ئهمڕۆ چوارشهم له ههولێر تهواوكردنی قۆناغی یهكهمی پڕۆژهیهكی گرینگ ڕاگهیهنرا كه بههۆیهوه له ڕێگهی چهند بیرێكهوه ئاوی باراناو دهخرێته ژێر زهوییهوه.
پارێزگای ههولێر ڕایگهیاند: بە گوژمەی 132 هەزار دۆلار و بە هاوبەشی لەنێوان پارێزگاى هەولێر و ڕێکخراوی unicef، پڕۆژەی تاقیكردنەوەی پاراوكردنەوەی دەستكردی ئاوی ژێرزەوی Pilot -MAR کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەکانى ئاودێری هەولێر و ئاوی ژێرزەوی هەولێر سەرپەرشتى دەکرێت، قۆناغی یەكەمی جێبەجێ كرا.
ڕاشیگهیاند: لە ڕێگەى ئەم پڕۆژەیەوە ئاوی باراناو دەخرێتەوە ژێرزەوییهوه.
ههروهها ڕایگهیاند: پڕۆژەكە بریتییە لە چەند بیرێكی قووڵ و كەم قووڵ كە ئاوی ڕۆیشتووی سەرزەوی لە كاتی لافاو و لەناو جەستەی پۆندەكان دەگوازێتەوە بۆ خەزانە ئاوییەكانی ژێرزەوی بۆ پاراوكردنەوەیان بە شێوەی دەست كرد.
ئاماژهی بهوهش دا كه لە تەنیشت هەر كۆمەڵە بیرێكی پاراوكردنەوەدا بیرێكی چاودێری لێ دراوە كە ئامێری پێوانەسازیی تێدایە و لەو ڕێگەیەوە گۆڕانكاری ئاستی ئاوی ژێرزەوی تۆمار دەكرێت.
پارێزگای ههولێر جهختیشی كردهوه كه بۆ ئهوهی ئەنجامی كارەكە بەشێوەیەكی زانستی ببینرێت، لە ڕۆژانی داهاتوودا قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە دەست پێ دەكرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.