بوددجه‌ی به‌رێوه‌چوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دیاری ده‌كرێ

زۆربه‌ی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌یه‌

به‌رپرسی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردن له‌ ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی له‌ سلێمانی، رایده‌گه‌ێنێ، زۆربه‌ی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌یه‌ و ته‌نها دیاریكردنی بوودجه‌ی پرۆسه‌كه‌ ماوه‌، بۆیه‌ ده‌توانرێت له‌ماوه‌ی سێ‌ مانگدا واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ دیاری بكرێت.

رزگار ئه‌ژی ، به‌رپرسی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردن له‌ ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ سلێمانی، رایگه‌یاند: پێویست بوو هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كاتێكی زووتردا ئه‌نجام بدرایه‌ و ناكرێت چیتر به‌و شێوه‌یه‌ درێژه‌ به‌ دۆخه‌كه‌ بده‌ین كه‌ په‌رله‌مان و حكوومه‌ت به‌و حاڵه‌ته‌وه‌ بن و كۆمه‌ڵێك كێشه‌ و قه‌یران هه‌ریه‌ك بیخاته‌ ئه‌ستۆی ئه‌وی تره‌وه‌، كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ ده‌ستوور نییه‌ كه‌ واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان دیاری بكات له‌ هه‌رێمی كوردستان.

گوتیشی: كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان مه‌به‌ستیانه‌ له‌و واده‌یه‌ی دیاریان كردووه‌ ئاماده‌كاری خۆیان بكه‌ن، زۆربه‌ی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌یه‌ و ته‌نها دیاریكردنی بوودجه‌ی پرۆسه‌كه‌ ماوه‌، بۆیه‌ ده‌توانرێت له‌ماوه‌ی سێ‌ مانگدا واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ دیاری بكرێت.

ئه‌ژی ، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی به‌هه‌مان شێوه‌ی لایه‌نه‌كانی تر تێبینی له‌سه‌ر تۆماری ده‌نگه‌كان هه‌یه‌ و پێیان وایه‌ تۆماره‌كه‌ هه‌ڵه‌ی زۆری تێدایه‌ و له‌سه‌ر بنه‌مای فۆڕمی به‌شه‌ خۆراكی هاووڵاتیان دانراوه‌ و زۆر ناوی هه‌ڵه‌ و وه‌همی تێدایه‌.

هه‌روه‌ها رزگار ئه‌ژی گوتی، پارتی دیموكراتی كوردستان سیسته‌می فره‌ بازنه‌یی به‌لاوه‌ باش نییه‌ و داوای سیسته‌می یه‌ك بازنه‌یی ده‌كه‌ن بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌پێناو ئه‌وه‌ی ده‌نگی حزبه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ جیاجیاكاندا به‌فیڕۆ نه‌چێت.