سەرۆک بارزانی سەردانی قەزای شێخانی کرد و لەگەڵ چین و توێژەکانی دەڤەرەکە کۆبووەوە و داوای کرد کە ڕێگە نەدرێت هیچ کەسێک و لایەنێکی نامۆ و لادەر ئەو فەرهەنگی دەوڵەمەندی پێکەوەژیان بشێوێنن.
سەرۆک مەسعود بارزانی لە درێژەی سەردانەکەی بۆ دەڤەری بادینان و کۆبوونەوەی لەگەڵ جەماوەری ئەو دەڤەرە ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی 08ـی 2023 سەردانی قەزای شێخانی کرد و لەگەڵ چین و توێژەکانی ئەو دەڤەرە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی ئامانجی سەردانەکەی بۆ دەڤەرەکە ڕوونکردەوە و وێڕای ئاماژەدان بە پابەندبوونی خەڵکی ناوچەکە بە فەرهەنگی پێکەوەژیان داوای کرد کە ڕێگە نەدرێت هیچ کەسێک و لایەنێکی نامۆ و لادەر ئەو فەرهەنگە دەوڵەمەندە بشێوێنن.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان دا و ڕایگەیاند کە هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ کە دۆخی ناوخۆ چارەسەر بکرێت و هەموو لایەک لەسەر ستراتیژیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی ڕێک بکەون. ئەوەشی خستەڕوو کە حکوومەتی تازەی عێراقی لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی گشتی و ڕەچاوکردنی شەراکەت و تەوازون و تەوافوق دامەزرا، بەڵام بەداخەوە ئەو بنەمایانە پشتگوێ خرا. لەدوای سەردانی شاندی باڵای پارتی بۆ بەغدا ئەو چاوەڕوانییە هەیە گرفتەکان چارسەر بکرێن.
لەدرێژەی گوتەکەیدا سەرۆک بارزانی باسی لەوە کرد کە پێویستە هەرێمی کوردستان پشت بە توانا و سەرچاوەکانی ببەستێت و بۆ ئەو مەبەستەش کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامە و پلانی باشی ئەنجام داوە و دەرئەنجامەکانی بە دیار دەکەون.
سەرۆک بارزانی هەر لە گوتارەکەیدا باسی لەو مەترسی و کۆسپانە کرد کە لەبەردەم گەلی کوردستاندا هەن، داواشی کرد کە هەموو لایەک پێکەوە هاوکار بن بۆ قووڵکردنی هەستی نیشتمانپەروەری و هۆشیارکردنەوی خەڵک بۆ ڕووبەڕووی ئەو تەوژمە کە شیرازەی کۆمەڵگە و گەنجەکانمان دەکاتە ئامانج.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.