وه‌زاره‌تی دارایی وردبینی له‌ لیستی مووچه‌ی مانگی نۆی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ تەواو كرد

هەفتەی داهاتوو خشتەی دابەشکردنی مووچە رادەگەیەندرێت

سەرچاوەیەک لە دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابووری راگه‌یاند: ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی كانوونی یه‌كه‌می 2017، لە وەزارەتی دارایی، وردبینیکردنی تەواو لە لیستی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگەدا کرا کە هەموو مانگێک بەو شێوەیە کاری تێدا دەکرێت.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی دیوانی وه‌زاره‌تی دارایی ئەوەشی وتووه‌: "هاوشێوەی مانگەکانی پێشوو، چەند رۆژێک دوای تەواوبوونی کاری وردبینییەکە، بە بڕیاری بریکاری وەزارەتی دارایی، دابەشکردنی مووچەی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وتیشی: "هەفتەی داهاتوو خشتەی دابەشکردنی مووچە رادەگەیەندرێت و سەرەتا وەزارەتی پێشمەرگە مووچەی مانگی 9ی پێدەدرێت".

رۆژی 17ی تشرینی یه‌كه‌می 2017، وه‌زاره‌تی دارایی ده‌ستی به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی ئابی ئه‌مساڵی فه‌رمانبه‌ران كرد و بۆ رۆژانی دواییش وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌و سه‌رۆكایه‌تییه‌كان وه‌ریان گرت، هاوكات تا كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش مووچه‌ی خانه‌نشینانی پێشمه‌رگه‌و شارستانی ته‌واو بكرێت.