سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق، فایەق زێدان و نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت رۆڵی دەسەڵاتی دادوەریی لەبارەی بۆچوونە جیاوازەکان سەبارەت بە یاساکانی تایبەت بە قەیرانی سیاسیی عێراقیان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق بڵاوی کردەوە کە فایەق زێدان پێشوازیی کردووە لە جێنین ھێنیس پلاسخارت.
راشیگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا، رۆڵی دەسەڵاتی دادوەریی لەبارەی چارەسەرکردنی بۆچوونە جیاوازەکان سەبارەت بە یاساکانی تایبەت بە قەیرانی سیاسیی عێراق تاوتوێ کراوە.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت دوێنێ یەکشەممە 14ی ئابی 2022، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی کە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق، لەبارەی داواکارییەکی موقتەدا سەدر بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند کە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە.
رۆژی 10ی ئابی2022 موقتەدا سەدر داوای لە دەسەڵاتی دادوەریی کرد کە لە میانی یەک ھەفتەدا، ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبوەشێنێتەوە بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.