لە هەڵبژاردنەكانی عێراقدا 24 ملیۆن هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە

تا ئێستا 205 قەوارەی سیاسی ناوی خۆیان تۆماركردووە 

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادنەكانی عێراق، به‌ شێوه‌یه‌كى نافه‌رمى ڕایگەیاند کە لە هەڵبژاردنەكانی مانگی ئایاری داهاتوودا بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، 205 قەوارەی سیاسی تۆماركراون و 24 ملیۆن هاووڵاتیش مافی دەنگدانیان هەیە.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادنەكانی عێراق سەرقاڵی دواین ئامادەكارییەكانی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاكانە.

جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادنەكانی عێراق، ڕزگار حەمە محێدین لە بارەی ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە به‌ ئاژانسی "ئانادۆڵو" راِگه‌یاندووه‌: "وەك كۆمسیۆن ئامادەكارییەكانمان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق دەستپێكردووە و دوێنێ پێنجشه‌ممه، دوا وادەی تۆماركردنی هاوپەیمانێتییەكان بوو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران، تا ئێستا 205 قەوارەی سیاسی ناوی خۆی تۆماركردووە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن".

بەرپرسەكەی كۆمیسیۆن ئه‌وه‌شى ئاشكرا كردووه‌، کە لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا، 24 ملیۆن دەنگدەر لە ته‌واوى عێراقدا مافی بەشداریكردنی دەنگدانی هەیە، لەو ژمارەیەش  سێ‌ ملیۆن و 700 كەسیان یەكەمجارە بەشداری دەنگدان دەكەن.