په‌رله‌مانتارێكی یه‌كگرتوو: ئه‌وه‌ی ئێران ئه‌نجامی ده‌دات پیلانگێڕی هه‌رێمییه‌

قاسم سلێمانی سه‌رپه‌رشتی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كردووه‌

په‌رله‌مانتارێكی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان رایده‌گه‌ێنێ، ئه‌وانه‌ی هێرشیان بۆ سه‌ر كه‌ركووك و ناوچه‌ دابرێندراوه‌كان كرد، ته‌نها سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی نه‌بوون، به‌ڵكو سوپای پاسدارانی ئێرانیشیان له‌گه‌ڵدا بوو و قاسم سلێمانیش سه‌رپه‌رشتی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كردووه‌.

كه‌نعان نجم الدین ئه‌حمد، ناسراو به‌ حاجی كاروان، ئه‌ندامی لێژنه‌ی مادده‌ی ١٤٠ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ ئانادۆڵوی راگه‌یاندووه‌: ئه‌وه‌ی ئێران به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ئه‌نجامی ده‌دات پیلانگێڕی هه‌رێمییه‌، ئه‌وه‌ی هێرشی بۆ سه‌ر كه‌ركووك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان كردووه‌ ته‌نها سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی نه‌بوو، به‌ڵكو سوپای پاسدارانی ئێرانیشیان له‌گه‌ڵدا و قاسم سلێمانی سه‌رپه‌رشتی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كردووه‌، ئامانج لێی پاكتاوكردنی نه‌ته‌وه‌ی كورد و له‌ ناوبردنی مه‌زهه‌بی سوننه‌یه‌ له‌ عێراق .

هه‌روه‌ها گوتی: ده‌یانه‌وێ دیموگرافی ته‌واوی ناوچه‌كه‌ بگۆڕن و له‌ ئێستاشدا ده‌ستیان كردووه‌ به‌ گۆڕینی دیموگرافی چه‌ند ناوچه‌یه‌ك له‌بری ئه‌وه‌ی هاووڵاتییانی كورد، توركمان و سوننه‌ له‌ شوێنی خۆیان بمێننه‌وه‌ ،هاووڵاتییانی شیعه‌یان هێناوه‌ته‌ بۆ ناوچه‌كه‌.

گوتیشی: ئامرلی شارێكی توركماننشینه‌، له‌گه‌ڵ سلێمان به‌گ كردوویانه‌ به‌یه‌ك شار و هاووڵاتییانی شیعه‌ مه‌زهه‌بییان لێ نیشته‌جێكردووه‌، هه‌وڵێكی زۆریش ده‌درێت بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌یان بۆ سه‌قامگیر بكرێن، هه‌ڕه‌شه‌ش له‌ سوننه‌كان ده‌كه‌ن نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان.

ئاماده‌كردنی: رزگار