پەرەسەندنی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.