Erbil 15°C یەکشەممە 19 ئایار 08:08

ڕاگەیه‌ندراوێک لە پارێزگای هەولێره‌وه‌ لە بارەی سووتانی بازاڕی قەیسەریی

کوردستان TV
100%


پارێزگای هه‌ولێر ڕاگه‌یه‌ندراوێكی له‌ باره‌ی سووتانی بازاڕی قه‌یسه‌ریی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی پارێزگای هه‌ولێردا هاتووه‌، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو 2024.5.5، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر کەوتەوە، دەمودەست تیمەکانی (بەرگریی شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، زێڕەڤانی، هاتووچۆ، تەندروستی، شارەوانی) گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و بە هەوڵى ئەفسەر و کارمەندانی بەرگریی شارستانی توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵبکرێت، دواى کۆنتڕۆڵکردنى ئاگرەکە لیژنەیەکى تایبەت بە خەمڵاندنى زیانەکان پێکهێنرا و بەپێى دواین ئامار لە کۆی زیاتر لە (4000) دوکان، (227) دوکان و (7) کۆگایى بچووکى بازاڕەکە سووتان و زیانیان پێگەیشتووە، ئەمڕۆش دوای خەمڵاندنی زەر و زیانەکان دەست بە پاککردنەوەى تەواوی بازاڕەکە کراوە.


پارێزگای هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، سوپاس بۆ "خودا" لە ڕوودانی ئەو کارەساتە، جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە، بەڵام بەداخەوە بە هۆى قەرەباڵغێەکى زۆرى هاوڵاتییان لە شوێنى ڕووداوەکە، (132) کەس لە ئەفەسەر و کارمەندانی بەرگری شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، کاسبکار و هاوڵاتی، بریندار بوون و بەشێکیشیان بە هۆی دوکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێکچوو، و هەرزوو لە لایەن تیمەکانی تەندروستی لە شوێنی ڕووداوەکە (117) كەسيان چارەسەرکران و (15) كەسى تريشان کە پێویست بوون گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەى فریاکەوتن و چارەسەری پێویستیان بۆ وەرگیرا.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی پارێزگای هه‌ولێردا هاتووه‌، وێڕای دەستخۆشیمان لە تیمەکانی (بەرگری شارستانی، پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، هاتووچۆ، تەندروستی، شارەوانی، قائیمقامیەتى ناوەندى، پۆلیسى شارەوانى، قەیرانەکانى پارێزگا، دەزگاى خێرخوازى بارزانى، ژینگە پارێزى) لە بەرامبەر هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و بە هاناوەچوونی دوکاندار و زیانلێکەوتووانى بازاڕکە، هاوڵاتییانی شارى هەولێر دڵنیا دەکەینەوە، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە و خەمڵاندنى قەبارەی زیانە ماددییەکان پێکهێنراوە و لەو نزیکانە دەرەنجامەکانى ئاشکرا دەکرێت.

 

 

شوان عه‌زیز
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.