پارێزگاری هەولێر ئاشكرای كرد كە رەزامەندییان وەرگرتووە ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارەكانی ئاو، كارەبا، شەقام و ئاوەڕۆ دروست بكرێن.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و بڵند ئیسماعیل بەرپرسی لقی2ی پارتى سەبارەت بە کار و گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەمساڵ 2024، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ کارگێڕ و ئەندامانى لق و بەرپرسانی لیژنە ناوچەکان ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، دواى ئەوەى لە لایەن پارێزگارى هەولێر پلان و بەرنامەى کاری پارێزگا بۆ ساڵى 2024 لە چوارچێوەی پڕۆژەکانى پەرەپێدان خرایەڕوو، کە ڕەزامەندیان بۆ وەرگیراوە بە گوژمەی (121 ملیار و 500 ملیۆن دینار) و بوودجەی تەرخانکراو بۆ سەنتەری شاری هەولێر (59 ملیار دینار)ـە، بۆ گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سەرجەم سێکتەرەکانی (ئاو، کارەبا، شەقام، ئاوەڕۆ) و خزمەتگوزاریی دیکەی پێویست.
پڕۆژەكان لەلایەن جێگری پارێزگاری هەولێرەوە چۆنیەتی ئەنجامدان و شوێنی پڕۆژەکان و دابەشکارییان لە سنووری شارەوانییەکان بەپێی پێویست ڕوونکردنەوەی لەبارەوە درا.
پاشان گفتوگۆیەکی کراوە دەربارەی بەرنامە و پلان و ستراتیژییەتى کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ و بەرژەوەندی گشتیی هاووڵاتییان کرا، کە لە سەر ڕاسپاردە و فەرمانى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بەردەوامیدانە بە گەیاندنى خزمەتگوزارییە پێویستەکان بە شێوەیەکى یەکسان لە سنوورى هەر 10 قەزا و گوند و ناحییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، بە تایبەتى ئەو شوێنانەى کە پێویستیان بە ئاوەڕلێدانەوەى زیاتر هەیە.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، لەپێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییان و خەڵكی شارى هەولێر کە شایستەی ئەوەن باشترین خزمەتگوزارییان لە سەرجەم سێکتەرە جیاجیاکان پێشکەش بکرێت، تەئکید لە سەر هەماهەنگی و هاریکارى زیاتری نێوان حزب و حکوومەت کرایەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.