بڕیارى لێخۆشبوونی 20%ـى سزای داراییی شوفێرانی دراوە و لەدوای تەواوبوونی بڕیاری لێخۆشبوونەکە، پێبژاردنی دارایی سەرپێچی شوفێران دەبێتە دوو هێندە، وەزارەتی ناوخۆ لەمبارەیەوە دەڵێت، ئامانج لە دووهێندەبوونی پێبژاردن کۆکردنەوەى داهات نییە، بەڵکوو پاراستنی باخەڵی هاووڵاتییانە.
هێمن میرانی، بەڕێوەبەرى گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:ئامانج لە دووهێندەبوونی پێبژاردن کە لە کۆتایی مانگی 02ـى 2024 جێبەجێ دەکرێت، کۆکردنەوەى داهات نییە، بەڵکوو پاراستنی باخەڵی هاووڵاتییانە لەڕێگەى کەمکردنەوەى سەرپێچی و سزاوە.
ڕاشیگەیاند: وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاریی شوفێران لەو بارودۆخە تایبەتەى ئێستاى هەرێمی کوردستان، دواى ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیارى دا بە لێخۆشبوونی 20%ـى سزاکانی ڕابردوو و ئێستای هاتووچۆ، تاوەکو 28ـی 02ـی 2024 کە دەکەوێتە سەر شوفێران. ئەوە بژاردەیەکی ئارەزوومەندانەیە، هاووڵاتی ناچار نییە سزاکانی خۆی پاکتاو بکات؛ وەکوو جاران دەتوانێت پێنج ساڵ جارێک بچێت پێبژاردنەکانی پاک بکاتەوە، بەڵام لە ڕابردوودا کاریگەریی خراپی لەسەر باری داراییی هاووڵاتی و سزاکانی هاتووچۆ هەبووە، چونکە لەو پێنج ساڵەدا هاووڵاتی هەستی نەکردووە ئەو سزایەى دراوە دەبێتە سنووردانان بۆ سەرپێچیی زیاتر و خۆپارێزی. بۆیە پێمان وایە هاووڵاتی تا دەتوانێ زووتر پاکتاوی سزاکانی خۆی بکات، تاوەکو جارێکی دیکە سەرپێچی نەکاتەوە و زیان بە داهاتی خۆی نەگات.
هێمن میرانی باسی لەوەش کرد کە "لەدواى 28ـی 02ـی 2024 کار بە بەشی بیست لە یاساى ژمارە 86ـى 2004ـى یاساى هاتووچۆ دەکرێت؛ واتە لە 29ـی 02ـی 2024ـەوە کە شوفێر سەرپێچیی نوێی کرد، ئەو سزایە پێویستە لە ماوەى مانگێکدا بدرێت، دەنا دەبێتە دوو هێندە، ئامانج لەوەدا ئەوەیە، سزاکە لە هەمان مانگدا بدات و سەرپێچی دووبارە نەکاتەوە و بەوەش لە سزا دوور بکەوێتەوە، چونکە خودی سزاکە بۆ ئەوەیە شوفێر هەست بکات سزای سەرپێچیی لەسەرە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیان و داراییەکەی هەیە، نەک پێبژاردن زۆر دوابکەوێت و هێزى سزاکە کەم بێتەوە، کە ئەمەش وا دەکات سەرپێچییەکان کەم نەبنەوە؛ وەکوو ئەوەى هاووڵاتی زۆرجار لە نائاگایی و بەدوادانەچووندا، بە قەد نیوەى نرخی ئۆتۆمبێلەکەى سزاى لەسەر تۆمار کراوە و لەسەرى کەڵەکە بووە، بەوەش زیانی زۆرى کردووە."
باسی لەوەش کرد کە "بۆ ئەوەى شوفێران بە وردی و وریاییەوە ئاگادارى سزاکانیان بن، سایتی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ، داتاکانی هەر شۆفێریکی لە ڕووی سزاوە خستووەتە ڕوو کە دەتوانن بزانن چەندە سزایان لەسەرە، بەڵام بەشێکی زۆرى هاووڵاتییان ساڵی جارێک یان دووجار، یان چەند مانگ جارێک سزاکانیان دەپشکنن، بۆیە پێمان باش بوو ئەپلیکەیشنێک تایبەت بە شۆفێران دابنرێت، بۆ ئەوەى کە سەرپێچی کرا، هاووڵاتی ئاگادارییەکی بۆ بێت، ئەو ئاگادارکردنەوەیە وادەکات ئاگای لە سزاکانی بێت و خۆى لە سەرپێچیی نوێ بپارێزێت. بۆیە لەگەڵ فەرمانگەى تەکنەلۆژیاى زانیارى، گفتوگۆمان کردووە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو ئەپلیکەیشنە بکەوێتە کار و هەر شۆفێرێک لە ڕێگەى ئەو ئەپە تایبەتەى خۆیەوە سەرپێچی و سزاکانی خۆی بزانێت و ئاگادارکردنەوەى بۆ بێت."
بەڕێوەبەرى دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش دا کە "هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە ئەو بڕیارە بۆ کۆکردنەوە داهات نییە، بەڵکوو کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەى داهاتی هاتووچۆش دەبێت، چونکە وادەکات خەڵک کەمتر سەرپێچی بکەن و زوو ئاگادارى پێبژاردن و پاکتاوکردنەکانیان بن، ئامانجەکە ئەوەیە هاووڵاتی قەرزار نەبێت و پارەى زۆرى نەکەوێتە سەر و کەمتر سەرپێچی بکات."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.