Erbil 14°C شەممە 23 تشرینی دووەم 18:53

مەكتەبی سیاسی پارتی لە 77مین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە

کوردستان TV
100%

مەكتەبی سیاسی پارتی بەبۆنەی 77مین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند،‌ دوای جەنگی جیهانیی دووەم كە بارودۆخی ناوچەكە بە گشتی و كوردستانی عێراق بەتایبەتی لە ڕووی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە نالەبار و خراپ بوو، لە ناو ئەو نائومێدی و بێ ھیواییەدا، پارتی دیموكراتی كوردستان حەفتا و حەوت ساڵ لەمەوبەر وەك هیوابەخش و فریادڕەسێك دامەزرا و ھاتە مەیدانی خەباتەوە.
مەكتەبی سیاسی پارتی لە بەیاننامەكەدا ڕاشیگەیاند: ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە داكۆكیمان لە پرەنسیپەكانی دیموكراسی و دەستاودەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات كردووە و لەو ڕووەوە هەوڵیشمان داوە تا هەڵبژاردن لە وادەی گونجاوی خۆی بكرێ، بۆیە پشتیوانی لە فەرمانی هەرێمی ژمارە (252)ی ساڵی(2023)ی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین بەدیاركردنی رۆژی (25)ی شوباتی ساڵی (2024) وەك وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
هەروەها ڕایگەیاند: لەو یادە شكۆمەندەدا ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هەمیشە لە سەر هەمان پرەنسیپ و پەیامی ڕاست و دروستی پارتەكەمان جەخت لەسەر ڕێكخستنی نێو ماڵی كوردستان دەكەینەوە و جارێكی دیكە بە دڵنیاییەوە بەڵێن دەدەین و پێدادەگرین لەسەر بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان و پارێزەر و پاڵپشتی بەهێزی دامەزراوە شەرعییەكان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبین.
مەكتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی بەوەش دا: لەو یادە شكۆمەندەدا سڵاوی گەرم بۆ تێكڕای ئەندام و لایەنگر و جەماوەری پارتیمان، ئەوانەی حەفتا و حەوت ساڵی ڕەبەقە ئاڵای پارتییان لە بەرزیدا هێشتۆتەوە و لە سەركەوتن و نسكۆ و لە هەوراز و نشێودا، باوەڕیان نەگۆڕ و ئیرادەیان پۆڵایین و پابەندییان بە ڕێبازی بارزانی هەتا دێ پتەوتر دەبێ.

ئەمەی خوارەوە دەقی بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی پارتییە بەبۆنەی 77مین ساڵیادی دامەزراندی پارتی دیموكراتی كوردستان:-
بەیاننامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
لە (77) ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیماندا
هاونیشتیمانیانی خۆڕاگری كوردستان
كادیر و ئەندام و لایەنگران و جەماوەری كۆڵنەدەری پارتیمان
دوابەدوای جەنگی جیهانی یەكەم و لێكەوتەكانی كە  كوردستان دابەش كرا و نەتەوەی كورد لە بوونی دەوڵەت بێبەش كرا، هاوكات ھەوڵ درا بە ئاگر و ئاسن مرۆڤی كورد تەسلیم بەو قەدەر و چارەنووسە شووم و تاریكە بكرێت، جگە لەوەیش لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم كە بارودۆخی ناوچەكە بە گشتی و كوردستانی عێراق بەتایبەتی لە ڕووی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە نالەبار و خراپ بوو، لە ناو ئەو نائومێدی و بێ ھیواییەدا، پارتی دیموكراتی كوردستان حەفتا و حەوت ساڵ لەمەوبەر وەك هیوابەخش و فریادڕەسێك دامەزرا و ھاتە مەیدانی خەباتەوە.
پارتی لە سەر ڕێبازی بارزانی دامەزرێنەر و سەركردە دووربین و شۆڕشگێڕەكەی، گرێی (خۆبەكەمگرتن) و نائومێدی لە ناخی مرۆڤی كوردستانیدا ڕەواندەوە و هێز و تین و توانای خەڵكی كوردستانی یەكخست بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیلانی شۆڤینیستانەی دەسەڵاتدارانی ئەوسای عێراق، لە هەمانكاتدا سەلماندی كە  بڕیاری دامەزراندنی پارتی بە هاوكاری ژمارەیەك ڕۆشنبیر و سیاسەتمەداری گەلەكەمان، هەم پێویستییەكی مێژوویی و هەمیش وەڵامدەرەوەی ستەمی بێبەشكردنی كورد بوو لە مافی چارەنووس و نەگەیشتن بە ئامانجە ڕەواكانی.
پارتی هەر لە دەستپێكەوە و لەبەر ڕۆشنایی فیكر و فەلسەفەی بارزانیی نەمر و ڕێبازەكەی، كوردایەتییەكی ئاوێتە بە بەها ئینسانییەكانی ئاشتیخوازی و دیموكراسی، پەیڕەوی بنەماكانی دادپەروەریی كرد، دواتر بۆ بەرنامە و سیستمێكی گونجاو داڕێژرایەوە و كار بۆ جێبەجێكردنی كرا.
هەر لە سەرەتاوە وێڕای دڕندەیی نەیار و دوژمنانی گەلەكەمان، هەموو جۆرە كاردانەوە و توندڕۆییەكی ئایدیۆلۆژی ڕەتكردەوە، هاوكات ڕێی خەباتی سیاسی و مەدەنی و جەماوەریی گرتەبەر و تا ناچار نەكرا دەستی نەدایە چەك.
لەسەر ئاستی كۆمەڵگای كوردەوارییش، پارتی وەك ڕێكخراوێكی سیاسیی بەرفراوان و بزاڤێكی جەماوەریی و مەكۆی كۆكەرەوەی  تواناكانی خەڵكی كوردستان خۆی ناساند، هەر بۆیەش دواجار توانی ببێتە چەتری گەورە و كۆكەرەوەكەی خەباتی سەرجەم كوردستانیان بە جیاوازی چین و توێژەكانی كۆمەڵگا و ئینتیمای هۆز و تیرە و ناوچە و ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاییان، لەسەرینی ئەمەوە توانی هەمووان لە دەوری یەك ئامانج كۆ بكاتەوە كە رڕگاریی نیشتمانی و بەدەستهێنانەوەی مافی دیاریكردنی چارەنووسە، كە مافێكی  یاسایی و دەستووری هەر گەل و نەتەوەیەكە.
پارتی لەو ڕوانگە ئینسانی و بەرچاوڕوونی و دووربینیەوە، توانی بە پشتیوانیی گەلی ئازادیخوازی كوردستان، قۆناغ بە قۆناغ پێشڕەوایەتیی بزاڤی ڕزگاریخوازیی بكات هەر لە خەباتی نهێنییەوە تا خەباتی چەكداری و شۆڕشەكانی ئەیلوول و گوڵان و كاروانی نەپساوەی تێكۆشانی پێشمەرگایەتی و سیاسی و دیپلۆماسی و رێكخراوەیی و جەماوەریی خەڵكی كوردستان.
لەو كاروانە سەركەشەدا، دڕندەیی و نەزعەی سڕینەوە و شەڕانگێزیی و پیلانی نەگریسی ڕژێمە دیكتاتۆرە شۆڤێنییەكان نەك هەر نەیتوانی شكست بە گەلەكەمان و  پارتیمان بێنێت، بەڵكە توانیمان قۆناغ بە قۆناغ مافەكانی گەلی كوردستان بە دەست بێنینەوە هەر لە لامەركەزی و بۆ ئۆتۆنۆمی تا فیدڕاڵیی.
هەریەك لەو قۆناغانە دەستكەوتێكی مەزن بوون، هەروەكو چەسپاندنی هاوبەشایەتی كورد وعەرەب لە عێراق بە پێی دەستووری ساڵی(1959)، دواتر لە ئاكامی خەبات و خۆڕاگری خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە نەبەزەكانی شۆڕشی مەزن ئەیلوول حكومەتی ئەوسای عێراق ناچار كرا مل بۆ گفتوگۆ كەچ بكات لەگەڵ سەركردایەتی شۆڕش و  رێككەوتننامەی(11ی ئاداری 1970) لەگەڵ پارتیمان بە ڕابەرایەتی بارزانی نەمر ئیمزابكات.
دوای پاشگەزبوونەوەی حكومەتی عێراق لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی 11ی ئادار و پیلانی نێودەڵەتی ساڵی (1975) و نسكۆی شۆڕش، شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز وەك درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بەردەوامی بە خەبات و تێكۆشان دا.
ئامانجی سەرەكی و ستراتیجی سەركردایەتیی پارتیمان لەو قۆناغەدا بەردەوام بوون بوو بەرەو ئایندەیەكی گەش و بەرهەمدار، كە خۆی لە بەرجەستەكردنی شوناسی نەتەوەیی و داننان بە مافە نەتەوەییەكانی گەلی كورد دەبینیەوە، هەر بۆیەش چەندین دەستكەوتی بەدواداهات لەوانەش ڕاپەڕینی شكۆداری (5ی ئاداری ساڵی 1991) كە بە بڕیاری سەركردایەتیی بەرەی كوردستانی بە ڕابەرایەتیی سەرۆك بارزانی لەناوخۆی كوردستان و ڕەوانشاد جەلال تاڵەبانی لە دەرەوەی كوردستان بەگوێرەی بەرنامەی بریارلێدراو و، بە بەشداری جەماوەری دڵسۆز لە شاری رانیەی دەروازەی ڕاپەڕین، دەستی پێكرد.
ڕاپەڕین، وەك پەیامێكی هەقخورانەی گەلەكەمان هاتە ئاراوە، بۆ بونیاتنانی ئەزموونێكی نوێی فەرمانڕەوایی هەر لەوبارەوە (سەرۆك بارزانی) لە (22ی ئاداری1991)دا لە شاری كۆیە لەبەردەم جەماوەرێكی بێشوماردا لە وتارێكیدا ڕایگەیاند كە پێویستە قۆناغی شەرعییەتی شۆڕشگێڕی بگۆڕین بۆ شەرعییەتی یاسایی و هەنگاو بەرەو دامەزراندنی دامەزراوه یاسایی و شەرعییەكان بنێین‌. دواتر لە (19/ 5/ 1992) ئەنجوومەنی نیشتیمانی كوردستان هەڵبژێردرا و حكوومەتی كوردستان پێكهات بۆ بەڕێوەبردن و هەڵسووڕاندنی كاروبارەكانی هەرێم و بووە بەرجەستەكاری خواست و ویستی جەماوەر بە ڕێگایەكی شەرعی و یاساییانە.
جەماوەری ئازیزی كوردستان…
بەدرێژایی ئەو ئەزموونەی هەرێمی كوردستان كە شەرعییەتی یاسایی خۆی هەیە، ئامانجەكانی گەلەكەمان و كوردستانیان لەو هەرێمەدا بە پێی كارنامەی كابینەكانی حكوومەت دەهاتە دی لە ڕێگەی بەرنامە و پلانێكی ڕێكوپێك و سەردەمییانە و دابینكردنی گوژمەی پێویست بۆ پرۆژە گرینگ و ستراتیجییەكان بۆ بونیاتنانەوەی ژێرخانی ئاوەدانیی و دابینكردنی بژێوی رۆژانەی هاووڵاتییان، هەروەها تێكڕای بوارەكانی ئاسایش و پێشەسازی و تەندروستی و كشتوكاڵ و پەروەردە و گەشتیاری و پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی دیكە كە پێشڤەچوونی بەرچاویان بەخۆوە بینی.
لە دەستكەوتە هەرە گرنگە سیاسییەكانی ڕاپەڕین بونیاتنانی ئەزموونێكی نوێی فەرمانڕەوایی بوو، كە بڕیاردان بوو لەسەر سیستەمی سیاسیی فیدراڵیی و پرۆسەی بنیاتنانەوەی عیراقێكی نوێ و نووسینەوەی دەستووری عێراق.
هەوڵەكانی پارتیمان بۆ چەسپاندنی فیدراڵی لە دەستووری نوێی عێراق بەردەوام بوو، هەر لەو ڕووەوە شاندی پارتیمان بەسەرۆكایەتی (سەرۆك بارزانی) لە زنجیرە كۆبوونەوەیەكی چارەنووسسازدا لە بەغدا بە هاوكاری لایەنەكانی دیكەی كوردستان ڕۆڵی لە بنیاتنانەوەی عێرقی نوێدا كاریگەربوو و شانازی چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵی لە دەستووری نوێی عیراقدا بەركەوت.
پارتیمان بە سیاسەتێكی حەكیمانە و بێ‌ كەمترین سازش لەسەر مافە ڕەواكانمان، لە زۆر پرسی گرنگدا توانی شان بداتە بەرپرسیارییەتی و كۆڵ نەدات تا دەروازەی ئاسۆی چارەسەر بە ڕووی هەموو قەیرانەكاندا بكاتەوە و تەنگانە و گرفتەكان بەرەو كۆتایی ببات.
خۆشبەختانە و بە ھیممەتی خەڵك و پێشمەرگەی نەبەز و قارەمان، كوردستان بە سیاسەتێكی ئارامگر و خۆڕاگرانەوە و پاڵپشت بە حیكمەت و دووربینیی سیاسی (سەرۆك بارزانی) و دامەزراوە نیشتمانییەكانی و ھێزە سیاسییەكانی، توانیمان سەركەوتووانە ڕەوایی قەوارەی هەرێم و دامەزراوە شەرعییەكان بپارێزین و بەرگریان لێ بكەین و ڕووبەڕووی ھەموو ئاڵنگاریی و ھەڕەشە و پیلانەكان ببیینەوە، لەوانەش ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش.
هاووڵاتیانی هێژا…
ئەمڕۆ هەلومەرجی كوردستان بە قۆناخێكی هەستیار و پڕ ئەركدا تێدەپەڕێ، كە چارەنووسی هەرێم و هاووڵاتییانی پێوە بەندە، بۆیە زیاتر پێویستمان بە هەماهەنگی و هاودەنگییە بۆ ئەوەی پارت و هێزە سیاسییەكان ڕۆڵی شیاوی خۆیان ببینن بۆ بەهێزتركردنی پێگەی سیاسی و دیپلۆماسییانەی قەوارەی هەرێمی كوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەوڵێك كە بە ئامانجی لاوازكردنی قەوارەی هەرێم و پێشێلكردنی دەستوور لە ئارادابێت، هەروەها پاراستنی سەروەریی هەرێم و بەرژەوەندییەكانی و ڕێزگرتن لە بەرژەوەندی هاوبەش و سەروەریی وڵاتانی دراوسێ و، بەهێزتركردنی ستوونەكانی ئەمنییەت و ئارامیی و ئاسووودەیی هاووڵاتییان و پتەوكردنی ژێرخانی ئابووری و بنەماكانی كۆمەڵگایەكی پێشكەوتوو و تەندروست و دوور لە توندوتیژیی و تاوانكاری.
لە سەرینی ئەمەوە ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە داكۆكیمان لە پرەنسیپەكانی دیموكراسی و دەستاودەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات كردووە و لەو ڕووەوە هەوڵیشمان داوە تا هەڵبژاردن لە وادەی گونجاوی خۆی بكرێ، بۆیە پشتیوانی لە فەرمانی هەرێمی ژمارە (252)ی ساڵی(2023)ی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین بەدیاركردنی رۆژی(25)ی شوباتی ساڵی(2024) وەك وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
ئەم هەڵبژاردنە متمانە و شەرعییەت بۆ دامەزراوەكانی كوردستان نوێ دەكاتەوە بە پێكهێنانی پەرلەمان و حكوومەتێكی تازە، تا بونیادنانی دەستوورێكی سەردەمی بۆ هەرێمی كوردستان كە حوكمڕانییەكی تۆكمەتری لێ بكەوێتەوە، هاوكات دەنگیشمان زوڵاڵتر دەكات لە عێراق بۆ داكۆكیكردن لە مافە دەستوورییەكانی كوردستان، لە ناوخۆیشدا بە ئیرادەیەكی جیدیتر كار بۆ چاكسازییەكی سەرتاسەری بكەین، كە بە قازانجی بەدیهێنانی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و شەفافییەتی زیاتر و خۆشگوزەرانیی خەڵكی كوردستان بشكێتەوە.
لەسەر ئاستی عێراقی فیدراڵیش تاكو جارێكی دیكە كێشە و قەیرانەكان دووبارە نەبنەوە، هەموو هەوڵێك دراوە تا دانوستان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ و لایەنە پێكهێنەرەكانی حكوومەت ڕێچكەی راستی خۆی بگرێ و ڕێككەوتنەكانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و كارنامەی حكوومەتی فیدراڵ جێبەجێ بكرێن بۆ چارەسەركردنی یەكجارەكی بابەتە گرنگەكانی ئەمڕۆ لە ئارادان، وەكو مادەی (140) و پرسی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێم و بابەتی نەوت و پرسە هەڵواسراوەكانی دیكە.
لەو یادە شكۆمەندەدا، ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هەمیشە لە سەر هەمان پرەنسیپ و پەیامی ڕاست و دروستی پارتەكەمان جەخت لەسەر ڕێكخستنی نێو ماڵی كوردستان دەكەینەوە و جارێكی دیكە بە دڵنیاییەوە بەڵێن دەدەین و پێدادەگرین لەسەر بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان و پارێزەر و پاڵپشتی بەهێزی دامەزراوە شەرعییەكان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبین، هەروەها لەسەر كار و ئەركە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانمان بەردەوامدەبین بۆ داكۆكیكردن لە بنەما ڕاست و دروستەكانی دیموكراسییەت و پێكەوەژیان و یەكترقبوڵكردن بە جیاوازییەكانیشەوە و بەرفراوانكردنی پانتایی بەشداریكردنی سیاسی، هاوكات چاكتركردنی باری ئابووری و هەلومەرجی بژێوی رۆژانەی هاووڵاتییان.
لە یادی شازدەی ئابدا..
بەڵێن  بۆ سەركردە و دامەزرێنەری پارتیمان بارزانیی نەمر و كاكە ئیدریسی هەمیشە لە یاد و تێكڕای شەهیدانی پارتی و ڕێگای ڕزگاری كوردستان نوێ دەكەینەوە، كە پارێزەر و قوتابی بە وەفای ئەم رێبازە بین و تا بەدیهێنانی ئەو ئامانجەی كە ئەوان لە پێناویدا گیانیان سپارد، كۆڵ نەدەین.
لە یادی شازدەی ئابدا
سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی كورد و كوردستان نەوی دەكەین و سڵاو و دروود  بۆ خانەوادە سەربەرزەكانیان..
دروود و سڵاو بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان..
سڵاو بۆ كادیرە دڵسۆزەكانی پارتیمان كە لە هەموو هەلومەرجێكدا خۆڕاگر و ماندوونەناس و نموونەی ورە و كۆڵنەدانن.
سڵاوی گەرم بۆ تێكڕای ئەندام و لایەنگر و جەماوەری پارتیمان، ئەوانەی حەفتا و حەوت ساڵی ڕەبەقە ئاڵای پارتییان لە بەرزیدا هێشتۆتەوە و لە سەركەوتن و نسكۆ و لە هەوراز و نشێودا، باوەڕیان نەگۆڕ و ئیرادەیان پۆڵایین و پابەندییان بە ڕێبازی بارزانی هەتا دێ پتەوتر دەبێ.
سڵاو و پێزانین بۆ خۆڕاگریی تێكڕای گەلی كوردستان، كە سەربەرز و خۆڕاگر بوون و سەلماندیان شكۆ و كەرامەتی نەتەوەیی لە سەرووی هەموو شتێكەوەیە، هەر ئەو سەربەرزییەشە دواجار شكست بە پیلان و قەیرانەكان دێنێ.
بەرز و پیرۆزبێت حەفتا و حەوت ساڵ خەبات و قوربانیدنی پارتیمان، پارتی دیموكراتی كوردستان
هەر شەكاوە بێ ئاڵای كوردستان..
سەركەوێ خەباتی ڕەوای نەتەوەی كورد و كوردستان..
بژی كورد و كوردستان..
مەكتەبی سیاسیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
15ی ئابی 2023
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.