75 زیندانیكراوی چاكسازی گەورانی زركا لە شاری دهۆك ئازاد كران

ئازادكردنی زیندانیان بەردەوام دەبێت

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 75 زیندانی لە چاكسازی گەورانی دهۆك بە لێبوردنی گشتی ئازاد كران  و بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی چاكسازیەكەیش رایدەگەیەنێت، كە ئازادكردنی زیندانیان بەردەوام دەبێت.

عیرفان بەرواری، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی چاكسازیی گەورانی زركا لە شاری دهۆك  رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ و بەپێی یاسای پەسەندكراوی لێبوردنی گشتی لە پەرلەمانی كوردستانەوە، 75 زیندانیكراوی چاكسازی گەورانی زركا لە شاری دهۆك ئازاد كران.

زیاتر گوتی، پێداچوونەوەی زیاتر لەسەر دوسییەكانی زیندانی كراوان دەكرێت و بەم زووانە ئازادكردنى چەندان زیندانی تر لە چاكسازی گەورانی زركا لە شاری دهۆك بەردەوام دەبێت ، كە لیژنەیەكی لێبوردنی گشتی بۆى  پێكهێنراوە.

ماوەی چەند رۆژی رابردوو پەرلەمانی كوردستانی یاسای لێبوردنی گشتی پەسەند كرد، كە لە 15 بڕگە پێكهاتبوون و بەشێك لە تاوانەكان سزاكانیان كەم كرایەوە، لەوانە سزای لە سێدارەدان بۆ زیندانی 15 ساڵ كەم كرایەوە، بەڵام تاوانەكانی تیرۆر و كوشتن و تاوانی شەرەف و هەندێك تاوانی تر لەو یاسایە بەدەركراون.