گوته‌بێژی لیوایه‌كی حه‌شدی شه‌عبی: بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر كه‌ركوك چاوه‌ڕوانی فه‌رمانی عه‌بادی ده‌كه‌ین

عه‌بادی پێنج هێزی چه‌كداری راسپاردووه‌

گوته‌بێژی لیوای 40ی كه‌تیبه‌كانی ئیمام عه‌لی سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبی، رایده‌گه‌ێنێت، عه‌بادی پێنج هێزی چه‌كداری راسپاردووه‌ ،بۆ ئه‌وه‌ی هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر كه‌ركوك و له‌ هه‌ر چركه‌ساتێكیشدا فه‌رمان بكرێت، هێرشه‌كه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن.

ئه‌بو عیزرائیل ، گوته‌بێژی لیوای 40ی كه‌تیبه‌كانی ئیمام عه‌لی سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبی ، به‌ رووداوی راگه‌یاندووه‌: له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا به‌ سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان له‌ ناوچه‌ی سه‌وز كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ باڵا سه‌ربازیی و ئه‌منییه‌كان كراوه‌و تێیدا عه‌بادی فه‌رمانیداوه‌ به‌ ئاماده‌كردنی پێنج  هێز له‌ حه‌شدی شه‌عبی، هێزی ئاڵتونی، پۆلیسی فیدراڵی و سوپای عێراقی، به‌مه‌به‌ستی بڵاوبوونه‌وه‌ و هێرشكردنه‌سه‌ر ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان، به‌تایبه‌تی كه‌ركووك.

گوتیشی:  ئێستا هه‌موو هێزه‌كان له‌و په‌ڕی ئاماده‌باشیدان، كه‌وتوونه‌ته‌ حاڵه‌تی ئاماده‌به‌شی (ج)ی سه‌ربازی و چاوه‌ڕێی فه‌رمانی سه‌رووی خۆیانن له‌ هه‌ر چركه‌ساتێكدا فه‌رمان بكرێت، هێرشه‌كه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن و له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان بڵاوده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نایانه‌وێت شه‌ڕی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و كورد بكه‌ن.

 

كوردستان تیڤی: رزگار تاهیر