وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و وەزیری ئاسایشی بەریتانیا لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان لەبارەی هەماهەنگی، هاوکاری و ڕاهێنان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان لەنێوان هەردوو حکوومەتدا واژۆ کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی 08ـی 2023 ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تۆم توگنهات وەزیری ئاسایشی بەریتانیا کۆبوونەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕێبەر ئەحمەد و تۆم توگنهات لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان لەبارەی هەماهەنگی، هاوکاری و ڕاهێنان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان لەنێوان هەردوو حکوومەتدا واژۆ کرد.
سەبارەت بە یاداشتەکە وەزارەتی ناوخۆ ڕوونی کردۆتەوە کە "ئەم یاداشتە بەشێکە لە پەیوەندیی گرنگ و بەردەوامی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا بۆ پێکەوەکارکردن لەپێناو ڕووبەرووبوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان کە سنوورە نیشتیمانییەکان دەبەزێنن و هەڕەشە لەسەر هاونیشتمانیان دروست دەکەن، هەروەها یاداشتەکە نەخشەڕێگەیەک بۆ پێکەوەکارکردن دادەنێت بۆ باشترکردنی سەلامەتی، ئاسایش و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانی هەردوولا."
وەزارەتی ناوخۆ جەختی کردۆتەوە کە "پێکەوە کاردەکەن بۆ ئاڵوگۆڕی شارەزایی و بوونیادی تواناسازی، بە پشتبەستن و پابەندبوون بە مافەکانی مرۆڤ و ستانداردە نێودەوڵەتییە هاوبەشەکان لە ئاستێکی فراوانتر."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.