Erbil 26°C شەممە 28 ئەیلوول 02:24

د. عبداللەمەلا سەعید: مامۆستایانی ئایینی هەوڵی تەواویان داوە لە پێناو سەلامەتی هاووڵاتیان

لەسەرەتای پەیدابوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا
کوردستان TV
100%

سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، ژمارەی ئەو مامۆستا ئاینییانە ئاشكرا دەكات كە تووشی كۆرۆنا بوون، رایگه‌یاند: چوار مامۆستای ئاینی بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە.

بە پێی دوایین ئامارەکانی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، تا ئێستا لە ناو زانایانی ئایینی 30 یان تووشی نەخۆشیەکە هاتوون و لەناو ئەو رێژەیەش چوار زانای ئایینی گیانیان لەدەست داوە.

لەو بارەوە بەرێز د. عبدالله مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە ماڵپه‌ری (زانایان)ی راگەیاند:  لەسەرەتای پەیدابوونی نەخۆشی کۆرۆنا ئێمە هەوڵی تەواومان داوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی گشتی هاوکارو هەماهەنگ بین لە پرۆسەی خۆپارێزی لەو ڤایرۆسەو گرتنەبەری رێکاری پێویست لەو بارەوە، بۆ ئەو مەبەستەش هەم رێکارە شەرعیەکانی خۆپارێزی و روونکردنەوەی بابەتە شەرعیەکانی پەیوەست بەو بوارەمان دیاری کردووە، هەمیشه‌ پاڵپشت و هاوکاربووین لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بۆ هاوڵاتیان سەبارەت بە رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی.

سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: دەتوانم بڵێم زانایانی ئایینی پاڵپشتی و هاوکاریەکی گەورەیان ئەنجامداوە لە پێناو سەلامەتی هاووڵاتیان و پابەندی و جێبەجێ کردنی بریارەکان، هەر ئەوەش هۆکار بووە مامۆستایانی ئایینی ملکەچی داخستنی مزگەوتەکان بوونە، چونکە لە تێروانینی ئەوان و تێگەیشتنیان بۆ مەقاسیدی شەریعەت سەلامەتی گیانی هاووڵاتیان لەسەرو  هەموو شتێکەوە بووە.

سەبارەت بە رێژەی تووشبووان لەناو زانایانی ئایینی سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتی: تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان 30 زانایای ئایینی تووشی کۆرۆنا بوونەو بەداخەوە لەناو ئەو رێژەیەش چوار مامۆستای ئایینی بەو هۆیەوە گیانیان لەدەست داوە، هەرچەند سەلامەتی هەموو هاووڵاتیەک بەلای ئێمەوە گرنگە، بەڵام بە حوکمی کاری پیشەیی بەردەوام رەچاوی تەندروستی زانایانی ئایینی دەکەین.

سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: ئێمە وەکو یەکێتی زانایان بەردەوام لە پەیوەندی دابووینە لەگەڵ ئەو مامۆستا بەرێزانەی تووشی کۆرۆنا بوونەو چاودێری دۆخی تەندروستی و ئاماری تووشبووانمان کردووە.

 

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.