بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2023/8/24 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە جێگرانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و بوارەكانی هاریكاریی هاوبەشی نێوانیان، پەیوەندی و كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆی چارەسەركردنیان، دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان بەگشتی تاوتوێ كران.
نێچیرڤان بارزانی وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بە سەردانەكە، دووپاتی كردەوە هەرێمی كوردستان بە گرنگی و بایەخەوە لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا دەڕوانێت كە بەرژەوەندیی هاوبەشی ئابووری، بازرگانی و ئەمنی پێكەوە دەیانبەستێتەوه و ئامادەیە لە هەموو بوارەكاندا برەو بە پەیوەندییەكانی هەولێر ـ ئەنقەرە بدات، هەروەها سوپاسی توركیای كرد بۆ پشتگیری لە هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكان و بەتایبەتی لە كاتە سەختەكاندا و ئاماژەی بەوە كرد كە هەرێمی كوردستان هەرگیز پشتگیری و هاوكارییەكانی توركیا لەبیر ناكات.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی توركیا جەختی لەوە كردەوە كە توركیا گرنگییەكی تایبەت بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان دەدات و بەغدا و هەولێر گرنگییەكی تایبەتیان بۆ توركیا هەیە. هەروەها ستایشی ئارامی و سەقامگیریی هەولێر و هەرێمی كوردستانی كرد و ئامادەییی وڵاتەكەی بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكان و هاریكاریی هاوبەشی نێوان هەردوولا لە هەموو بوارەكاندا دەربڕی. هەروەها سوپاسی نێچیرڤان بازرانی كرد لە برەودان بە پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا بە بایەخەوە باس لە پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركییەوە كرا و لەمبارەیەوە بیروڕایان گۆڕییەوە، هەروەها دۆخی ناوچەكە بەگشتی و چەند پرسێكی جێی بایەخی هەردوولا، خرانە بەر باس.
نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا كۆبووەوە
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.