Erbil 27°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 22:36

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان: دامودەزگا پەیوەندیدارەکان ئامادەن لێکۆڵینەوە لە هەر پێشێلکاریەکی مافی مرۆڤ بکەن

کوردستان TV
100%

لە ڕێککەوتی 13/12/2020، ڕێکخراوی (هیومان ڕایتس ۆوتچ) بەیاننامەیەکی لەژێر ناوی "عێراق: هەنگاوێک بەرەو دادپەروەری بۆ گومانلێکراوانی نەوجەوانانی داعش" بڵاوکردەوە. بەیاننامەکە ستایشی هەوڵەکان دەکات لە دابینکردنی دادپەروەری بۆ منداڵانی سەر بە داعش لە هەرێم و عێراق. لە هەمان کاتدا، لە پاڵ تۆمەتەکان بۆ لایەنەکانی تر، بەیاننامەکە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە گوایە نەوجەوانانی داعش لە هەرێم ڕووبەڕووی ئەشکەنجە دەبنەوە لە یەکە چاکسازیەکان، هەروەها مەترسی دووبارە دادگاییکردنەوەیان لەسەرە لەلایەن دادگا فیدڕاڵیەکانەوە دوای تەواوکردنی خزمەتی بەندینخانەیان.

لەم بارەیەوە، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان لە حکومەتی هەرێم، گوتی:

"بارودۆخی یەکە چاکسازیەکان لە هەرێمی کوردستان لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانەوە چاودێری دەکرێ، لەوانەش (کۆمیتەی خاچی سووری نێودەوڵەتی) و (نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق- یونامی)، کە ئەمیان سەر بە (نووسینگەی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان)ە."

د. دیندار زێباری ڕوونیکردەوە کە "ڕێکخراوی ناوبراو زانیاری وردی لەمبارەیەوە نەداوە، وەک ناو و ناونیشان و زیانی قوربانیەکان". هەروەها، گوتی "دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم ئامادەن لێکۆڵینەوە لە هەر پێشێلکاریەک یان ئەشکەنجەدانێکی جەستەیی و دەروونی بکەن ئەگەر زانیاری پێویست لەبەردەست بێت".

بۆ دەستنیشانکردنی قوربانیەکان، بەڕێز زێباری ڕوونیکردەوە کە "یاسا و ڕێسای تایبەت هەیە لەم ڕووەوە و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان پێیانەوە پابەندن. قوربانیەکان دەتوانن سکاڵانامەیەک پێشکەش بە دادوەری لێکۆڵینەوە بکەن، ئەمیش وتەیان لێ وەردەگرێت و ڕەوانەی نەخۆشخانەیان دەکات بۆ پشکنینی پزیشکی. دواتر تۆمەتەکە دەسەلمێندرێت".

لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بەم پرسە زێباری گووتی"بەپێی ماددەی (333) لە یاساى سزادانى عێراقى ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ی هەموارکراو، هەر تۆمەتبارێک لەکاتى لێکۆڵینەوە ئەشکەنجە درابێت لەرووی یاساییەوە پاڵپشت بە ماددەى (19/ سێیەم)ی دەستوورى عێراقى فیدڕاڵ مافى هەیە سکاڵا دژی ئەو کەسە تۆمار بکات کە ئەشکەنجەی داوە، هەروەها هەر بەندکراوێک هەر داواکاریەکى هەبێتدەتوانێتلە رێگاى ئیدارەى بەندیخانە،داواکارى گشتى، کەسوکارى کاتێک سەردانى دەکەن یاخود لە رێگاى رێکخراوەکانى تایبەت بە مافى زیندانیان وەک رێکخراوى خاچى سوورى نێودەوڵەتىبەرزى بکاتەوە. بێگومان هەر دانپێدانانێک کە لە ژێر ئەشکەنجە درابێت ڕەتدەکرێتەوە و بکەرەکانی دووچاری سزای یاسایی دەکرێنەوە ".

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان نیگەرانی خۆی پشاندا سەبارەت بەو چارەنووسە نادیارەی تاوانبارەکانی داعش لە دوای ئازادبوونیان لە گرتووخانەکانی هەرێم تووشی دێن، و گوتی " هەڵوێستە دڵسۆزەکەی ڕێکخراوی (هیومان ڕایتس ۆوتچ) سەبارەت بەم پرسە بەرز دەرخێنین. دەزانین کە بەندکراوەکان دوای ئازادبوونیان لە شوێنەکانی تری عێراق مەترسی دووبارە دادگاییکردنەوەیان لەسەرە. حکومەتی هەرێم هەردەم ئامادەیە قوربانیەکان لەخۆبگرێت و دژی ڕاپێچکردەنەوەی زۆرەملێیە".

د. دیندار زێباری جەختی کردەوە کە "حکومەتی هەرێم تەواو پابەندە بە یاسا و بەندەکانی (نەتەوە یەکگرتووەکان) و پەیماننامە نێودەوڵەتیەکانی تر لە پرسی مافەکانی مرۆڤ. هەروەها، حکومەتی هەرێم ئەوە لەبەرچاودەگرێت کە هاوڵاتیانی هەرێم و پێکهاتەکانی تر، خۆیان قوربانی ڕاپێچکردنەوەی زۆرملێ بوونە و یادگاریەکی تاڵیان لەگەڵ هەیە، بۆیە ئەم ڕەفتارانە بە یەکجاری ڕەتدەکاتەوە و بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی شوێنی مانەوە و هاوکاری و پەروەردە بۆ ئاوارە و پەنابەرەکان، بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان ".

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکانی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند کە "  ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ کەمترە و گومانیان لێدەکرێت پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە ھەبووبێت، ئەوا وەک قوربانی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت نەوەک تاوانبار. ئەو مێردمنداڵانە ھەمان مافی راگیراوانی دیکەیان ھەیە وەک بوونی پارێزەر، بەڵام ئەگەر نەیتوانی ئەوا لەسەر دادگا پێویستە پارێزەری بۆ دابین بکات و لەم رووەوە رێکخراوی یونیسێف بەم دواییە پارێزەرێکی راسپاردووە بۆ بەدواداچوونی کەیسەکانی راگیراوان لە چاکسازی ھەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکان ھاوکارییەکی زۆری ئەو پارێزەرە دەکەن و بەم دواییە شەش لە گیراوان لە رێگای پارێزەرەکەوە ئازادکراون، ھەروەھا دەتوانن پەیوەندیی بە کەسوکاریانەوە بکەن بە شێوەیەکی ئاسایی".

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.