جێگری سهرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئهمڕۆ دووشهم له كۆبوونهوهیهكهدا له شاری دهۆك ڕایگهیاند كه دەبێ سەرکردە و ئەندام و لایەنگرانی پارتی لە ئاستی گەورەیی پارتی و مێژووە پڕ لە سەروەرییەکەی بن و ههروهها خزمەتکاری میلـلەتی خۆیان بن.
ئەمڕۆ دووشەم مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک سەردانی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دهۆکی کرد و لەلایەن د. پشتیوان سادق ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگاكه و ئەندامانی مەکتەب پێشوازی لێ کرا.
پاشان لە کۆبوونەوەیەکدا جێگری سەرۆکی پارتی ئاماژەی بە گرنگیی زیاتر تێکەڵبوونی بەرپرس و کادیر و ئەندامەکانی پارتی لەگەڵ خەڵک کرد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە، ئاگاداری خواست و داواکاری و پێداویستییەکانی جەماوەر بن و ببنە هەماهەنگار و یارمەتیدەری دامەزراوەکانی حکوومەت بۆ ئەوەی بتوانێت بە باشترین شێوە کارنامە خزمەتگوزارییەکەی جێبەجێ بکات.
جێگری سەرۆکی پارتی دووپاتی کردەوە کە پارتی خاوەن سەرۆکێکی مەزن و ڕابردوویەکی پڕ لە شانازی و حزبی پێشڕەوی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان و پارێزەری دەسکەوتە نیشتمانییەکان و قەوارەی هەرێمی کوردستانە، بۆیە دەبێ سەرکردە و ئەندام و لایەنگرانی پارتی لە ئاستی گەورەیی پارتی و مێژووە پڕ لە سەروەرییەکەی بن و خزمەتکاری میلـلەتی خۆیان بن و لە خزمەتکردنی خەڵکدا، هەرچی لە توانایاندایە کەمتەرخەمی نەکەن.
مهسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا کە پارتی حزبێکی کوردستانی و هی هەموو ناوچە و دەڤەرەکانی کوردستانە، بەڵام بادینان پێگەیەکی تایبەتی هەیە و خەڵکی ئەم دەڤەرە قوربانییەکی زۆریان لە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان داوە و هەمیشە بە ڕێز و پێزانینەوە خەبات و قوربانیدانەکانی خەڵکی بادینان دەنرخێنین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.