Erbil 11°C شەممە 23 تشرینی دووەم 21:36

سوپای ئەمریکا تێکشکاندنی پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوان حووسییەکانی لە دەریای سوور و یەمەن ڕاگەیاند

کوردستان TV
100%


فەرماندەیی ناوەندیی ھێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM)، تێکشکاندنی پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حووسییەکانی لە دەریای سوور و یەمەن، ڕاگەیاند.

فەرماندەیی ناوەندیی ھێزەکانی ئەمریکا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھێزەکانیان، سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە دەریای سوور تێشکاندووە کە لەلایەن حووسییەکانەوە لە یەمەن ئاراستە کرابوون.

ھەروەھا ڕاشیگەیاندووە کە دوو فڕۆکەی بێفڕکەوانی دیکە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان لە یەمەن، لەلایەن ھێزەکانی سەربە فەرماندەیی ناوەندیی ھێزەکانی ئەمریکاوە تێکشکێندراون.

باسی لەوەش کردووە، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی حووسییەکان کە تێکشکێندراون، ھەڕەشە بوون بۆسەر ھێزەکانی ئەمریکا، ھاوپەیمانان و کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکە و ڕایگەیاندووە کە زنجیرەیەک ڕێوشوێنیان بۆ پاراستنی ھاتوچۆی کەشتییە بارزگانییەکان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا، گرتووەتەبەر.

تا ئێستا حووسییەکان، ھیچ ڕاگەیاندراوێکیان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.

فەرماندەیی ناوەندیی ھێزەکانی ئەمریکا لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ئەوەشی خستووەتەڕوو کە حووسییەکان زنجیرەیەک ھێرشیان کردووەتە سەر کەشتی (BENTLEYI) لە دەریای سوور.

باسی لەوەش کردووە، کەشتییەکە کە ئاڵای پەنامای لەسەر ھەڵگراوە سەربە ئیسرائیلە و لەلایەن مۆناکۆوە لە دەریای سوور بەڕێوەدەبرێت.

ڕاشیگەیاندووە کە کەشتییەکە لەو کاتەدا، ھێرشی کراوەتە سەر کە بارێکی ڕۆنی زەیتی لە ڕووسیاوە بۆ چین دەگوازتەوە.

ڕوونیشیکردووەتەوە کە حووسییەکان لە ھێرشەکەی سەر کەشتییەکە، سێ بەلەمیان بەکارھێناوە و ئاماژەی بەوەشداوە کە ڕووداوەکە، ھیچ زیانێکی لێ نەکەوتووەتەوە و تیمی نێو کەشتییەکە سەلامتن.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ئەوە خراوەتەڕوو کە حووسییەکان بە ئاراستەکردنی بەلەمێکی بێ سەرنشین، ھێرشیان کردووەتە سەر کەشتی "CHIOS LION"لە دەریای سوور.

باسی لەوەشکردووە، کەشتییەکە کە ئاڵای لیبێریای لەسەر ھەڵگراوە سەربە دوورگەکانی مارشاڵە و لەلایەن یۆنانەوە لە دەریای سوور بەڕێوەدەبرێت.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، بەھۆی ھێرشەکەوە زیانێکی کەم بە کەشتییەکە کەوتووە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.

فەرماندەیی ناوەندیی ھێزەکانی ئەمریکا، حوسییەکانی بەوە تۆمەتبار کردووە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن، ئەوان بەناوی فەڵەستینییەکانەوە لە غەززە ھەڵسوکەوت دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ژیانی ھاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە دەکەنە ئامانج و ھەڕەشەیان لێدەکەن کە ھیچ پەیوەندییەکیان بە ململانێی بەردەوامی کەرتی غەززەوە نییە.

جەختیشی لەوەشکردووەتەوە کە لەگەڵ ھاوبەشەکانیان بەردەوام دەبن لە ھەوڵەکانیان بە ئامانجی لاوازکردنی توانای سەربازیی حووسییەکان.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.