فەرماندەیی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM)، تێکشکاندنی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە کەنداوی عەدەن باشووری یەمەن ڕاگەیاند کە لەلایەن حووسییەکانەوە، ئاراستە کرابوون.
فەرماندەیی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ھێزەکانیان دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە کەنداوی عەدەن باشووری یەمەن تێکشکاندووە کە ھەڕەشە بوون بۆسەر کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ناوچەکە.
ڕاشیگەیاندووە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لەو ناوچانەی یەمەن کە لەلایەن حووسییەکانەوە کۆنترۆڵکراون، ئاراستەی کەنداوی عەدەن کرابوون.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە تێکشکاندنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە کەنداوی عەدەن، زیانی بە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان، ھەروەھا کەشتییە بازرگانییەکان نەگەیاندووە.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە لەگەڵ ھاوپەیمانان و ھاوبەشەکانیان زنجیرەیەک ڕێوشوێنیان بە ئامانجی دەستەبەرکردنی سەلامەتی و ئاسایش لە ڕێڕەوە دەریاییە نێودەوڵەتییەکان، گرتووەتەبەر.
تا ئێستا حووسییەکان، ھیچ ڕاگەیاندراوێکیان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.