‌مه‌لا به‌ختیار: هه‌ر وڵاتێك توشی غروری سه‌ربازی بوبێت، هه‌ره‌سی هێناوه‌

لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی (ی.ن.ك)

ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی، له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی مه‌ڵبه‌ندی خانه‌قین كۆبووه‌وه‌ و جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت كه‌ركووك خاڵی وه‌رچه‌خان و میحوه‌ر بێ بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ته‌عریبی نوێی تایه‌یفی و مافی سیاسی و دیموكراسی، لە کۆبونەوەکەشدا مەلا بەختیار رایگەیاند هه‌ر وڵاتێك توشی غروری سه‌ربازی بوبێت، هه‌ره‌سی هێناوه‌.

مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی، له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی مه‌ڵبه‌ندی خانه‌قین، كۆبووه‌وه‌ و دۆخی كوردستان، عیراق، ناوچه‌كه‌ و ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی روونكرده‌وه‌، كه‌ به‌هۆی كاریگه‌ری هاوكێشه‌ و ئاڵوگۆڕه‌ نوێیه‌كان له‌ناوچه‌كه‌، دۆخی ناوخۆی عیراق به‌گشتی و كوردستان به‌تایبه‌تی به‌دۆخێكی ناجێگریدا تێده‌په‌ڕێ و تیایدا ته‌ئكیدیشیان كرده‌وه‌، كه‌: ده‌بێ هه‌مووان پێكه‌وه‌ رووبه‌ڕووی ته‌عریبی نوێی تائیفی له‌ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ببینه‌وه‌.

مه‌لا به‌ختیار، مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر دۆخی كه‌ركووك و خانه‌قینی به‌وردی رونكرده‌وه‌و ئاماژه‌ی به‌و پلانه‌ مه‌ترسیدارانه‌ كرد، كه‌ بۆ ناوچه‌كه‌ داڕێژرابوو، دۆخی ئارام و ئاسایشی خانه‌قین و گه‌رمه‌سێری به‌گرنگ ناوبردو وتی: خانه‌قین به‌ته‌حه‌دا نا، به‌ڵكو به‌ به‌رنامه‌رێژی و به‌عه‌قڵی ورد پارێزرا، كه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی به‌ر به‌ مه‌ترسییه‌كان بگیرێت و ئاسایش و ئارامی پارێزراو بێت.

له‌به‌شێكی تری وته‌كانیدا، مه‌لا به‌ختیار، ئاماژه‌ی به‌ هه‌لومه‌رجی ناوچه‌كه‌و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كردو به‌هه‌لومه‌رجێكی شێواوی ناوبردو گوتی: غروری عه‌سكه‌ری بۆ هیچ كه‌سێك ناچێته‌ سه‌رو له‌مێژووشدا روونه‌، هه‌ر وڵاتێك تووشی غروری عه‌سكه‌ری بوبێت، هه‌ره‌سی هێناوه‌.