Erbil 9°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 01:35

ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نێوان مه‌سرور بارزانی و هاكان فیدان بڵاوكرایه‌وه‌

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد.

لە دیدارەکەدا کە ئەلپئەرسلان بەیرەکتار وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا ئامادەی بوو، دوا پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە تاوتوێ کرا. 

سەرۆکی حکوومەت جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاریکردن بۆ هاتووچۆ و گەشتیارانی هەردوولا کردەوە.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پێویستی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا و نەهێشتنی هەموو ئاستەنگ و کێشەیەکی تایبەت بەم بابەتە، چونکە وەستانی هەناردەکردنی نەوت زیانی بە هەموولایەک گەیاندووە.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە پڕۆژەی ناسراو بە (ڕێگەی پەرەپێدان) و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق بە  تورکیا و جیهان لە ڕێگەی هێڵی ئاسنینەوە کرا. لەمبارەیەوە سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە پێویستە ئەنجامدانی پڕۆژەکە بە ڕەزامەندی و هەماهەنگیکردن بێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بە شێوەیەک بێت کە لە بەرژەوەندی گشت هاووڵاتی و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراقدا بێت. 

وەزیری دەرەوەی تورکیا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانکردنی هەرێمی کوردستان نیشان دا و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی.

پاشان سەرۆکی حکوومەت و وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، جەختیان لە برەوان بە پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و هەماهەنگی لەپێناو ئاسایش و سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کردەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.