ئەمریکا دەیەوێت هەولێر و بەغدا ناکۆکییەکانی نێوانیان لەسەر بودجە بەپێی دەستووری عێراق چارەسەر بکەن و بەجۆرێک کە لەبەرژەوەندی گەلی عێراق بێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 13ـی 09ـی 2023 ماتیۆ میلەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گوتی: داوا لە هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی دەکەن کێشە و ناکۆکییەکانی نێوانیان لەسەر بودجە بەپێی بنەما دەستوورییەکانی عێراق چارەسەر بکەن.
ڕاشیگەیاند: پێویستە کێشە و ناکۆکییەکانیان بەجۆرێک چارەسەر بکرێت، کە لەبەرژەوەندیی هەردوولا و تێکڕای گەلی عێراق بێت.
پێشووتر ئەمریکا جەختی لەسەر عێراقێکی فیدراڵی خاوەن سەروەری، لەگەڵ یەکگرتوویی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان کردۆتەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردووش ئالينا ڕۆمانۆوسكى باڵيۆزى ئهمريكا له عێراق بەیاوەری شاندێک سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، ڕۆمانۆوسكى جەختی لە گرنگيى گفتوگۆيهكى بنياتنهرانه لهنێوان حكوومهتى فيدراڵى عێراق و حكوومهتى ههرێمى كوردستاندا كردهوه بۆ لێكگهيشتنى هاوبهش و چارهسهركردنى كێشهكانى نێوانيان، به شێوهيهك مافه دهستوورييهكانى ههمووان دهستهبهر بكات و ئارامى و سهقامگيريى سياسيى وڵات بپارێزێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کە بڕیارە سبەی پێنجشەممە 14ـی 09ـی 2023 مەسرور بارزانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حكوومەت و شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکەن، مەبەستی گفتوگۆ و ئەنجامدانی چەند کۆبوونەوەیەک لە بەغدا.
پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکە ئاماژەی بەوە دا کە "حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی ڕێککەوتنەکانە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ؛ سەردانی سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی و تیمی حکوومەت، پێشاندانەوەی نیەتی سەرۆک وەزیران و حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ گەیشتنە ئەنجام و چارەسەری کێشەکان لەڕێگەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان، بە تایبەتی جێبەجێکردنی یاسای بودجە."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.