وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌ینێت: دۆخی ئێستای ناوچه‌كه‌و مه‌ترسییه به‌رده‌وامه‌كانی تیرۆر و تیرۆریستان، ده‌خوازێت هاوكاری و هه‌مه‌ئاهه‌نگییه‌كانی وڵاتانی هاوپه‌یمانان بۆ پێشمه‌رگه زیاتر وفراوانتر بكرێت ، له‌مڕۆشه‌وه هاوكارییه لۆجیستیی و سه‌ربازییه‌كانی سوپای ئه‌مریكای بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی به‌رزنرخاند.
له‌راگه‌یاندراوێكدا وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڵاوی كرده‌وه ، كه‌شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ كۆلۆنێل جولیات فه‌رمانده‌ی باڵای سه‌ربازی له‌تیمی هه‌مه‌ئاهه‌نگی ئه‌منی هاوبه‌ش له‌هه‌ولێرو تیمێكی هاوڕێی، كۆبۆوه.
ڕاشیده‌گه‌یه‌نن كه‌له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا، كه سه‌ربه‌ست له‌زگین بریكاری وه‌زاره‌ت و فه‌ریق جه‌مال محمد، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركان و به‌رپرسانی باڵای وه‌زاره‌ت ئاماده‌یبوون، پرسی هاوكارییه سه‌ربازی و لۆجیستیه‌كانی سوپای ئه‌مریكا بۆ پێشمه‌رگه‌و پڕۆسه‌ی رێكخستنه‌وه‌ی لیواكانی سه‌ر به‌وه‌زاره‌ت تاوتوێكرا.
وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌زیری پێشمه‌رگه، رایگه‌یاندووه: هاوكارییه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا، هێزی پێشمه‌رگه به‌ره‌و قۆناغێكی گه‌شه‌سه‌ندووتر ده‌بات و ئاراسته‌ی پرۆسه‌ی چاكسازی و رێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كان ئاسانتر و خێراتتر ده‌كات، وتیشی: پێشمه‌رگه رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌یه له سه‌قامگیری و ئاسایشی ناوچه‌كه، بۆیه به‌رده‌وامی هه‌مه‌ئاهه‌نگی و هاوكارییه‌كانی بۆ پێشمه‌رگه له‌ئێستادا پێویستیه‌كی بنه‌ڕه‌تیه بۆ بنبڕكردنی ته‌واوه‌تی تیرۆریستان.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ،فه‌رمانده‌ی باڵای سه‌ربازی ئه‌مریكا له‌تیمی هه‌مه‌ئاهه‌نگی ئه‌منی هاوبه‌ش له‌هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: ووڵاته‌كه‌ی له‌هاوكاری و یارمه‌تیدانی سوپای عێراق و هێزی پێشمه‌رگه له‌هه‌ر سێ بواری راوێژكاری، كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی و مه‌شق و راهێنانه‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت.
كۆبوونه‌وه به گفتوگۆكردن له‌سه‌ر جۆر و میكانیزمی هاوكارییه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ لیواكانی پێشمه‌رگه، لایه‌نه ته‌كنیكی و عه‌مه‌له‌یه‌كانی پڕۆسه‌ی دابه‌شكاری و راده‌ستكردنی هاوكارییه‌كان، نه‌خشه‌ی مه‌شق و راهێنانه‌كان له‌نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و راوێژكارانی سوپای ئه‌مریكا به‌كۆتا هات.
دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.